ناکۆکییەکی نەبوو!
ئاسۆ مینبەری
هەموو ئاماژەکان پێ دەڵێن کۆماری ئیسلامی لە زۆر بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، بەتایبەت فەرهەنگی و پەروەردەییدا تووشی شکست بووە، ئەم شکستە ئەگەرچی بۆ کۆماری ئیسلامی لە ئاستی دەرەکیدا زۆر ئەتوانێ جێگای باس بێت بەڵام نابێ لە بیری بکەین شکستی ڕێژیم لە نێوخۆ و لەو خەڵکەی دەیان ساڵە بە خەڵکی خۆی ناویان دەبات، زۆر قوورستر و کاریگەرتر بووە، بە جۆرێک کە بەپێچەوانەی ڕابردوو، هیچ هەوڵێکی ئەم ڕێژیمە ناتوانێ خەڵک چاوترسێن و لە خواستەکانیان پاشگەزیان بکاتەوە.
یەکێک لەم پرسانە کە لە نێوخۆوە ڕێژیم پێی دۆشداماوە، پرسی حیجابی زۆرەملێیە. ڕێژیم لەم دواییانەدا جارێکی دیکە گەڵاڵەیاسای ناسراو بە "حیجاب و عیفاف"ی لە بەرەبەری دووهەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و دەسپێکی بزووتنەوەی ژینادا لە ڕێگەی شوڕای نیگەهبانەوە پەسەند کرد و بڕیارە لە دەوڵەتی پزشکییاندا جێبەجێ بکرێت کە لە کۆتاییدا، لە ڕۆژی ١٠ی سەرماوەزی ئەمساڵدا لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە، دەقی گەڵاڵەکە بڵاو کرایەوە.
ئەم دەقە یاساییە، لە ٥ بەش پێک هاتووە کە ٧٠ بڕگە و ٣٨ تێبینیی لەخۆ گرتوە و بەم شێوەیە باس لە حیجابی دڵخوازی دەسەڵات، بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم یاسایە و سزا دیاریکراوەکان کراوە.
لە بەشێک لەم یاسایەدا جیا لە دیاریکردنی چوارچێوەی حیجابی دڵخوازی ڕێژیم، باس لەوە کراوە کە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ هەتا ١٦٥ میلیۆن تمەن سزای نەختیشی لەگەڵ دەبێت. باسکردن لەم بەشە لە یاساکە کە ئاماژە بە سزای نەختی دەکا، لە ڕاستیدا بە مەبەستی ترساندنی خەڵکە کە لەم دۆخە ئابوورییە نالەبارەدا ڕێژیم پێی وایە دەتوانێ وەکوو کارتێکی گوشار بۆ سەر تاکەکانی کۆمەڵگە کەڵكی لێ وەربگرێت، بەڵام خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی وردەکارییەکانی ئەم یاسایە، دەوڵەت باسی لەوە کرد کە بەرهەمهێنانی چارشێوی ڕەش و مەقنەعە ئەچێتە بواری چالاکییە فەرهەنگییەکانەوە و ئێمتیازیشی بۆ دیاری دەکرێ. ئەمە بەو مانایەیە کە ڕێژیم دەیەوێ بە تەماح وەبەرنان و لەلایەکی تریشەوە بە ترساندنی خەڵک بە سزادانی نەختی ئەم پرسە بە ئاکامی دڵخوازی خۆی بگەیێنێ کە بێگومان بۆی جێبەجێ نابێت.
بابەتێکی دیکە کە سەرنجڕاکێشە ئەوەیە دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکار و بەناو دادوەری لەسەر ئەم بابەتە ناکۆکییان هەیە و هەرکامەیان بە جۆرێک باسی ئەم پرسە دەکەن.
پاش دیاریکردنی ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی یاسای حیجاب و عیفاف لەلایەن محەممەدباقر قاڵیباف سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم و ڕەزامەندیی ناوبراو و هەروەها پشتیوانییەکانی غولامحوسێن موحسێنی ئێژەیی سەرۆکی دەسەڵاتی بەناو دادوەریی ڕیژیم لەم یاسایە، مەسعوود پزشکییان باسی لە نائامادەبوونی دەوڵەتەکەی و لایەنەکانی ژێردەستی دەسەڵاتی جێبەجێکار بۆ بەڕێوەبردنی یاساکە کرد.
پزشکیان لە وتووێژێکی تەلەڤزیۆنیدا سەبارەت بە پەسەندکردن و واژۆی یاسای حیجاب گوتی: "بابەتەکە باسی زۆری لە سەرە کە هێشتا چارەسەر نەکراوە و لە بواری جێبەجێکردنەوە پرسیارگەلێکی زۆری بۆ دەوڵەت دروست کردوە. ئەو هەروەها ئاماژەی بە ئامادەنەبوونی سیستمی ئیداریی دەوڵەت بۆ جێبەجێکردنی یاساکە کرد و گوتی ئەگەر یاسایەک بە باشی بەڕیوە نەچێت دۆخەکە خراپتر دەکات. موحسێنی ئێژەییش پێشتر لە دانیشتنی هاوبەشی دەسەڵاتی یاسادانان و مەجلیسی ڕێژیم جەختی لە سەر ئەوە کردبۆوە کە دۆخی ئێستای حیجاب لە کۆمەڵگە دڵخواز نییە و دەبێ چارەسەر بکرێت. قاڵیبافیش حیجابی ژنانی بە بابەتێکی شەرعی و یاسایی لە قەڵەم دا و جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە هەر سێ دەسەڵاتی ڕێژیم دەبێت پشتیوانی لە یاساکە بکەن و گوتی بە هیچ شێوازێک ڕوانینی دەسەڵاتەکان و دامودەزگاکان نابێت لە بابەتی حیجابدا جیاواز بێت و جەختیشی کردەوە کە ئەگەر کەسێک بیهەوێت لەم بابەتەدا دووجەمسەری دروست بکات بەو مانایە کە بەرژەوەندیی ئایینی و سیاسیی وڵاتی ناوێت!
لە ڕاستیدا ئەم ناکۆکییەی بەرپرسانی ڕێژیم لەسەر خودی پرسی حیجابەکە نییە، چونکە ئەوان لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتەدا، گوێڕایەڵی بڕیاراتی گشتین و پرسی حیجابیش کە گرینگییەکەی لای کۆماری ئیسلامی و ئیدئۆلۆژیی ئەم دەسەڵاتە ڕوون و ئاشکرایە و بێگومان هەموو دامودەزگاکان و بەرپرسانی ئەم ڕێژیمەش لەم پێناوەدا هەنگاو هەڵدەگرن. بۆیە ئەم ناکۆکییە ڕاست نییە. لەلایەکەوە هێزەکانی بەناو دادوەری و یاسادانان پێداگری لەسەر ڕەچاوکردنی ئەم یاسایە دەکەنەوە و لەلایەکی دیکەوە بەشی جێبەجێکار دەڵێ لەگەڵی نیم.
هەر لەو کاتەوە کە پزشکییان هاتە سەر کار زۆر کەس گوتیان کە ئەمە سەرۆککۆماری قەیرانەکانە و ڕێژیم دەیهەوێ بە دانانی پزشکییان هەندێ ڕوانگەی گشتی بگۆڕێ، وەک ئەوەی کە ئیدعای کوردبوون دەکات و ئەوە لە مێژووی ئێراندا دەگمەنە کە کوردێک ببێتە سەرۆککۆمار و ئەوە ئێستاش هەر ئەو سەرۆککۆمارە ڕێفۆرمخوازە، دەڵێ لەگەڵ یاسای حیجاب و عیفاف نیم و وای دەنوێنێ کە وەکوو سەرۆککۆمارێکی خەڵکی، بەرەی خەڵکی هەڵبژاردوە!
لە لایەکی تریشەوە بە دیاریکردنی ئەو سزا نەختییەش خەڵک دژی خەڵک هان دەدرێن و دەسەڵاتیش لە سەرەوە لە جیاتی جێبەجێکاری یاساکە دەبێتە بینەری جێبەجێکرانی لەلایەن خودی خەڵکەوە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بەبێ پرسی حیجاب، ئیتر کۆماری ئیسلامی نییە! کەوابوو هەموو هەوڵەکان لە کۆتاییدا بۆ ئەوەن کە پرسی حیجاب جێبەجێ بکرێ جا بە هەر نرخێک بێت.
ئەگەر پزشکیان ئێستا وای نیشان دەدات دژی ئەم یاسایەیە یان نایهەوێت جێبەجێی بکات، ئەوە بێگومان خوێندنەوەیەک بۆ ئەم بابەتە کراوە و لە کۆتاییدا ئەرکی هەموو دامودەزگاکانی ڕێژیم جێبەجێکردنی ئەم یاسایە دەبێت و ئەمەش بە مانای سەرکوتی زیاتر و هاوکاتیش بەرخودانی چالاکانەتری خەڵکانی ئێران دژی ئەم بڕیارەیە.