ڕۆژی ئەرک و وەرزی ئەمەگ
شەماڵ تەرغیبی
لە مێژووی جووڵانەوە و خەباتی پڕ لە هەوراز و نشێوی نەتەوەکەماندا بە گشتی و خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەتایبەتی، بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانی گەل و دابینبوونی مافی نەتەوایەتی و دێموکراسی لە کوردستان، ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆڵەکانی کورد لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتدا لە شەڕ دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەتوندی بریندار بوون و بەشێک لە جەستەیان پێشکەش بە ئازادیی گەل و نیشتمانەکەیان کردوە.
لە خەباتی بێوچانی حیزبی دێموکراتدا کەم نین ئەوانەی بەشێک لە جەستەیان لەدەست داوە، یا زامی قورسیان هەڵگرتوە کە وەک هێمای فیداکاری و گیانبازی دەناسرێن و دەتوانین بڵیین سەرباری زامە قووڵەکانیان هێشتا بە ئیمانەوە لە سەنگەری ئازادیخوازیدا ماونەتەوە و بە شانازییەوە باس لە ڕابردووی تێکۆشانیان دەکەن و نەک لە دانی نرخە قورسەکەی خەبات پەشیمان نین، بەڵکوو پتەوتر لە ڕابردوو لەو سەنگەرەدا ماونەتەوە و هیوا دەبەخشنەوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ دەربڕینی ئەمەگناسی و ڕێزگرتن لە تێکۆشانی هەموو ئەو تێکۆشەرانەی لە ڕەوتی خەبات و تێکۆشان لەپێناو ئامانجەکانی نەتەوەی کورد و لە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، چ بەشێوەی تێرۆر، پیلانی جۆراوجۆری جینایەتکارانی ڕێژیم، یا لە سەنگەری بەرگری بەرانبەر بە نەیارانی کورددا ئەندامێک یا چەند ئەندامی جەستەیان لەدەست داوە و لەگەڵ ژیانی کەمئەندامی بەرەوڕوو بوون، بەڵام کەمئەندامبوون نەیتوانیوە بەربەست بێ لە درێژەدان بە تێکۆشان و تەنانەت بیروباوەڕی ئازادیخوازانەیان پتەوتر و ئیرادەیان لێبڕاوانەتر بووە، ڕۆژێکی وەک ڕۆژی کەمئەندامانی حیزب دیاری کرد.
ڕۆژی ١٣ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی وەک ڕۆژی کەمئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دیاری کرد. ڕۆژێک کە لەودا هاوڕێی تێکۆشەر و ماندوویینەناس، پێشمەرگە و فەرماندەی ڕۆژانی سەختی خەبات کاک حەسەن شیوەسەڵی لە ١٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی و لە پیلانێکی داڕێژراوی ڕێژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی ئێراندا تیرۆر کرا و هەر دوو دەست و هەر دوو چاویشی لەدەست دا.
دیاریکردنی ڕۆژی ١٦ی سەرماوەز وەک ڕۆژی کەمئەندامانی حیزبی دێموکرات، ڕێزلێنان و ئەمەگناسییە بۆ هەموو ئەو تێکۆشەرە خۆنەویستانەی کە بەشێک لە جەستەیان لە پێناو مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد لەدەست داوە. کەمئەندامانی حیزبی دێموکرات لە ڕیزی خۆشەویستترین ڕۆڵەکانی کوردستانن کە لە پێناو بە سەرکەوتن گەیاندنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد و بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دێمۆکراتیک کەوتنە بەر تیغ و تیر و تێرۆری جینایەتکارانی ڕێژیم و بەشێک یان چەند ئەندامی جەستەیان لەدەست داوە.
ڕۆژی ١٦ی سەرماوەز، هەروەها یادی ئەو هاوڕێیانەمانە کە لە چاڵەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی تەنیا بە تاوانی حەقبێژی و حەقخوازی لە ژێر قورسترین ئازار و ئەشکەنجەی ڕێژیمی جینایەتکاری ئیسلامی ئێران تووشی کەمئەندامی بوون.
دوژمنانی حیزب و نەتەوەکەمان بە بریندارکردنی جەستەی پێشمەرگە و تێکۆشەرانی کوردستان قەت نەیانتوانیوە و ناشتوانن ئیرادەی پۆڵایینی ئەوان بەچۆکدا بێنن، بێشک کەمئەندامانی حیزب چ ئەوانەی ئێستاش لە ڕیزی پێشمەرگایەتیدا ماون و چ ئەوانەی لە تاراوگە و لە نێوخۆی وڵاتدا دەژین، ئێستاش کۆڵەکەی ڕاپەراندنی کار و چالاکییەکانی حیزبەکەمانن.
هەر بۆیەش گەلی کورد و تێکۆشەرانی کوردستان هەمیشە وەکوو ئەرکێکی نیشتمانی بە چاوی ڕێز و ئەمەگناسییەوە دەڕواننە ئەو کەسانە کە لە پێناو مافی نەتەوایەتی و دادپەروەری و ئازادیدا کەوتوونەتە بەر پەلاماری دڕندانەی داگیرکەرە تێرۆریستەکانی کوردستان و لەو پێناوەدا چەند ئەندامی جەستەیان بە بارەگای ئازادی و مافی نەتەوایەتی کورد بەخشیوە.
کەمئەندامان ڕاستە لە ژیاندا ماون بەڵام لەگەڵ ژان و ئازار و نەهامەتییەک هەڵدەکەن کە ڕەنگە ڕۆژانە دەردی نزیک لە مەرگ و شەهیدبوون بچێژن و سەرلەنوێ بۆ ژیانی پڕ ژانی کەمئەندامەتی تێهەڵچنەوە؛ بۆیە لەم پێناوەدا پێڕاگەیشتن بە بنەماڵە و جگەرگۆشەکانی کەمئەندامان نەک هەر ئەرکێکی نیشتمانییە بەڵکوو ئەرکێکی ئینسانی و ئەخلاقی هاوسەنگەران و هاوبیران و هاوئامانج و تێکڕای خەڵکی کوردستانە، ڕاستە ئەو ئەرکانە لە پێشدا بەرەوڕووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەبێتەوە کە خاوەندارەتی شەهیدان و کەمئەندامانی دەکا؛ بەڵام مادام ئەرکەکە ئەرکێکی نیشتمانی- ئینسانی و ئەخلاقی و شۆڕشگێڕییە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە دەگرێتەوە. ئەوەش بەزەیی نییە چوونکە کەمئەندامان لەوە گەورەترن ئێمەمانان بەزەییمان پێیان دابێ بەڵکوو ئەوان فیداکار و جەستەبەخش و قارەمانانی نەتەوەکەمانن کە هەموو لایەکمان دەبێ دەرسی باوەڕمەندی و فیداکارییان لێ فێربین و لە هەمان کاتدا ئەرکە نیشتمانی – ئینسانی، ئەخلاقی و شۆڕشگێڕانەمان بەجێ بێنین و ئەمەگناسیمان بەرانبەریان دەربڕین.
کاتی ئەوەیە سەرلەنوێ بەڵێنییەکانمان بەرانبەریان نوێ کەینەوە و پێیان بڵێین ئێوە بۆ ئێمە نموونەی فیداکارین، ورەی بەرز و باوەڕی پتەوتان هاندەری بڕینی ڕێگای دژوار و پڕ هەوراز و نشێوی گەیشتن بە ئامانجمانە و جێگاتان لە گۆڕەپانی خەبات، دیار و بیرتان ڕێنوێنی ڕێگامانە.