کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ٧٩ ساڵ بەر لەئێستاوە

00:55 - 20 بەفرانبار 2724

لە ٧٩ ساڵ بەر لەئێستاوە

عەلی بداغی

بە چاپ و بڵاوبوونەوەی ژمارە ٨٨٦ی "کوردستان"، ئەم ڕۆژنامەیە پێی نایە هەشتاهەمین ساڵی لەدایکبوون، دەرچوون و هەروەها بڵاوبوونەوەی بەردەوامی هەتا ئێستا. ڕۆژی ٢٠ بەفرانباری ١٣٢٤ی هەتاوی ڕۆژنامەی "کوردستان" لە درێژەی چەند ئەزموونێکی سەرکەوتووی ڕۆژنامەنووسیی کۆمەڵەی ژ.کاف و حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا یەکەم ژمارەی بڵاو بۆوە. "کوردستان" وەک زمانحاڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان و دواتر مینبەری مێدیایی کۆماری کوردستان لە خاڵگۆڕانی مێژوویی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پێی نایە گۆڕەپانی ژیان و خەباتەوە. قۆناغێکی زێرین کە کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان توانیبووی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ بەرەپێشبردنی ئامانجە سیاسی و نەتەوەییەکانی دابمەزرێنێ و حیزبی دێموکراتیش توانیبووی لە ماوەیەکی کورتدا کۆماری کوردستان، وەک گرینگترین دەسکەوتی سیاسی و مێژوویی بۆ کورد بەدی بێنێت. 

ئەگەر لە ماوەی ٧٩ ساڵی ڕابردوودا زۆر گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئێران و وڵاتانی دراوسێ ڕوویان داوە، زۆر دۆخ و ڕێژیمی سیاسیی جۆراوجۆر هاتوون و ڕۆیشتوون، زۆر شۆڕش و ڕاپەڕین لە ئێران و وڵاتانی دراوسێش کە کوردیان بەسەردا دابەش بووە  کراون و نیزامی سیاسیی وڵاتیان گۆڕیوە؛  "کوردستان"یش لەسەر دەستی چەند نەوە بە تایبەتمەندی و دنیابینیی جیاوازەوە هەتا ئێستاش لە ئەرک و تێکۆشان و ڕەسالەتی خۆی بەردەوام بووە.

لە یەکەم سەرنجدا ڕەنگبێ دەرچوونی ٨٨٦ ژمارە لە تازەترین خولی ڕۆژنامەی کوردستان کە لە ڕێبەندانی ١٣٤٩ی هەتاوییەوە دەستی پێ کردوە و هەتا ئێستا ٥٤ ساڵی خایاندوە، لای خوێنەر بە ئەژمار کەم بێتە بەرچاو. بەڵام بە سەرنجدان بە دۆخی سیاسیی کورد، خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات و ئەو قۆناغە سەخت و دژوارانەی ئەم حیزبە لە بەربەرەکانی دژی دوو ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی بڕیویەتی، نەک کەمیی ژمارە بڵاوبووەکان لە چاو تەمەن و ماوەی دەرچوونی ڕۆژنامەکە ڕەخنەی زۆری نایەتەوە سەر، بەڵکوو ئەوەی گرینگ و پڕبایەخ دەنوێنێ بەردەوامی، کۆڵنەدان و بەچۆکدانەهاتنی «کوردستان» و حیزبی دێموکراتە.

"کوردستان" لە ماوەی ٨ دەیەی ڕابردوودا ڕۆڵی سەرەکیی لە پێگەیاندن و بردنەسەرێی ئاستی زانیاری و وشیاریی سیاسیی ڕۆڵەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە. "کوردستان" لە هەموو قۆناغەکانی ژیانیدا بەتایبەت لەو ڕۆژە سەختانەی نەیارانی کورد بە توندی پلانیان بۆ تواندنەوەی شوناسی نەتەوەیی کورد دادەڕشت و بە هەموو توانای سەربازی و دەزگای سەرکوت و میکانیزمە ئیدارییەکان شەڕی ناسنامەی کوردیان دەکرد، مەتەرێزی لەگیران‌نەهاتووی پارێزگاری لە زمان و ئەدەبی نەتەوەی کورد بووە.

"کوردستان" نەک هەر هەڵگری باوەڕ و پەیامی سیاسیی حیزبی دێموکرات و خەباتی شوناس‌خوازیی ئەم حیزبە، بەڵکوو لە هەموو قۆناغ و بڕگەکانی ژیانیدا مینبەر و ئاڵاهەڵگری خەباتی مێدیایی کورد دژی نەیارانی ئەم نەتەوەیە بووە. "کوردستان" لەڕووی مێژووییشەوە سامانێکی نەتەوەیی دەوڵەمەندە. ئەم ڕۆژنامەیە تۆمارگەی خەبات و بەرخۆدانی گەلی کورد لە ئێران، ئاوێنەی سیاسەت و خوێندنەوەکانی حیزبی دێموکرات بەنیسبەت ڕووداو و گۆڕانکارییەکان لە کوردستان و ئێران، و هاوکات شوێنی بەدێکۆمێنت‌کردنی جینایەت و ڕەفتارە دژی‌گەلییەکانی دوو دەسەڵاتی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە کورد لە ئێران بووە.

"کوردستان" چ ئەوکات لە فەرعانە -لە سەردەمی دامەزرانی کۆماری کوردستان و چەند ساڵی یەکەمی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ١٣٥٧- و لە زێدی خۆی دەرچووبێ، چ لە تەنگانە لە قۆناغە سەختەکانی خەباتی پێشمەرگانە چاپ و بڵاو بووبێتەوە و چ ئێستا کە لە دوورخراوەییدا درێژە بە ژیان و ڕەسالەتی خۆی دەدا؛ هەموو کاتێک بەگژ پلان و پیلانەکانی ڕێژیمە ناوەندگەرانی تاران بۆ شێواندنی ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و ئێران و دروست‌کردنی قەیرانی شوناس بۆ نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا چۆتەوە.

هەروەک هەمووان دەیزانن و پێشتریش لە وتارێکدا باسم کردوە، بانگەشە و بەدواداچوون بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس و بەرجەستەکردنی بایەخمەندییە شۆڕشگێڕی و خەباتکارییەکان خسڵەتی هەمیشەیی "کوردستان" بووە. "کوردستان" ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ وەك پڕنسیپێكی ئەخلاقی و ئینسانی و جیهانگیر، و ئاوڕدانەوە لە پرسە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی لە هەموو قۆناغەکانی ژیانیدا بە ئەرک و پڕەنسیپی نەگۆڕی خۆی داناوە. بایەخدان بە ژینگە و پاراستنەکەی وەک سەرچاوەی سروشتیی زێد و بەرگری لە مافە مەدەنی و سیاسییەکان هەموو کاتێک لە ڕۆژەڤی ڕوانینەکانی "کوردستان"دا بووە. "کوردستان" قەت لە پرسی ژنان و یەکسانی ڕەکەزی خافڵ نەبووە و بەردەوام بەگژ هەڵاواردن و هەر فەرق و دووچاوەکییەکیدا چۆتەوە کە سەرچاوەکەی چ کولتوور و نەریتی کۆمەڵ یان ڕوانگە و سیاسەتی دەسەڵاتەکانی زاڵ بەسەر کوردستاندا بووبێت.

"کوردستان" لە سەردەمی تەقینەوەی زانیارییەکان و ڕکەبەریی خێرای مێدیاییدا ئەگەر لەلایەک شانازی بە ڕابردووی پڕ شانازیی خۆی دەکا و هەر لەسەر هەمان ڕێچکەکەی ٧٩ ساڵ بەر لە ئێستایە، بەڵام بە چاوی کراوەوە لە داهاتووی خۆی و ئەرکەکانی لەهەمبەر کۆمەڵگە و بزووتنەوەی سیاسیی نەتەوەکەیدا دەڕوانیت. "کوردستان" سەرەڕای هەموو تەنگ و چەڵەمەکانی سەر ڕیی ژیانی خۆی لە تاراوگە، بەڵام هەوڵ دەدا هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی خۆی، بە بایەخدان بە پرس و بابەتەکانی ڕۆژ و خوێندنەوەی واقعبینانە لە گۆڕانکارییەکان و ڕوانگەی سەردەمیانە بۆ مژار و ڕۆژەڤەکان هەروەک هەمیشەی جێگای متمانە و ڕێزی خوێنەرانی بێت.