
کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی، سیاسی و مافی مرۆڤی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا بانگکرانی ٥٨ هاووڵاتیی کوردیان بە هۆی لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی و هەڵپەڕكێ لە ڕێوڕەسمێکی شاییدا مەحکووم کرد.
لە بەیاننامەی ئەم چالاکە کوردانەدا وێڕای ڕەخنەگرن لە بانگکرانی ٥٨ هاووڵاتیی کورد بۆ دادگا هاتووە: زۆر جێگای سەرسووڕمانە کە دەربڕینی خۆشی و بەشداری لە ڕێوڕەسمێکی شایی لەگەڵ دژکردەوەی دادوەری بەرەوڕوو ببێتەوە. کام هۆکار و لۆژیک و هزر ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە نامۆ و بە دوور لە چوارچێوەی یاسایە بە ڕەوا دەزانێ.
ڕوانگەی ئەمنییەتی و دادوەری بە ڕێوڕەسمی شایی و تێگەیشتنی نادروست لە جلوبەرگی یەکدەست و یەکڕەنگی کوردی هەڵەیە و ئەمجۆرە هەڵسوکەوتانە لە دۆخی ئێستادا جیا لە قووڵکردنەوەی کەڵینەکان دەسکەوتێکی نابێ.
ئێمە ژمارەیەک لە چالاکنی مەدەنی، سیاسی و مافی مرۆیی کوردستان وێڕای جەختکردنەوە لەسەر مافی دەربڕینی خۆشی و مافی هەڵبژاردنی جلوبەرگ وەکوو سەرەتاییترین مافی مرۆڤ هەڵسوکەوتی داوەری لەگەڵ ئەم ڕێوڕەسمانە بە نەشیاو دەزانین و چاوەڕوانیمان هەیە کە لە جیاتی بەرەوڕووبوونەوەی لەم چەشنە، ڕوانینەکان لەسەر بنەمای فەرهەنگ و هزر بن و بە هەڵە لێیان تێنەگەن. بەو هیوایە کە بانگکرانی ٥٨ لاوی کورد بۆ ناوەندە دادوەرییەکان، لە ڕێرەوی دروستدا کۆتایی پێ بێت.
ڕۆژی سێشەممە ١٢ی بەفرانبار، ٥٨ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم بە پۆشینی جلی کوردی و هەڵپەڕکێ لە ڕێوڕەسمێکی شایی لە پیرانشار و بڵاوکردنەوەی بەربڵاوی ڤیدیۆکانی لە سۆشیاڵ میدیا بە بڕیاری دادستانی ڕێژیم لە پیرانشار بانگی یەکێک لە لقەکانی لێپرسینەوەی دادگای ڕێژیم لەم شارە کران و دۆسییەیان بۆ کرایەوە.