
نزیک بە ٧٠ بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەکانی ئێڤین، قزڵحەسار، تارانی گەورە و لاکانی ڕەشت لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان مەحکووم کرد.
لە بەیاننامەی ئەم بەندکراوانەدا هاتووە: لە کاتێکدا کە ڕێژیمی ئیسلامی بە بەردەوامیی سیاسەتە قەیراوناوییە نێوخۆیی و دەرەکییەکان، دۆخێکی خراپی بۆ خەڵک دروست کردووە، ڕێگەچارەی لە پەرەدان بە سەرکوتەکان لە بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگیدا دەبینێتەوە.
ئەم بەندکراوە سیاسییانە جەختیان کردووەتەوە کە کۆماری ئیسلامی نیگەرانی سەرهەڵدانی بزووتنەوەگەلێکی ناڕەزایەتییە و هەوڵ دەدات بە زۆرکردنەوەی بیوێنەی سزای لەسێدارەدان، سێبەری ترس و تۆقاندنیبخاتە سەر کۆمەڵگە. بە جۆرێک کە بە لەسێدارەدانی زیاتر لە ١٠٠ کەس، نزیکەی ٧٥ لەسەدی سزاکانی لەسێدارەدانی جیهان بۆ ساڵی ٢٠٢٤، تایبەت بە خەڵکانی ئێران بووە.
لە بەشێکی دیکەی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە سزای لەسێدارەدان نامرۆڤانە، کۆنەپەرستانە و جۆرێک قەتڵی حکوومەتییە و دەبێ بە تەواوەتی هەڵوەشێتەوە.
ئەوان وێڕای ڕاگەیاندنی پشتیوانی لە پەخشان عەزیزی، بێهرووز ئێحسانی و مێهدی حەسەنی، داوایان لە خەڵکانی ئێران، کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت ناوەندەکانی چالاکی بواری مافی مرۆڤ کردووە کە لە هەموو هێزی خۆیان بۆ ڕزگارکردنی گیانی ئەو بەندکراوە سیاسییانەی کە لەگەڵ مەترسیی لەسێدارەدان بەرەوڕوون و هەروەها بۆ هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەدان کەڵک وەربگرن.
پێویئستە ئاماژە بەوە بکرێ کە وریشە مورادی، چالاکی مەدەنیی کوردی سزادراو بە سێدارە، یەکێک لە واژۆکەرانی ئەم بەیاننامەیە.