کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦٨ ڕێکخراوی بەرگریکاری مافی مرۆڤ: سزای لەسێدارەدانی پەخشان عزیزی هەڵوەشێتەوە

12:07 - 23 بەفرانبار 2724

٦٨ ڕێکخراوی بەرگریکاری مافی مرۆڤ و مافی ژنان داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بۆ هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، یاردیدەدەری کۆمەڵایەتی و چالاکی مەدەنیی کورد، گوشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران.

ڕۆژی شەممە ٢٢ی بەفرانبار، ئەم ٦٨ ڕێکخراوە داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دەوڵەتان، ناوەند و ڕێکخراوە یاساییەکان کردووە کە بۆ پێشگرتن لە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی، چالاکی بواری مافی مرۆڤ و مافی ژنان کە سزاکەی لە دیوانی باڵای ڕێژیمدا پشتڕاست کراوەتەوە، دەسبەجێ هەوڵ بدەن.

لەم بەیاننامەیەدا وێڕای ئاماژە بەوەی کە سزای پەخشان ئەگەری جێبەجێکرانی زۆرە هاتووە کە پەخشان عەزیزی ژیانی خۆی بۆ بەرگری لە ژنانی خەسارهەڵگر و پەرەپێدەری یەکسانی لە کۆمەڵگەی خۆیدا تەرخان کردووە.

لە کۆتاییدا ئەم ڕێکخراوانە کەڵکوەرگرتن لە سزای لەسێدارەدان دژی چالاکانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان پەڵەیەکی ڕەش بۆ سەر مرۆڤایەتی زانیوە و خوازیاری یەکگرتوویی بۆ هەڵوەشانەوەی دەسبەجێی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی بوون.

لە واژۆکەرانی ئەم بەیاننامەیە دەکرێ ئاماژە بکەین بە : کوردپا، ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵات، کانوونی بەرگریکارانی مافی مرۆڤ، کەمپەینی ئازادیی بەندکراوانی سیاسی لە ئێران، بۆنیادی عەبدولڕەحمان بروومەند، کەمپەینی چالاکانی بەلووچ و چەند ڕێکخراوی دیکە.