شکستێکی دیکەی کۆماری ئیسلامی، سهرکوتی ڕۆژنامهنووسان و میدیاکان
"کوردستان"
ڕێکخراوی بهرگریی له ڕهوتی ئازادیی زانیارییەکان له نوێترین ڕاپۆرتیدا سهرنجی خستووەتە سەر سهرکوتی ڕۆژنامهنووسان و میدیاکان له ئێران له ساڵی ٢٠٢٤ی زایینی. لەم ڕاپۆرتەدا بە وردی باس لە سەرکوت و گوشاری هێزە ئەمنیەتییەکان بۆ سەر ڕۆژنامەنوووسان و میدیاکان دەکرێ.
لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی بهرگریی له ڕهوتی ئازادیدا هاتووە؛ "له ساڵی ٢٠٢٤ی زایینیدا، ٣٨٥ لێپێچینهوهی یاسایی و ئهمنییهتی له لانیکهم ٢٥٦ ڕۆژنامهنووس و میدیا و میدیاکار کراوه، سزای بهندکران بۆ ١١ ڕۆژنامهنووس جێبهجێکراوە و ٣٦ چالاکی میدیایی و ڕۆژنامهنووس دهسبهسهر کراون.
ههروهها ڕێژیمی ئێران دژی ڕۆژنامهوانان و چالاکانی ماڵپهڕ و میدیاکان به گشتی سزای ٦٩ ساڵ و ١٠ مانگ بهندکران، لێدانی ١١٠ قامچی و زیاتر له ٢٠٠ میلیۆن تمهن سزای نهختی دهرکردووه.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە جیا لە ڕەوایەتی درۆینی خۆی هەر گێڕانەوە و ڕەوایەتێکی دیکە بە درۆ و چەواشەکاری لە قەڵەم دەدات، تۆمەتی "بێبنەمابوون" دەداتە پاڵ هەر گێڕانەوەیەکی جیاواز لە ڕەوایەتەکانی خۆی و سزای قورس و گران بە سەر ئەو میدیا و ڕۆژنامەنووسانەدا دەسەپێنێ کە ڕاستییەکان بە خەڵک دەڵێن و زانیارییە ڕاستەکان بۆ کۆمەڵگە دەگوازنەوە.
ڕێکخراوی بهرگریی له ڕهوتی ئازادی لەم پێوەندییەدا دەڵێ؛ "بڵاوکردنهوهی ههواڵی بێ بنهما" به ٢٠٥ جار زۆرترین تۆمهتی وهپاڵدراو دژی ئەو توێژه بووە و لانیکهم ٤١٠ خاڵی مافی یاسایی ئهوان لهلایهن ناوهنده بهناو دادوهریی و ئهمنییهتییهکانی ڕێژیمهوه پێشێل کراوه".
سەرچاوەی سەرەکیی هەموو ئەم پێشیلکاری و گوشارانە بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان، هەڕەشە و گوڕەشەکانی ڕێبەری نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە بەردەوام لە وتەکانیدا باس لە قەدەغەبوونی هەر جۆرە گێڕانەوە و ڕەوایەتێک لە ڕووداوەکان دەکات کە لەگەڵ لێکدانەوەکانی ئەو ناتەبا بن. ناوبراو لەهەر بۆنەیەکدا کە دەردەکەوێ بە بڵاوکردنەوەی تەوەهومی پیلانگێڕی و "لە کەمیدا بوونی دوژمن" و "وریابوون بەرانبەر بە پیلانی دوژمنانی ئیسلام و ئێران" و "عەواملی نفوزی"، سێرە لە میدیاکان و ڕۆژنامەنووسان دەگرێ و فەرمان بە هێزە سەرکوتکەرەکانی دەکات کە "پێش بەو دەنگ و نووسین و دەرکەوتنانە بگرن کە دڵی خەڵک بەتاڵ دەکەن".
بۆیە ڕێکخراوی بهرگریی له ڕهوتی ئازادیی زانیارییەکانیش بە درووستی لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لهوه کردووە که عهلی خامنهیی ڕێبهری ڕێژیم فهرمانی سهرکوتی بۆ ڕۆژنامهوانان، میدیاکان و بهکارهێنهرانی تۆڕه کۆمهڵایهتییهکان دهرکردووه و زیاتر دهستی ناوهنده سهرکوتکهرهکانی بۆ سهرکوت و دهمکوتی ئهو توێژه ئاوهڵا کردووه.
لە تازەترین دەرکردنی فەرمانی بۆ سەرکوتی ڕۆژنامەنووسان، خامنەیی کە ڕەوایەت و گێڕانەوەی پڕ لە پاساوی بۆ دوایین ئاڵۆگۆڕەکانی سووریە و شکستە یەک لەدوای یەکەکانی ڕێژیمەکەی لە ناوچەکە دەکرد، ڕاشکاوانە هەر جۆرە خوێندنەوەیەکی دیکەی – جیاواز لە خوێندنەوەی خۆی – بە تاوان زانی. خامنەیی وتی؛ هێندێک لە میدیاکانی نێوخۆ هەوڵ دەدەن وا بنوێنن کە کۆماری ئیسلامی لەم ڕووداوانەدا تووشی شکست و پاشەکشە بووە، ئەمە تاوانێکی گەورەیە و هەر کەس ئەمە دووبارە بکاتەوە و درێژەی پێ بدات تاوانبارە و دەبێ سزا بدرێت.
ئەم دەربڕین و فەرمانەی خامنەیی ڕوانگە و هەڵوێستی نزیک بە پێنج دەیە لە سیاسەتی سەرکوتی کۆماری ئیسلامییە بەرانبەر بە هەر جۆرە دەربڕینێکی جیاواز و جیابیرییەک. بۆیە میدیاکانی سەر بە دامودەزگاکانی ڕێژیم بە دەنگ و ڕەنگی ڕەسمیشییەوە کە بە پێی ڕاپرسییە ساڵانەکانی خودی ڕێژیم، کەمترین لایەنگری هەیە – بە هۆی تووش بوونی بە ڕەوایەتێکی خەتی و داخراوی چوارچێوەدار لە ڕووداوەکان – هیچ متمانەیەکی پێ ناکرێ.
لە بەرانبەردا ڕۆژنامەنووسانی ئازا و دەروەستی حەقوێژ کە بە ماڵ و گیانی خۆیان دەیان ساڵە هەوڵی ڕاگرتنی دەلاقەیەکی هەرچەند چووکە لە گەیاندنی ڕاستییەکان بە خەڵک دەدەن، تەنیا بەتاوانی گێڕانەوەی ڕووداوەکان وەک خۆی، ئیزنی کاریان پێ نادرێ، بەربەستیان بۆ ساز دەکرێ، تۆمەتیان دەرێتە پاڵ، دەستبەسەر دەکرێن و لە کۆتاییدا حوکمی قەدەغەکردنی کار و چالاکییان بەسەردا دەسەپێندرێ.
بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم سەرکوت و پێشێلکارییە ڕووت و ئاشکرایانە کە مێژوویەکی بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی و تەنانەت ڕێژیمی پێشووی پاشایەتیش هەیە، ڕۆژنامەنووسان و بە گشتی میدیاکارانی خاوەن هەڵوێست و ئەرک وەخۆگری وڵات، تەسلیمی سانسۆڕ و سەرکوتی سیستماتیکی دەسەڵات نەبوون. کە ڕۆژنامەیەکیان لێ داخراوە، یەکی دیکەیان بە ناوێکی دیکەوە بڵاوکردۆتەوە، کە وێبلاگ و سایتێکیان لێ داخراوە، پەیج و کاناڵی دیکەیان ڕێک خستوە. بەتایبەت کە ئێستا بە هۆی هاتنەئارای تێکنۆلۆژیی نێتۆرک و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە – سەرەڕای بەربەستی فێلترینگ – دەرەتانی چالاکی و گەیاندنی خێرای زانیارییەکانیان بە خەڵک زیاتر بۆ ڕەخساوە، بە بێگوێدانە هەڕەشە و گوڕەشەکانی خامنەیی و دەزگای سەرکوتی ڕێژیم، بەربڵاوتر لە جاران بەردەوامن.
کۆماری ئیسلامیی ئێران کە چیدیکە گێڕانەوە و ڕەوایەتەکانی لە ڕابردوو، لە دین، لە سیاسەت، لە ئیدئۆلۆژیک بوونی خۆی، لە ڕووداوەکانی دەورووبەر، لە سەبک و شێوازی ژیانی ئینسانی دڵخوازی خۆی و بە گشتی لە جیهان، هیچ گوێرێکی نیە و دەنگی بڕی هیچ تێگەیشتنێکی سەردەمیانە ناکات، لە هەر تریبوونێکی جیاواز و جیابیر تۆقیوە. بۆیە هەوڵ دەدات پێش بە هەر دەنگ و گێڕانەوەیەکی جیاواز بگرێ و بەخەیاڵی خۆی کپی بکات. بەڵام بە هەموو پێوانەیەک لەوەشیاندا بۆی ناچێتە سەر و تێک دەشکێ.