کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەنجاویەکەمین حەفتەی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان، بەڕێوە چوو/ ٣٤ بەندیخانەی ئێران بەشداری کەمپەینەکە بوون

12:19 - 25 بەفرانبار 2724

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان بە پێڕەو لە یەک ساڵی ڕابردوو، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ی بەفرانبار بە دژی حوکمەکانی لە سێدارەدانی ڕێژیم، بەیاننامەیەکی دەرکرد.

ئەم کەمپەینە لە بەیاننامەی پەنجاویەکەمین حەفتەی بەڕێوەچوونی خۆیدا، بە ئاماژەدان بە پشتڕاستکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە هێناویەتی کە کۆماری ئیسلامی لە مانگی بەفرانباردا زیاتر لە ١٠٢ کەس و لە ماوەی یەک حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ١٧ کەسی لە سێدارە داوە.

بەیاننامەکە هۆشداریی داوە کە دیوانی باڵای ڕێژیم لە درێژەی سیاسەتە سەرکوتکارانەکەی کۆماری ئیسلامی، حوکمی لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی، بێهرووز ئێحسانی، مێهدی حەسەنی و پەخشان عەزیزیی پشتڕاست کردووەتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا زیادی کردووە، پێشتریش حوکمی بەندکراوی سیاسی، موجاهد کورکور، چوار بەندکراوی بەلووچ و هەروەها چوار بەندکراوی عەرەب لەلایەن ئەم دیوانەوە پشتڕاست کراوەتەوە و گیانی ئەم کەسانە لە مەترسیی جیددیدایە.

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان کە لەم حەفتەدا بە بەشداریی ٣٤ بەندیخانە لە ئاستی ئێراندا بەڕێوە چووە، حوکمی ئەم بەندکراوانەی بە حوکمگەلی سەدە نێوەڕاستی زانییوە و جەختیشی کردووەتەوە کە ئەم کەمپەیەنە لە هەموو ڕێوشوێن و ئامرازەکان بۆ ڕاگرتن و پووچەڵکردنەوەی ئەم حوکمانە کەڵک وەردەگرێت.

کەمپەینەکە لە کۆتاییشدا وەک نەریتێکی بەردەوامی خۆی داوای لە هەموو چین و توێژ و لایەنەکان کردووە کە بەرەنگاری حوکمی سێدارە ببنەوە.

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان لە ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو بە مانگرتنی کۆمەڵێک لە بەندکراوانی بەندیخانەکانی ئێران لە خواردن بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سێدارەکانی ڕێژیم، دەستی پێ کرد.

لە ئێستادا هەزاران بەندکراوی ناڕازی لە زیاتر لە سی بەندیخانەی ڕێژیم هەموو حەفتەیەک لەم ڕۆژەدا بە دژی حوکمەکانی لە سێدارەدان دەوستنەوە.