کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی هاوبەشی پێنج ڕێکخراو لەهەمبەر ئەگەری جێبەجێکرانی حوکمی لەسێدارەدانی زیندانیی سیاسی "پەخشان عەزیزی"

10:37 - 26 بەفرانبار 2724

یەکیەتییەکانی ژنان، لاوان، خوێندکاران، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکان و ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان: پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی بە توندترین شێوە مەحکووم دەکەین.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مێژووی دەسەڵاتی خۆیدا بەردەوام مافی بنەڕەتیی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان بەتایبەت ژنانی کوردی پێشێل کردووە؛ لە هەمان کاتدا ژنانی خەباتکار و پێشەنگی نێو کۆمەڵگەی بۆ چاوترسێنکردن بە توندترین شێوە سزا داون، بەڵام بەپێچەوانەوە و بە شێوەی جیاوازتر ژنان بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە داگیرکارە وەستاونەتەوە و لەپێناو ئامانج و بەها مرۆڤایەتییەکان قوربانییان داوە.

هەر لەم پێوەندییەدا و لە ئێستادا چەندین ژنی کورد لەبەر کار و چالاکیی جیاوازی مەدەنی، زمانی، ڕوناکبیری و کلتووری لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا ڕاگیراون، ئەو ژنانە لە هەموو مافێکی بەندکراوێکی سیاسی بێبەش کراون و لە ژێر گوشار و ئەشکەنجەی ڕۆحی و ڕەوانیدان. هەنووکە لانیکەم سێ زیندانیی سیاسی کورد بەناوەکانی "پەخشان عەزیزی، وریشە مرادی و بێهرووز ئێحسانی ئیسلاملوو" حوکمی سێدارەیان بۆ بڕاوەتەوە و لەم نێوەدا حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی یاریدەدەری کۆمەڵایەتی، لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ڕێژیم پشتڕاست کراوەتەوە و ئەگەری جێبەجێکردنی ئەم حوکمە نادادپەروەرانەیە لەئارادایە.

سزای دیاریکراو بۆ ئەو چالاکە ژنە لە کاتێدا دەرچووە کە لە ماوەی ٨ مانگ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوەدا لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، هەروەها دادگایەکی دادپەروەرانە بێبەری بووە.

بەم هۆیەوە ئێمە پێنج ڕێکخراوی مەدەنی و مافی مرۆڤی، وێڕای بە توندی شەرمەزارکردنی ئەم حوکمە ناڕەوایە نیگەرانیی خۆمان بەنیسبەت ئەگەری لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی دەردەبڕین و داوا لە کۆمەڵگەی کوردستان، ئێران و سەرجەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی داکۆکیکار لە پرسی مافەکانی مرۆڤ دەکەین پێش هەر ئەگەرێکی نەخوازراو، بە هەڵوێست و کاردانەوەی مەدەنیانە و شێوازی جۆراوجۆر پێش بەم حوکمە بگرن و چیدیکە لە پێشێلکردنی ئاشکرا و سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان بێدەنگ نەبن، با تێچووی ئەو سەرەڕۆییانە لەسەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران زیاد بکەین و بۆ ئەو مەبەستەش دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایە و پێداگرین؛ دەبێ مافی ژنان بەپێی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ پارێزراو بێ.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان "چاونیوز"

۲٥ی بەفرانباری ۲۷۲٤ی کوردی