کەمپەینی بەرگری لە شەریفە محەممەدی ڕایگەیاندووە کە ناوبراو پاش پێداگری و داواکاریی بەردەوام ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
ئەم کەمپەینە وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی ئازادکردنی دەستبەجێی ئەم زیندانییە سیاسییە، خوازیاری ئەوە بوو کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وڵامدەری دۆخ و باری ناجێگری تەندروستیی ناوبرا بن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەم کەمپەینە، دوای بەدواداچوونی بەردەوام و هەوڵی زۆری شەریفە محەممەدی و بنەماڵەکەی، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی بەفرانبار ناوبراو بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنی نینۆکی لاقەکانی، کە خەریک بوو بە هەموو جەستەیدا بڵاو ببێتەوە و کاریگەریی لەسەر هەموو پەنجەکانی هەبوو گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە.
ئەو کەمپینە ئاماژەی بەوە دا کە باری تەندروستیی ناوبراو لە زینداندا لە ڕادەبەدەر خراپ بووە و زیادی کرد: کە ڕێوشوێنی چارەسەری سنووردار لە ناو زینداندا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر چاکبوونەوەی نەبووە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرته، لە زیندانی لاکانی ڕەشت و بەتایبەت لە بەشی ژناندا، بە هۆی نەبوونی ئیمکاناتی تەندروستی و چارەسەری، ناوبراو تووشی کێشەی جیددی بووە و تەنیا بە هۆی گوشار و پێداگربوونی بنەماڵەکەی ناوبراویان ڕەوانەی نەخۆشخانە کردووە.
لە ڕاگەیەندراوی ئەو کەمپەینەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە چاوپۆشیکردن لە باری جەستەیی و تەندروستیی شەریفە محەممەدی لە زینداندا تەنها پێشێلکارییەکی گەورەی مافی مرۆڤی نییە، بەڵکوو نابەرپرسیارێتیی دەسەڵات و گرینگینەدان بە تەندروستیی زیندانییانیش دەر دەخات.
کەمپەینی بەرگریکردن لە شەریفە محەممەدی جەختی لەوەش کردەوە کە تەندروستیی هەموو زیندانییەک بەتایبەتی کەسانی وەک شەریفە محەممەدی کە بەهۆی چالاکیی کۆمەڵایەتی و مەدەنی لە زینداندان، بەرپرسیارێتییەکی قورس دەخاتە سەر شانی دەسەڵات و دەبێت بەدواداچوونی جیددی بۆ بکرێت و بپارێزرێت.
شەریفە محەممەدی لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠٢ دەسبەسەر کرا و لە ١٤ی پووشپەڕی ئەمساڵدا لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕەشتەوە بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی ئەندامبوون لە یەکێک لە گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە، سزای ئێعدامی بەسەردا سەپێندرا کە ئەم تۆمەتە لەلایەن خۆی و هاوسەرەکەی و بنەماڵەکەی ڕەت کرایەوە.