ڕێکەوتی ٢٤ی بەفرانبار، کۆمەڵێک لە زانا و مامۆستایانی ئایینی کوردی سوننە مەزهەب بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی و زیندانییانی سیاسی و ئایینی دیکەیان مەحکووم کرد.
مامۆستایان لەو بەیاننامەیەدا لەسەر نادادپەروەریی ئەو حوکمانە لەسەر بنەمای ئایینی ئیسلامی و یاسای بنەڕەتی جەختیان کردەوە و داوای دادگاییکردنێکی دادپەروەرانەیان کرد.
ئەم بەیاننامەیە کە بە شێوەی pdf و بەنووسینی ناوی ٥٠ زانا و مامۆستای کوردی سوننە مەزهەب بڵاو کراوەتەوە؛ داواکاری دەستپێکردنەوەی دادگاییکردنی دادپەروەرانەی ئایینی و یاسایی لە دادگای کراوەدا، بە ئامادەبوونی پارێزەر و لێژنەی دادوەری لە دۆسییەی ئەو زیندانییە سیاسییەدا بووە. ئەگینا زیاتر و زیاتر بینەری دابڕان لە نێوان کۆمەڵانی خەڵک و دەسەڵات دەبین.
مامۆستایانی کورد لەم بەیاننامەیەدا سەبارەت بە لەسێدارەدانی ئەو دوو ژنە کوردە ڕایانگەیاندووە؛ بڵاوبوونەوەی هەواڵی حوکمی لەسێدارەدانی دوو ژنی کورد، شەپۆلێکی تووڕەیی و نیگەرانی و ناڕەحەتیی لەنێو چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگە، لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێراندا دروست کردووە و چەندین پرسیاری بێ وڵام سەبارەت بە هۆکاری دەرکردنی ئەو حوکمە قورس و نادادپەروەرانەی بۆ ئەم چالاکوانە مەدەنییانە لە مێشکی خەڵکدا دروست دروست کردووە.
هەروەها لە کۆتاییدا وتوویانە چاوەڕوان دەکرێ کە دەسەڵاتدارانی ئێران لە بارودۆخی ئێستای قەیرانی نێوخۆ و ناوچەییدا، ئارامیی دەروونی بۆ خەڵکی بەشەرەفی ئێران دابین بکەن.