دوکتور هێرش (زەکەریا) قادری خه‌ڵکی شاری پاوه و له توێژه‌ره ناوبه‌ده‌ر و ناسراوه‌کانی کوردستان له وڵاتی ئاڵمان، به‌هۆی ڕووداوی هاتوچۆ له ته‌مه‌نی ٤٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
دوکتور هێرش قادری کوڕی شێخ عومه‌ر قادری له ڕێکه‌وتی ٣١ی ڕه‌زبه‌ری ١٣٦١ له‌نێو بنه‌ماڵه‌ی ناوداری شێخانی ته‌رێقه‌تی قادرییه‌ی نه‌جاڕ له دایک بوو.
دوکتور هێرش بڕوانامه‌ی کارناسیی باڵای له زانکۆی عه‌لامه‌ی ته‌باته‌بایی تاران و هه‌روه‌ها بڕوانامه‌ی دوکتۆرای له بواری زانسته سیاسییه‌کان له زانکۆی "علووم ته‌حقیقاتـ"ـی تاران وه‌رگرتووه دواتر وه‌کوو مامۆستا له زانکۆی ئازادی کرماشان وانه‌ی وتووه‌ته‌وه.
ناوبراو له زانکۆی ئازادی کرماشان‌دا به‌هۆی دژایه‌تیکردن له‌گه‌ڵ تۆمارکردنی ناوی له نێو ئه‌ساتیدی به‌سیجدا و دژایه‌تیی عه‌قڵیه‌تیی ئێرانی و سیسته‌می ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، له مامۆستایه‌تی دوور ده‌خرێته‌وه و له‌و زانکۆیه ده‌رده‌کرێت.
دواتر له‌سه‌ر نووسینی وتاری داعشیزم و ناسیۆنالیزمی قوڕه‌یشی له گۆڤاری "زرێبار" ده‌که‌وێته ژێر گوشاری ناوه‌نده ئه‌منییه‌تییه‌کانی ڕێژیمه‌وه و به‌و هۆیه‌وه به ناچاری په‌ڕیوه‌ی باشووری کوردستان ده‌بێت و دواتر ڕوو له وڵاتی ئاڵمان ده‌کات.
دوکتور هێرش دوو کتێبی به ناوه‌کانی "عقل سیاسی ایرانی و هویت خواهی کوردها" و "صورت معقول و شورشیان نامعقول" نووسیوه.
شایانی باسه کتێبی "عقل سیاسی ایرانی و هویت خواهی کوردها" به یارمه‌تی ناوه‌ندی لیكۆڵینه‌وه و ستراتێژیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چاپ و بڵاو کرایه‌وه.
هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا چه‌ندین وتاری به ناوه‌کانی "از رشید یاسمی گورانی تا گردآورندگان شاهنامه گورانی"، "اپوزسیون و ذات نخبگان و روشنفکران"، "تمامیت ارضی"، "الهیات سیاسی زرتشت و تقابل‌های دوگانه آن"، "پیوند اسلام و عصبیت و (ناسیونالیسم) عربی"، "قلعه‌ی کوردستان"، و "سه آفت عقل معاصر کوردی" و ... نووسیوه.
دوکتور هێرش قادری دوستێکی نزیک و خه‌مخۆری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو و له زۆر بواردا هاوکار و یارمه‌تیده‌ر بووه.
ناوبراو له ڕێکه‌وتی ٢٥ی به‌فرانباری ١٤٠٣ی هه‌تاوی له وڵاتی ئاڵمان به‌هۆی ڕووداوی هاتوچۆ کۆچی دوایی کرد.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.