کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵسوکەوتی دڕندانەی مەئموورانی زیندانی مەشهەد لەگەڵ بەندکراوان

12:11 - 26 بەفرانبار 2724

شەش زیندانیی سوننە مەزهەب کە چواریان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، لە نامەیەکدا لە زیندانی وەکیل ئابادی مەشهەدەوە ڕایانگەیاندووە کە بە خراپترین شێوە هەڵسوکەوتیان لەگەل دەکرێت.

عیسا عەیدمحەممەدی، فەرهاد شاکری، حەبیب پیرمحەممەدی، عەبدولڕەحمان گورگیج، عەبدولباسیت ئورسەن و عەبدولحەکیم عەزیم گورگیج، شەش بەندکراوی سونە مەزهەب لە زیندانی وەکیل ئاباد لە مەشهەد، نامەیەکیان بۆ ئاشکراکردنی توندوتیژی و هەڵسوکەوتی نامرۆڤانەی مەئمورانی ئەم زیندانە بڵاو کردەوە.

زیندانی ناوەندیی مەشهەد یان زیندانی وەکیل ئاباد زیندانی سەرەکیی مەشهەدە کە دەکەوێتە ناوچەی وەکیل ئابادی ئەم شارە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی تا ئێستا بڵاو کراونەتەوە، ئەم زیندانە زیاتر لە توانای خۆی زیندانی تیدایە. هەروەها باس لەوە دەکرێت کە پاسەوانانی زیندان کە فەرمانی ناوەندە ئەمنییەکان جێبەجێ دەکەن، لە زیندانییە مەترسیدارەکانی وەک بکوژ و تاوانباران بۆ گوشارخستنە سەر زیندانییەکانی دیکە بەتایبەت زیندانییانی سیاسی و ئیدئۆلۆژیک کەڵک وەردەگرن.

هەڵسوکەوتی مەئمورانی ئەم زیندانە لەگەڵ زیندانییەکان سووکایەتی ئامێزە، دۆخی خواردنی زیندان خراپە و زیندانییانی سیاسی لە خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش دەکرێن.

تا ئێستا ڕاپۆرت لەسەر خراپیی ئاوی خواردنەوە لە زیندانەکە و بۆنە ناخۆشەکەی، هەروەها بەشەخۆراکی ناتەواوی بەندیخانە و خۆراکی ناتەندروست و بەکارنەهاتوو بڵاو کراوەتەوە.

ئێستا ئەم شەش زیندانییە لە نامەکەیاندا ناڕەزایەتیان سەبارەت بە خراپی بارودۆخی زیندانییەکان دەربڕیوە و خوازیاری وڵامدانەوەی خێرای نەتەوە یەکگرتووەکان و دامودەزگاکانی مافی مرۆیی بۆ ڕوونکردنەوە و لێپرسینەوە لە ڕیژیمی ئێران لەو بارەوە بوون.

ئەوان وێڕای ئاماژەدان بە کێشەگەلێکی وەک دیارنەبوونی چارەنووسی درێژخایەنی تۆمەتبارەکان، دەرکردنی سزای قورسی زیندانیکردن لە دژی ئەوان و گوێنەدان بە پرسە پزیشکییەکان وەکوو کێشەی جەستەیی و دەروونی زیندانییەکان، بەنیسبەت هەڵسوکەوتی توندوتیژانە و سووکایەتی ئامێزی مەئموورانی زیندان ناڕەزایەتیان دەربڕیوە.