ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانباری ٢٧٢٤ی کوردی، هەیئەتێکی هێز و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە هاوڕێ ئەسعەد خزری وەک نوێنەری بەشی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانشیان لەگەڵ بوو، سەردانی پارلەمانی نۆروێژیان کرد و لەلایەن نوێنەری پارلەمانی نۆروێژ خاتوو "بیرگێد ئۆلینە شارستاد" لە حیزبی چەپی سۆسیالیستەوە پێشوازییان لێ کرا.
لە کۆبوونەوەی ئەو هەیئەتە لەگەڵ خاتوو "بیرگێد ئۆلینە شارستاد" نوێنەری پارلمان لە حیزبی چەپی سۆسیالیست ئاماژە بە کۆمەڵێک پرسی گرینگ کرا.
نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان نیگەرانیی خۆیان لەمەڕ سەپاندنی سزای سێدارە بە سەر هاووڵاتییان کورد بە تایبەت پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی دەربڕی.
هەروەها ئاماژەیان بە دەسبەسەرکردن و بانگکردنی کۆمەڵێک لە لاوانی شارەکانی شنۆ و پیرانشار لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە بە تاوانی پۆشینی جلوبەرگی کوردی و گوشاری هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ سەر خەڵکی ئێران بە گشتی و بۆ کورد بە تایبەتی کرد.
جێگای ئاماژەیە هەر لەو پێوەندییەدا هەیئەتی ناوبراو نامەیەکیان ڕادەستی نوێنەری پارلەمانی نۆروێژ کرد کە لە نامەکەدا جیا لە باسکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بە گشتی ئاماژە بەوە کرابوو کە ئێمە چاوەڕوانیمان هەیە پارلەمانی نۆرێژ وەک بەرزترین ئۆرگانی دێموکراتیکی ئەو وڵاتە هەوڵ بدا بۆ :
١ـ بە فەرمی سزای لە سێدارەدان لە ئێراندا مەحکووم بکات.
٢ـ داوای ئازادکردنی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی و هەموو زیندانییانی سیاسی بکەن.
٣ـ کار بکەن بۆ ئەوە گوشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ڕێژیمی ئێران زیاد بکەن بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ.
نوێنەری حیزبی SVی نۆروێژی، دوای ئەوەی گوێی لە هەیئەتی ناوبراو گرت، باسی لەوە کرد کە پارلەمانی نۆروێژ بە گشتی و بەتایبەتی حیزبی چەپی سۆسیالیسی ئەو وڵاتە پێوەندیی باشیان لەگەڵ هێزە کوردییەکانی نیشتەجێی نۆروێژ هەیە و زانیاری زۆریان لەسەر کێشە و گرفتەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە و هەموو کات بۆ نەهێشتن و لەقاودانی ئەو زوڵم و زۆرانەی ڕووبەڕووی گەلی کورد دەبێتەوە هەوڵ دەدەن و لە کۆتاییدا بەڵێنی دا کە دەقی نامەکە بگەیەنێتە لایەنە پێوەندیدارەکان.