ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە دۆخی وڵاتانی ڕایگەیاند کە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٤ خراپتر بووە.
لەم ڕاپۆرتەدا کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانبار بڵاو کراوەتەوە، ئەم ڕێکخراوە بارودۆخ و پێوەرەکانی مافی مرۆڤی لە ئێران لە ٨ بواردا تاوتوێ کردووە.
ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییە جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە کاتی سەرۆککۆماریی مەسعوود پزشکییان دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران نەک هەر باشتر نەبووە، بەڵکوو لە هێندێک بواردا خراپتر بووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ساڵی ٢٠٢٤دا سەرکوتی سیستماتیکی چالاکانی مافی ژنان و کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان و ئەندامانی بنەماڵەی قوربانییان و دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی دژ بە ڕێژیم بەردەوام بووە و بەتایبەتی ژمارەی ئێعدامەکان لەم ماوەیەدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
چاوەدێری مافی مرۆڤ سەرەڕای بیرهێناوەی ئەوەیکە ئێران هێشتا یەکێک لە بەرزترین ڕێژەی لەسێدارەدانی لە هەموو جیهاندا هەیە، سەبارەت بە لەسێدارەدانی منداڵانی تاوانبار و ئەو کەسانەی کە لە ڕەوتێکی ناڕووندا بە هەوڵدان دژی ئەمنییەتی میللی تۆمەتبار دەکرین، هۆشداری داوە.
ئەم ڕاپۆرتە بە پشتبەستن بە بەیاننامەیەکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوە کردووە کە تەنیا لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ زیاتر لە ٤٠٠ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە دەسبەسەرکردنی دەیان چالاکوانی مافی مرۆڤ، پارێزەر، خوێندکار و ئەندامانی بنەماڵەی قوربانییانی ناڕەزایەتییەکانی دژ بە ڕێژیم لە ساڵی ڕابردوودا کراوە.
هەروەها ئەم ڕاپۆرتە ئاماژەی بە هەڵاواردنی پێکهاتەیی لە کەمینەکانی ئازەری، کورد، عەرەب و بەلووچ کرد و کەمینە مەزهەبییەکانی وەک موسڵمانانی سونە و بەهاییەکان کردووە و ڕەخنەی توندی لە بەکارهێنانی هێزی زۆرەملێ و کوشندە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دژی کۆڵبەرانی کورد گرتووە.