کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاودەنگیی ژنانی زیندانی لاکان لەگەڵ زیندانیانی ئێڤین، قەزڵحەسار و تارانی گەورە دژی لەسێدارەدان

12:20 - 29 بەفرانبار 2724

 

دوابەدوای کاردانەوەکان بەرامبەر بە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ زیندانییانی سیاسی، کۆمەڵێک لە ژنانی بەندکراو لە زیندانی لاکان لە پەیامێکی هاوبەشدا هاودەنگیی خۆیان لەگەڵ زیندانییانی زیندانی ئێڤین، قەزڵحەسار و تاران دەربڕی و پشتگیریی خۆیان بۆ ڕاگەیەندراوی ٦٨ زیندانیی سیاسی و عەقیدەتی کە پێشتر بۆ مەحکوومکردنی سزای لەسێدارەدان بڵاویان کردبوویەوە ڕاگەیاند.

پێشتر ٦٨ زیندانیی سیاسی ژن و پیاو لە زیندانەکانی ئێڤین، قەزڵحەسار، کەرەج و تارانی گەورە، لە وڵامی پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، بێهرووز ئیحسانییان و مێهدی حەسەنی لەلایەن دادگای باڵای ڕێژیمە، نامەیەکیان نووسی و سەپاندنی ئەو سزایەیان بە کارێکی نامرۆڤانە ناو برد و داوایان لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەت ئەوانەی لە بواری مافەکانی مرۆڤدا چالاکن کرد کە هەموو تواناکانیان بۆ ڕێوشوێنی کاریگەر بەکار بهێنن لەپێناو ڕزگارکردنی گیانی زیندانییانی سیاسی.

هەروەها زیادبوونی بێ وێنەی سزای سێدارە لە ساڵی ٢٠٢٤ یان بە هەوڵی ڕێژیم بۆ هێشتنەوەی سێبەری ترس و تۆقین بەسەر کۆمەڵگەوە زانی.

ئەو ژنانە لە زیندانی لاکان بە توندی پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی موجاهید کوورکوور، پەخشان عەزیزی، مێهدی حەسنی و بێهرووز ئیحسانییان مەحکووم کرد و نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە زیادبوونی جێبەجێکردن و سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بە تایبەت بۆ زیندانییانی بێ ناونیشان دەربڕی.

هەروەها وەک ئەندامانی کەمپەینی "سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان" لە بەشی ژنانی زیندانی لاکان، جەختیان لەسەر بەردەوامیی ئەم هەڵمەتە کردەوە و داوای پشتیوانی بەربڵاویان لە کۆمەڵگا کرد بۆ داواکاری ڕاگرتنی لەسێدارەدان.

جگە لە چالاکانی نێوخۆ و دەرەوەی زیندانەکانی ئێران، مای ساتۆ، ڕیپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕۆژی هەینی ٢٨ی بەفرانبار، سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزیی بە پێشێلکارییەکی جیددیی یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ ناو برد.

شایانی باسە بەپێی ڕاپۆرتی هێرانا، لانیکەم ٥٤ زیندانیی سیاسی لە ئێستادا لە ئێران سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە و ئەو سزایانەش لە کاتێکدا دەرچووە کە سیستەمی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک بنەماکانی ڕێوشوێنی دادگای دادپەروەرانەی پێشێل کردووە و زۆرێک لە زیندانییەکان لە ڕووی دەروونی و جەستەییەوە ئەشکەنجە دەدات.