کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی دڵهەژێنی قوتابخانەکان لە بەلووچستان/ ١٥٠٠ پۆلی خوێندن گەرمکەرەوەیان نییە

12:21 - 30 بەفرانبار 2724

پەراوێزخراوی و دۆخی قەیراناوی لە بەلووچستان گەیشتووەتە ئاستێک کە خودی بەرپرسان و سەرچاوە میدیاییەکانی ڕێژیمیش دانیان بەم دۆخە کارەساتبارەدا ناوە.

هەواڵدەریی "تەسنیم" سەر بە سپای پاسداران لە زاری بەڕێوەبەری گشتیی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان هێناویەتی کە زیاتر لە ١٥٠٠ پۆلی خوێندن لەم پارێزگایەدا سیستمی گەرمکەروەیان بۆ دابین نەکراوە.

'تەسنیم" بە پشتبەستن بە قسەکانی مەیسەم لەک زایی، دانی بەوەدا ناوە کە مەودایەکی زۆر لە نێوان پشکی پەروەردەیی هەر تاکێک لە بەلووچستان لەگەڵ پشکی نێونجیی پەروەردە بۆ هەر تاکێک لە ئێراندا بوونی هەیە.

پێشتر بەڕێوەبەری گشتیی "بونیادی هاسب"ـی بەلووچستان ڕایگەیاندبوو کە ٤٦ لە سەدیی کچانی ئەم پارێزگایە تەنیا بەهۆی نەبوونی قوتابخانە ناچارن دەست لە خوێندن هەڵبگرن.

محەممەدڕەزا واعز مەهدەوی لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە "پشکی هەر تاکێک لە سیستمی پەروەردەی وڵاتدا ٥.٨ میتری دووجێیە کە ئەم پشکە لە پارێزگای سیسیتان و بەلووچستان ٣.٦ میتری دووجێ بووە".

جیا لەم بابەتە بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ڕێژیم ساڵانە ٣٠ لە سەدیی قوتابییانی بەلووچ بەهۆی هەژارییەوە ناچارن کە دەست لە خوێندن هەڵبگرن.

سیاسەتە سەرکوتکارانەکەی ڕێژیم لە بەلووچستان کە یەکێک لە ئاکامەکانی هەژاریی خەڵکی ئەم پارێزگایە بووە، هۆکاری سەرەکیی دۆخی خراپی خوێندن لە بەلووچستانە.