کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میراتی دیکتاتۆرییەت!

01:34 - 1 رێبەندان 2724

میراتی دیکتاتۆرییەت!

 

ڕەزا دانشجوو

ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد نەک هەر لە دڵی میلیۆنان ئاوارە و خەڵکی لێقەوماوی سووریەدا، بەڵکوو لەنێو زۆرێک لە ئێرانییەکانیشدا شەپۆلێکی ئومێد و ئارەزووی زیندوو کردەوە! گەلانی ئێران هیوادارن کە لاوازبوونی هەرچی زیاتری هێزە بەوەکالەتەکانی کۆماری ئیسلامی ببێتە هۆکاری خێرایی پێدانی ڕووخانی دیکتاتۆریی وەلایەتی فەقیهـ! لە ڕاستیدا دوای شکستە یەک لەدوای یەکەکانی بەرەی شوومی ناسراو بە میحوەری مقاوەمەت، ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر تاران و پچڕانی دوا ئەڵقەی ئەم زنجیرە ڕزیو و ژەنگاوییەن. بەڵام لەنێو ئەو هەموو ئومێد و هیوادارییەدا داهاتوو و سەرەنجامی سووریە لە دوای بەشار ئەسەد بە تایبەت و ئایندەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گشتی گرێدراوی زۆر ئەگەر و هەلومەرجی جۆراوجۆرە. 

ئیسلامییە توندڕەوەکانی باڵادەست لە دیمەشق کە ئێستاشی لەگەڵ بێت لە لیستی تیرۆری زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوادان، سەرەڕای گۆڕانکارییە ڕواڵەتییەکانیان، پێناچێت ماڵئاوایییان لە ئامانج و ئایدیاڵە ڕیشەییەکانیان کردبێت. دیداری وەزیری دەرەوەی ئاڵمان لەگەڵ "ئەحمەد ئەلشەرع"، سەرۆکی تەحریری شام و تەوقەنەکردنی لەگەڵ "ئالێنا بێربۆک" و دواتر شێواندنی وێنەکانی ئەم دیدارە لە میدیاکانی سەر بە تەحریری شام، نیشانی دا کە دەبێت بەردەوام چاوەڕوانی ڕووداوە نوێیەکان لە سووریە بیت. دواجار دەبێت ئەم ڕاستییەش باس بکرێت کە تحریری شام تێکەڵاوێک لە دەیان گرووپ و دەستەی جیاوازی ئیسلامییە و  زوو یان درەنگ  ئەم گرووپە ڕادیکاڵانە داوای بەش و مافی خۆیان دەکەن. ئاشکرایە وڵاتانی دراوسێ و زلهێزە جیهانییەکانیش لەم باسەدا بێدەنگ نابن و  هەر یەک لە فکری دابینکردنی ویست و داخوازییەکانی خۆیانن. 

تورکیە کە بەئاشکرا باس لە خەون و ئارەزووەکانی  بۆ زیندووکردنەوەی دەسەڵاتی سەردەمی عوسمانییەکان و داگیرکردنی حەلەب و دیمەشق دەکات، کاریگەرییەکی تەواوی بەسەر گرووپی تەحریری شامدا هەیە و لەڕاستیدا هێزی بزوێنەری سەرەکیی ئەم چیرۆکەیە. ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک دراوسێیەتیی گروپێکی ئیسلامیی توندڕەو قەبووڵ ناکات و دەزانێت سەرەڕای لێدوانە سەرەتاییەکانی سەرکردەکانی تەحریری شام، زوو یان درەنگ ئەم گرووپە دیوی شاراوە و ڕاستەقینەی خۆیان نیشان دەدات و بێدەنگیی ئێستای تەنیا بۆ سەقامگیرکردنی دەسەڵاتە! کۆماری ئیسلامییش وەک دۆڕاوی سەرەکی لە چیرۆکی سووریەدا، وێرای هەوڵدان بۆ پەیوەندی‌گرتن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریە تێدەکۆشێت لە هەمان کاتدا بە کایەکردن بە کارتی کەمینەی عەلەوییەکان تا ڕادەیەک کاریگەریی لەسەر ڕووداوەکانی سووریە هەبێت. کورد وەک پارێزەری سەرەکیی دژ بە هێزە ڕادیکاڵەکان و نموونەیەکی خاوەن سەرنج لە دیموکراسییەکی ڕاستەقینە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە پاڵپشتی دەکرێت و ڕووسیەش بە دوای دۆزینەوەی جێگەیەک لە داهاتووی سووریەدا دەگەڕێت و ئامریکاش بیر لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەکاتەوە!

بە هۆی بوونی ئەم هەموو ئەکتەرە نێوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییانە، پێدەچێت ئایندەی سووریە پڕبێت لە پێشهاتی زۆر جۆراجۆر و ئاڵۆز و دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ ئایندەی سووریە زۆر چەتوون و سەخت بێت!

ئەزموونی تاڵی بەهاری عەرەبی کە لە زۆربەی  وڵاتانی مەبەست ڕووبەڕووی شکست بۆوە، ئەم نیگەرانی و ناڕەحەتییە زۆر زیاتر دەکات. ڕەنگە لیبی تاڵترین نموونەی بەهاری عەرەبی بێت، ڕووخانی دیکتاتۆریی قەزافی نە تەنیا هیچ شتێکی نوێی نەهێنا، بەڵکوو بە هۆی دەستوەردانی هێزی دەرەکی بوو بە هۆکاری خراپتربوونی بارودۆخی ژیان و لە ئاکامدا بوونی سێ حکومەت لە وڵات لە یەک کاتدا! ئاڵۆزییەکانی ئەم چەند ساڵە لەم وڵاتەدا گەیشتۆتە لووتکە و خەڵک تەواو لە داهاتووی وڵاتەکەیان بێهیوا بوون. ئەوەندە ئاڵۆز و تاریک و ناڕوون کە زۆرێک لە خەڵکی لیبی ئاواتەخوازی  گەڕانەوە بۆ سەردەمی دیکتاتۆریی قەزافین! لێکدانەوەی ڕووداوەکانی بەهار عەرەبی لە تاقمێک وڵاتی دیکەش وەک میسر و تونس دەرخەری هیچ شتێکی ئەوتۆی و خاوەن سەرنج نیە و هیچ گۆڕانکارییەکی تایبەت بەراوورد بە ڕابردووی ئەم وڵاتانە بەدی ناکرێ!

بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆچی بارودۆخی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست یان ئەو وڵاتانەی مێژوویەکی دوورودرێژی دیکتاتۆرییان هەیە بە گشتی دوای ڕووخانی دیکتاتۆر ئاڵۆزتر بوون؟

دوای ڕووخانی ڕێژیمی پەهلەوی و هەڵاتنی شا، خەڵکی ئێران هیوادار بوون بە دامەزراندنی کۆمارێکی گشتگیر لەسەر بنەمای بەها ئینسانییەکان و دێموکراسی، کۆمەڵگەی بێزار و ماندوو لە دیکتاتوری و "والاحضرت"کان بگاتە کەنارێکی ئارام و شوێنی مەبەست. بەڵام تێپەڕبوونی کات و ئاڕاستەی ڕووداوەکان دواتر نیشانیان دا کە تەنیا شێوازی جل و بەرگ و لیباس پۆشین و هەندێک بیروباوەڕی "والاحضرت"کان گۆڕاون و حکوومەتی ئاخوندەکانی شیعە و دیکتاتۆریی وەلایەتی فەقیهـ زۆر لە ڕێژیمی پەهلەوی بێبەزەییانەتر و دڕندەترە خەریکی چەوساندنەوەی خەڵک و کوشتن و زیندانیکردنی نەیارانە! بەڵام بەڕاستی کێ لەم دۆخە بەرپرسیارە؟

وەڵامێک کە زۆر جاران لە لایەن تاقمێک بیروباوەڕی دیار بۆ شێواندنی ڕاستیەکان و بەلاڕێدابردنی ئاراستەی ڕووداوەکان دەدرێتەوە ئەوەیە کە ئەم دۆخە نالەبارە بە هۆی ئەمەگ‌نەناسیی خەڵک بەرامبەر بە دیکتاتۆری پێشوویە! بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە تێڕوانینە وەک ژەهرێکی کوشندەیە بۆ کۆمەڵگا و دەبێت بە توندی وڵام بدرێتەوە! لایەنگران و خزمەتکاران و نۆکەرانی دیکتاتۆر کە خۆیان و بنەماڵەیان ساڵیانی ساڵ لە گیرفانی خەڵک خواردوویانە و نەمانی دیکتاتۆر بە مانای  تێکچوون و کۆتایی‌هاتنی دووکان و توجارەتەکەیانە، بە پیشاندانی چەند وێنەیەک ئاراستە و شیک لە دیکتاتۆر و بنەماڵەکەی و بەراوردکردنیان لەگەڵ دیکتاتۆری ئیستا، وێرای بە شان‌وباڵ داهاتن و پێداهەڵگوتن بە جەنابی دیکتاتۆری پێشوو! خراپتر بوونی باروودۆخی ژیانی خەڵک بۆ ناسپاسیی خەڵک و خەیانەتیان بە جەنابی دیکتاتۆر دەگەرێنەوە! لە ڕوانگەی ئەم کەسانەدا لە ڕاستیدا ئەو کەسەی کە دەبێ تووڕە و ناڕەحەت بێت جەنابی دیکتاتۆری لەکار دوورخرایەوە، کە جەماوەری ناشوکری ڕەعیەت قەدریان نەزانیوە!

ئەمە یانی سرینەوەی پرسیار و وڵامی تەواو بێ بنەما!  لەبیرکردنی خیانەتی مێژوویی دیکتاتۆر! تەحریری شام میوەی کارگەی بەرهەمهێنانی مرۆڤ و سیستەمی پەروەردە و بارهێنانی حیزبی بەعس و بەشار ئەسەدە! دابەشبوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرهەمی ساڵانێک  زۆر و زەبروزەنگ حوکمڕانیی بەشار ئەسەد و باوکیەتی! ئەوە بەشار ئەسەد و باوکی بوون کە  ڕێگەیان بە بیانییەکان دا دەستێوەردان لە کارووباری سووریە بکەن، تەنیا بۆ ئەوەی ماوەیەکی زۆرتر لە دەسەڵاتدا بمێننەوە! ئەوە قەزافی بوو کە بە کودیتا هاتە سەرکار و شەهوەتی گەیشتن بە دەسەڵاتی لەم وڵاتەدا دروست کرد، ئەوە قەزافی بوو کە تۆوی دووبەرەکیی لە لیبی چاند!

نۆکەری و کڕنۆش و چەمانەوە میراتی شوومی بنەماڵەی پەهلەوی بوون! کڕنۆش بردن و ماچکردنی دەستی شا و شاژن و کەس و کاری لە لایەن باڵاترین بەرپرسانی سیاسی و سەربازییەوە گرینگترین وێنەی هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەکانی سەردەمی پەهلەوین! ئەم داب و نەریتە ترسناکە لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا بە شێوەیەکی جیاواز دووبارە بووەوە، بەو جیاوازییەی کە ئێستا جەنابی دیکتاتۆری وەلی فەقیهـ ئەنگوستیلە و چەفیە دەدات بە نۆکەر و کۆیلەکان،  بەڵام جەنابی دیکتاتۆری پەهلەوی خاک و ماڵ و موڵکی دەدا!

شاپوور بەختیار، دوایین سەرۆک‌وەزیرانی سەردەمی پەهلەوی، لە چاوپێکەوتنێکی مێژووییدا لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە هەلومەرجی پێش شۆڕشی ٥٧ی گەلانی ئیراندا دەڵێت: "ئەوەی تاقمێک کەس دەڵێن ئیمە دەبووینە ژاپۆن و فڵان و فیسار، ئەمانە هەمووی دوورە لە ڕاستی و تەواو بێمانایە! ئەوانەی کە ئەم قسانە دەڵێن یان نەزانن یان لەو کاتەدا خۆیان لە دۆخێکی باشی ئابووریدا بوون و هەندێک بەرژەوەندییان هەبووە! جگە لەوەش ئەگەر ڕێژیمی پێشوو ئەو زیادەڕەوییانەی نەکردبا، کەس گوێی لە خومەینی نەدەگرت!"

ڕاستی ئەوەیە کە دیکتاتۆرەکان تەنها بەرپرسیاری ئاژاوەگێڕی و نادادپەروەریی و دۆخی نالەباری ژیانی خەڵک لە سەردەمی دەسەڵاتی شەرمەزارکەریان نین، ئەوان بەرپرسیاری سەرەکیی تەواوی ئەم نەهامەتی و نارەحەتییانەن کە بە هۆی چاندنی تۆوی دووبەرەکی لە کۆمەڵگەدا و دارشتنی سیستمێکی فەشەلی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی تا ساڵیانی ساڵ پاش رووخانیشیان یەخە و بەرۆکی کۆمەڵگە بەرنادات!

کۆماری ئیسلامی بەرهەمی فەزای داخراو و سیستەمی حوکمڕانیی پەهلەوییە، نەهێشتن و ئیزن نەدان بە ڕێکخراوە ئازاد و سەربەخۆکان و نەبوونی حیزبی ڕێکخراو و ستراکتۆر، باشترین دەرفەت بوو بۆ سەرهەڵدانی دیاردەیەکی نەناسراو بە ناوی کۆماری ئیسلامی! دیکتاتۆریی سەلتەنەتی پەهلەوی بە پاشخانی قووڵی مەزهەبی، داماو و کڵۆڵ لە دووانەی مۆدێرنیتە و سوننەتدا، بە پشت‌بەستنێکی تەواو بە ڕۆژئاواوە و بیانییەکان، ئاشکرایە بەرهەمەکەی جگە لە کۆماری ئیسلامی هیچی تر نابێت!

کاتێک سیستەمی دیکتاتۆری هەموو ڕێگاکانی بە ڕووی دیموکراسی داخستوە، بەداخەوە ئەوەی لە شۆڕشەوە دەست دەکەوێت زۆربەی کاتەکان ناڕوون, تاریک و دووفاقییە!

میراتی شوومی دیکتاتۆر! دیکتاتۆر دوای دیکتاتۆر!