هه‌زاران که‌س له نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌مه‌ڕ له‌سێداره‌دانی په‌خشان عه‌زیزی به‌یاننامه‌یه‌کی ناڕه‌زایه‌تییان بڵاو کرده‌وه.
له درێژه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه گشتگیره‌کان له‌هه‌مبه‌ر سه‌پاندنی سزای له‌سێداره‌دان به سه‌ر په‌خشان عه‌زیزی، یاریده‌ده‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌زاران که‌س له به‌یاننامه‌یه‌کی نوێ‌دا وێڕای ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تیی جیددی خۆیان، جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه کرده‌وه: "له‌سێداره‌دانی په‌خشان عه‌زیزی، برینێکە کە به ساڕێژنه‌کراوی له سه‌ر ویژدانی ئێمه ده‌مێنێته‌وه".
ڕۆژی یه‌کشه‌ممه ٣٠ی به‌فرانبار،٣٤٠٠ که‌س له هونه‌رمه‌ندان، نووسه‌ران، شاعێران، ڕۆژنامه‌وانان، چالاکانی مه‌ده‌نی، سیاسی، خوێندکاری و ئایینی، پارێزه‌ران و هاووڵاتییانی نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌یاننامه‌یه‌کیان بڵاو کرده‌وه و نووسیویانه: "به ڕژانی خوێنی مرۆڤه‌کان دادپه‌روه‌ری له هیچ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا به‌دی نایه‌ت، له چوارچێوه‌ی دادپه‌روه‌رییدا هیچ جێگه‌یه‌ک بۆ وشه‌ی سێداره نییه".
په‌خشان عه‌زیزی یاریده‌ده‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی و چالاکی مه‌ده‌نی، سه‌ره‌تای مانگی خه‌رمانانی ئه‌مساڵ له به‌ناو دادگای ئینقلابی تاران به سه‌رۆکایه‌تیی ئیمان ئه‌فشاری به تۆمه‌تی "به‌غی" و ئه‌ندامبوون له یه‌کێک له حیزبه دژبه‌ره‌کانی ڕێژیم سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ردا سه‌پێندرا.
په‌خشان عه‌زیزی پێشتر وه‌کوو یاریده‌ده‌ر سه‌ردانی ڕۆژاوای کوردستانی کردووه و یارمه‌تیی به ژنانی ئیزدی که له ده‌ستی داعش هه‌ڵاتوونه، گه‌یاندووه.
پارێزه‌ری ئه‌و به‌ندکراوه سیاسییه ڕۆژی چوارشه‌ممه ١٩ی به‌فرانبار ڕایگه‌یاند: "سزای له‌سێداره‌دانی په‌خشان له لقی ٢٦ی به‌ناو دادگای ئینقلابی تارانه‌وه ده‌رکراوه و سه‌ره‌ڕای که‌موکۆڕی له سزاکه و نه‌بوونی به‌ڵگه‌ی سه‌لمێندراو، له لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ڕێژیم‌دا پشتڕاست کراوه‌ته‌وه".