
رۆژی شەممە ٢٩ی بەفرانبار، لە لایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی بەرزڕاگرتنی ٢ی ڕێبەندان، ٧٩یەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە شاری گۆپپێنهاگی پێتەختی وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی رەقیب" و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ناو و یادی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد. دواتر لەلایەن خاتوو "کانی مێهفەر" و "چرۆ پاریاد"ەوە بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی حیزب بەخێرهاتنی میوانان کرا.
دواتر پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دانمارک لەلایەن ئومید حەسەنزادەوە پێشکەش کرا.
پاشان پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکانی لاوان، ژنان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن جەلال قادری بەرپرسی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دانمارک پێشکەش کرا.
لە بڕگەیەکی دیکەدا پەیامی هێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان بەم شێوەیە پێشکەش کرا:
پەیامی پارتی دێموکراتی کوردستان لەلایەن عەبدوڵڵا پشدەری، پەیامی ناوەندی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەن شوان هەولێری، پەیامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان لەلایەن ئارەش ئەحمەدی، پەیامی هاوبەشی پارتیا دەموکرات ئا پێشوەڕۆ ل سووریێ و پارتیا یەکیتیا دەموکراتیک ل سوورێ لەلایەن ئیسکان ڕەشیدەوە پێشکەش کرا .
هەروەها ناوەندی پێشمەرگە دێرینەکانی دێموکرات، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ـ کۆمیتەی دانمارک برووسکەی پیرۆزباییان بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان ناردبوو.
دواتر لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە وڵاتی دانمارک سپاسنامەیەک بە بۆنەی ڕێزگرتن لە کار و چالاکییەکانیان پێشکەش بە دەستەیەک لە ئەندامانی چالاکی حیزب کرا کە بریتی بوون لە: هاوڕێیان ڕێبوار ئەبووبەکری، حوسێن قورغی، ڕەحمان خۆش ئەبرۆ، پرشنگ فەتاحی، عەبدوڵڵا وەیسی، ئەحمەد خانی، یووسف پەری، سیروان ئەقدەم، سەمیرە خالیدنژاد، سیروان شەڵماشی، خاتوو ئەستی موتەفیق ئەدیب، شۆڕش بێهرۆزی، فەرهاد عەبدوڵڵازاد، یووسف وەکیلی، شەریف غەفووری، ئومید ئەسغەران و دیار مۆلایی.
لە نێوئاخنی ڕێوڕەسمەکەدا لەلایەن خاتوو کەژوان یووسفی و خالید پاریادەوە دوو پەخشان پێشکەش کران.
بڕگەی کۆتایی ڕێوڕەسمەکە بە بەشداریی هونەرمەندان دڵنیا ڕەزازی و شێرکۆ مەریوانی و بە هاوکاریی دیار کەریم و موکریان بەڕێوە چوو و بە شایی و هەڵپەرکێی بەشداربووان کۆتایی پێ هات.