
ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی ١٩ی ژانویە (٣٠ی بەفرانبار) ڕێوڕەسمێكی بەشكۆ لەلایەن كومیتە ناوچەی لیدزی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە وڵاتی بریتانیا بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەن ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی كورد و كوردستان دەستی پێ کرد.
لە دەسپێکدا خاتوو مینا سوارە كادری دێرینی حیزب و بەڕێوبەری بەرنامەكە وێڕای بەخێرهاتنی سەرجەم بەشداربووان باسێكی گشتیی لەسەر ڕەوتی ڕووداوەكان و ڕیزبەندی بەرنامەكان پێشكەش بە بەشداربووان كرد.
دواتر پەیامی ناوەندی بەڕیوبەریی حیزب لەلایەن كاک كاوە مودەڕەسی بەرپرسی كومیتە خوێندرایەوە.
دوكتور هێمن سەیدی چالاک و لێکۆڵەری سیاسی وتارێکی پێشکەش کرد و لە وتارەکەیدا باسێکی کورتی لەسەر لاوازبوونی کۆماری ئیسلامی و لێکنیزیکبوونەوەی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات پێشکەش کرد و سپاسی هەموو ئەو حیزب و لایەنانەی کرد کە بۆ ئەو هەنگاوە گرینگە خۆیان ماندوو کردووە.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە دەسکەوتەکانی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان کرد، ئەو دەسکەوتانەی کە بەرهەمی قارەمانەتی و خۆڕاگریی گەلی کورد لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا بووە و ئێستاش هەموومان پێی سەربەرزین و پێگەی کوردی لە ئاستی جیهاندا بەرز کردووەتەوە.
کاک هێمن هاوکاری پارچەکانی کوردستانیشی بە بایەخەوە هەڵسەنگاند کە ئەوە ویست و داوای هەموو گەلی کوردە.
بەڕێز هێمن سەیدی ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی ڕۆڵە قارەمانەکانی کورد لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیش کرد بە تایبەتی دوو ژنە تێکۆشەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی کە تەنانەت بریاری لەسێدارەدانیش ورەی نەشکاندوون.
ئاماژەی بە جینایەتەکانی پێشووی کۆماری ئیسلامی کرد کە هیچ دەسکەوتێکی بۆ ئەم ڕێژیمە نەبوو. بۆ وێنە دە ساڵ دوای کارەساتی لەسێدارەدانی مامۆستای کورد، فەرزاد کەمانگەر، ئەوجار کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووی مامۆستایەکی کوردی دیکە بووەوە، وەکوو زارا محەممەدی کە تەنانەت حازر نەبوو بە فارسی لەگەڵیان بدوێ.
لە دوایین بەشی وتارەکەیدا کاک هێمن سەیدی بەراوردێکی ناسیونالیزمی ئێرانی و ناسیۆنالیزمی کوردی کرد و شی کردووە کە چۆن ناسیۆنالیزمی ئێرانی لە هەموو بوارەکاندا شکستی هێناوە و دەستەوداوێنی درۆ و جەعلی مێژوو و ساختەکاری بووە بەڵام ناسیۆنالیزمی کوردی سەرکەوتوو بووە و پێویستی بە مێژووی درۆ نییە و بە شانازییەوە دوای ٧٩ ساڵ یادی کۆماری کوردستان جێژن دەگرێ.
پاشان پەیامی بزووتنەوەی گۆران لەلایەن بەڕێز كاک عەلی خدر خوێندرایەوە.
جێگای ئاماژەیە لەلایەن بەڕێوبەری بەرنامەكە چەندین كۆپلە شێعر و پەخشان پێشكەش بە
بەشداربووان كرا.
چەندین لایەنی سیاسی و كوردستانی بەشداری ڕێوڕەسمەكە بوون كە بریتی بوون لە كومەڵەی زەحمەتكێشان، پارتی دێموكراتی كوردستان، یەكیەتیی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری ڕێوڕەسمەكە بوون.
بڕگەی دیكەی بەرنامەكە گۆرانی و خۆشی بوو كە بە قسەكانی هونەرمەند كاک نەجمەدین غوڵامی لەسەر كۆماری كوردستان بە ڕووی بەشداربوواندا كرایەوە و چەندین سروودی نیشتمانی و گۆرانیی پێشكەشی بەشداربووان كرد.
هەروەها هونەرمەند خاتوو دڵنیا ڕەزازی بە چەندین گۆرانی و ئاهەنگی تایبەت رێوڕەسمەکەی زیاتر ڕازاندەوە. هونەرمەندان مامۆستا سەروەت كۆیی و ئۆمید تاووسی و مامۆستا سەباح هاوكاری هونەرمەندەكان لەو ڕێوڕەسمەدا بوون .