کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا لانیکەم ١٠٧ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون

10:48 - 2 رێبەندان 2724

لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا کۆماری ئیسلامی لانیکەم ١٠٧ کەسی لە زیندانەکانی سەرتاسەری ئێراندا لە سێدارە داوە و بەپێی ئەو ئامارانە لە مانگی ڕابردوودا ڕۆژانە نزیکەی چوار کەس لە سێدارە دراون.

ماڵپەڕی هێرانا لە سەرەتای مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵ لە دوایین ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا سەبارەت بە دۆخی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران نووسیویەتی لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا لانیکەم ١٠٧ حاڵەتی لەسێدارەدان لە زیندانەکانی ئێران ئەنجام دراوە. لە نێو ئەو لەسێدارەدانانەدا، لانیکەم ١٨ زیندانی تەنیا لە ١٢ی بەفرانبار، هاوکات لەگەڵ یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی زایینی بە تۆمەتی "کوشتن" و "ماددە هۆشبەرەکان" لە سێدارە دراون.

هێرانا لەو ڕاپۆرتەدا نووسیویەتی لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا ٩٢ حاڵەتی لەسێدارەدانی بە فەرمی تۆمار کردووە.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە سیستەمی دادوەریی کۆماری ئیسلامی لە مانگی بەفرانباردا لانیکەم سزای لەسێدارەدانی بە سەر ١٠ زیندانیدا سەپاندووە، و سزای لەسێدارەدانی لانیکەم چوار کەسی دیکەی پشتڕاست کردووەتەوە.

هێرانا  ئاماژەی بە پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، بێهروز ئێحسانی ئیسلاملوو، موجاهد کوورکوور و مێهدی حەسنی زیندانییانی سیاسی لە زیندانی ئێڤین و شەیبانی ئەهواز کردووە، و پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدانیان لەلایەن دادگای باڵای ڕێژیم وەک بەشێک لە ڕووداوە گرینگەکانی ئەم مانگە ناو بردووە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی هێرانا، لە ساڵی ٢٠٢٤دا لانیکەم ٩٣٠ زیندانی لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دراون کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ٢٤٪ زیادی کردووە.

لە لایەکی دیکەوە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ١٧ی بەفرانبار ڕایگەیاند کە بە لەسێدارەدانی لانیکەم ٣١ ژن لە زیندانەکانی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٤دا، زۆرترین ڕێژەی ساڵانەی سزای لەسێدارەدان بۆ ژنان لە ماوەی ١٧ ساڵی ڕابردوودا تۆمار کراوە.

جێگای ئاماژەیە کە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتەی هێرانا لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا بە ئاماژەدان بە لێکۆڵینەوەکانی خۆی نووسیویەتی کە لە ئێستادا لانیکەم ٥٤ زیندانی بە تۆمەتی سیاسی یان ئەمنی لە زیندانەکانی سەرتاسەری ئێران سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.

ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆڤییە، بە ئاماژەدان بەوەی کە پێشێلکردنی مافی ژیان دەتوانێت لێکەوتەی وێرانکەری هەبێت، وەکوو دروستبوونی هەستی نائەمنی و ناسەقامگیری لە کۆمەڵگەدا و هۆشداریی داوە کە ئەم پێشێلکارییانە دەتوانێ توندوتیژی لە ناو کۆمەڵگەدا بڵاو بکاتەوە.