بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ''خۆڕاگری'' لە یەک مانگی ڕابردوودا، واتە مانگی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی، ٩٢ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ئەو کەسانە بە تۆمەتی چالاکیی مەدەنی، دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون، کە بەشێکیان دوای تەواوبوونی لێکۆلینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان و چارەنووسیان ناڕوونە.
هەروەها جیا لەو کەسانەی دەسبەسەر کراون زیاتر لە ٨٠ کەس لە چالاکانی ژینگەیی و کرێکاری و چالاکانی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک مانگی ڕابردوودا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان و ئیدارەی ئیتلاعات بانگ کراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.
هەر لەو پێوەندییەدا ٥٨ کەس لە شاری پیرانشار بە تۆمەتی بەشداریکردنیان بە جلوبەرگی خاکی و جامانە لە ڕێوڕەسمێکی زەماوەند بانگی ئیدارەی ئیتلاعات کراون و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کراوە و پەروەندەکانیان ڕەوانەی دادگا کراوە.
هەروەها بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەن لە مانگی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاویدا، ٩ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان دەسبەسەر و لێکۆلینەوەیان لێ کراوە، لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامیی ئێران کەیسەکانیان یەکلایی کراوەتەوە و سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.
پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەردەوامە و ڕۆژبەڕۆژ لە زیاد بووندایە. هەر لەو پێوەندییەدا دوو بەندکراوی سیاسیی ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەترسیی لەسیدارەدانیان لەسەرە.