کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

په‌یوه‌ستبوونی به‌ندی پیاوانی به‌ندیخانه‌ی عادڵ ئابادی شیراز به‌ که‌مپه‌ینی سێشه‌ممه‌کانی نا بۆ له‌سێداره‌دان

11:46 - 2 رێبەندان 2724

له‌ به‌یاننامه‌ی ٥٢هه‌مین حه‌فته‌ی که‌مپه‌ینی "سێشه‌ممه‌کانی نا بۆ له‌سێداره‌دان" له‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌، ٢ی ڕێبه‌نداندا باس له‌ په‌یوه‌ستبوونی به‌ندی پیاوانی به‌ندیخانه‌ی عادڵ ئابادی شیراز به‌و که‌مپه‌ینه‌ کراوه‌ و به‌و پێیه‌ ڕێژه‌ی به‌ندیخانه‌کانی ئه‌ندام له‌و که‌مپه‌ینه‌ گه‌شته‌ ٣٤ به‌ندیخانه‌.

له‌ به‌یاننامه‌ی ٥٢هه‌مین حه‌فته‌ی ئه‌و که‌مپه‌ینه‌دا هاتووه‌: "ڕێژه‌ی له‌سێداره‌دراوانی مانگی به‌فرانبار گه‌یشته‌ ١١٠ حاڵه‌ت و له‌ سه‌ره‌تای ساڵه‌وه‌ زیاتر له‌ ٩٥٠ حاڵه‌تی له‌سێداره‌دان له‌ ئێراندا تۆمار کراوه‌".

له‌ به‌شێکی ئه‌و به‌یاننامه‌دا ئاماژه‌ به‌ کوژرانی دوو به‌ناو دادوه‌ری ڕێژیم له‌ تاران کراوه‌ و نووسیویانه‌: "سڕینه‌وه‌ی دوو دادوه‌ری به‌دنێو و بێزراو محه‌ممه‌د موقه‌یسه‌ و عه‌لی ڕازینی که‌ له‌ ماوه‌ی چوار ده‌یه‌ی به‌رپرسایه‌تییاندا هه‌زاران حوکمی له‌سێداردانیان بەسەر به‌ندکراوانی سیاسی و ئه‌وانی دیکه‌دا سه‌پاندبوو‌ له‌لایه‌ن هاووڵاتییانی وه‌زاڵه‌هاتوو، نیشانه‌ی بێزراوبوونی خه‌ڵکی ئێرانه‌ له‌هه‌مبه‌ر ٤٥ ساڵ سه‌رکوت و کوشتاری خه‌ڵکی بێتاوان".

له‌ به‌یاننامه‌ی ئه‌م حه‌فته‌یه‌ی که‌مپه‌ینی سێشه‌ممه‌کانی نا بۆ له‌سێداره‌دان به‌نیسبه‌ت به‌ندکراوی سیاسیی مه‌حکوومکراو به‌ ئێعدام مالک داوه‌رشناس ٢٦ ساڵه‌ و خه‌ڵکی که‌رخه‌ به‌ تۆمه‌تی به‌غی، هۆشداریی دا.

شایانی باسه‌ ١١ ڕێکخراوی سێنفیی مامۆستایانی قوتابخانه‌ له‌ هه‌موو پارێزگا جیاجیاکانی ئێران، سه‌ره‌ڕای بوونی گوشاری هێزه‌ سه‌رکوتکه‌ره‌کانی ڕێژیم، به‌ بوێرییه‌وه‌ پشتیوانیی خۆیان له‌ که‌مپه‌ینی سێشه‌ممه‌کانی نا بۆ له‌سێداره‌دان ده‌ربڕی.

هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا مامۆستایانی کوردستانیش له‌ دژی سه‌پاندنی سزای له‌سێداره‌دان هه‌ڵوێستیان گرت و پشتیوانی خۆیان له‌و که‌مپه‌ینه‌ دووپات کرده‌وه‌.