کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێلژیک/ بەشداریی هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆبوونەوەی ڕاوێژی نەتەوەیی

12:24 - 2 رێبەندان 2724

ڕۆژی شەممە ٢٩ی بەفرانبار( ۱٨ی ژانویەی ۲۰۲۵ ) لەسەر داوای فەرمیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەیئەتێکی لە کومێتەی حیزب لە بێلژیک کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان بەها ئیبراهیمی بەرپرسی گشتیی کۆمیتە و ئەفشین تەمۆیی بەرپرسی پەیوەندییە کوردستانی و ئێرانییەکانی کۆمیتە و سەعدوون بەهرامیان هاوکاری بەشی پێوەندییەکان، لە کۆنفرانسی ڕاوێژی نەتەوەیی بۆ بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بروکسێل بەشدارییان کرد.

بریارە ئەو شێوە کۆنفرانسە بۆ هەموو بەشەکانی کوردستان بەڕێوە بچێت و ئامادەکاری دەکرێ بۆ کۆنفرانسێکی گەورەتر کە بە بەشداریی هەموو حیزب و کەسایەتییە سەربەخۆکانی هەر چوار بەشی کوردستان کە بریارە لە داهاتوودا بەڕێوە بچێت .

دیارە ئەو کۆنفرانسە لە بارەگای ڕەسمیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە شاری بروکسێل  پێتەختی وڵاتی بێلژیک و لەلایەن کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK)  بەڕێوە چوو .

لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان هەیئەتی حیزب کۆبوونەوەیان لەگەڵ هەیئەتێکی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان ئاشتیاکۆ پوورکەریم و کاک سەردار وەلەدبەیگی و گۆڕان دەشت پێک هێنا.

کۆبونەوەکە لە کەشێکی زۆر دۆستانە  بەڕێوە چوو و لەسەر زۆر مژاری پێوەندیدار بە کۆنفرانس و پێوەندییەکانی هەر دوو لایان قسە کرا و بیروڕا گۆڕدرایەوە.