کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ٢ی ڕیبەندان لە وڵاتی ئوتریش

12:43 - 2 رێبەندان 2724

ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی رێبەندان (١٩ی ژانویەی ٢٠٢٥)، کۆمیتەی ئوتریشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕێوڕەسمێکی بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان، یادی ٧٩ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان و بە بەشداریی نوێنەرانی حیزبە کوردستانی و ئوتریشییەکان و کوردەکانی دانیشتووی وڵاتی ئوتریش بەڕێوە برد.

سەرەتا کاک حوسەین خاڵخاڵ لەلایەن کومیتەی حیزبەوە، بە خێرهاتنی میوانەکانی کرد، پاشان لە لایەن گرووپی موسیقاوە سروودی نیشتمانی ئەی ڕەقیب پێشکەش کرا و دوای ئەو خۆلەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی گەل و نیشتمان ڕاگەیەندرا.

پاشان لەلایەن دوکتور جەزا ساڵحییەوە پەیامی کۆمیتەی ئوتریشی حیزب بە زمانی کوردی و لەلایەن کاک محەممەد فەقێ عەلییەوە بە ئاڵمانی پێشکەش کرا.

لە پەیامی حیزبدا سەرەڕای ئاماژە بە گرینگیی ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان و دەسکەوتەکانی کۆمار بۆ خەڵکی کوردستان و ڕووداوە خێراکانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان وەک چەقی ڕووداوەکان و هەروەها شکستە یەک لە دوای یەکەکانی تاقمە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە فەلەستین، لوبنان، سووریە، عێراق و یەمەن  و بارودۆخی نالەباری ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و نیزامیی کۆماری ئیسلامی و هەروەها نەمانی گرینگیی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا و بێ بایەخ بوونی کۆماری ئیسلامی و دوورخستنەوەی لە بڕیارەکانی پێوەندیدار بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرا.

لە بەشێکی تری بەرنامەکەدا هەر یەک لە خاتوون پیترا بایەر ئەندام پارلەمان و بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی حیزبی سوسیال دێموکرات، خاتوون بێریوان ئەسلان ئەندامی پارلەمانی شاری ڤییەن لە حیزبی سەوزکان چەند وتەیەکیان پێشکەش کرد.

ئەم بەڕێزانە وێڕای پیرۆزباییان لە حیزبی دێموکرات و گەلی کورد بەم بۆنەیەوە هیوایان خواست کە کوردەکان هەرچی زووتر بە سەربەخۆیی و سەروەری نیشتمانیی خۆیان بگەن و پشتیوانیی خۆیان بۆ نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات و خەباتی ئازادیخوازانەی نەتەوەی کورد دووپات کردەوە.

بەشێک لە میوانەکان، کە دەرفەتی بەشدار بوونیان نەبوو بە نوسراوە پەیامەکانیان ناردبوو بۆ بەشی پەیوەندیە نێونەتەوەییەکانی حیزب کە بریتی بوون لە:

خاتوون سایە ئەحمەد بەرپرسی گەڕەکی ٩ی شاری ڤییەن سەر بە حیزبی سوسیال دێموکرات

خاتوو کۆلۆرێس باکۆس لە حیزبی لیبراڵ دێموکراتی ئوتریش

خاتوون ڕووت دانینگەر سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی ژنانی سوسیال دێموکرات

ئاغای پیتەر فلۆریانی شۆتز لە حیزبی سوسیال دێموکرات

خاتوون شەفەق ئاکچای لە حیزبی سوسیال دێموکرات

کلاودیا کریگلشتاینەر لە حیزبی کومۆنیست

خاتوو ناتالی ڕایدڵ لە حیزبی لیبرال دێموکرات

چەپەر حاجۆ لە حیزبی سوسیال دێموکرات

نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکانی خوارەوەش سەرەڕای بەشدار بوونیان لە ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی پیرۆزباییان پێشکەس بە کۆمیتەی حیزب کرد، کە بەداخەوە بە هۆی کەمی کات نوتوانرا پەیامەکانیان بخوێندرێنەوە.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

پارتی ئازادی کوردستان

پارتی دێموکراتی کوردستان

حیزبی شیوعی عێراق

پارتی دیمۆکراتی کوردستانی سووریە

پارتی دیمۆکراتی پێشوەرۆی کوردی سووریە

پارتی دێموکراتی کوردستان سووریە ئەلوەحدە

پارتی یەکیەتی دێموکراتی کورد لە سووریە

پارتی یەکیەتی کورد لە سووریە

مەڵبەندی کوردی لە ئوتریش

ماڵی کوردان

بەشێکی تری ڕێوڕيسمەکە بریتی بوو لە گۆرانی و مۆسیقا لەلایەن گۆرانیبێژی دەنگخۆش کاک شێرکۆ مەریوانی و مووسیقار کاک دیار کەریم و هەروەها شادی و هەڵپەڕکێی بەشداران کۆتایی پێ هات.