کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی و دووڕێیانی چارەنووس!

00:31 - 3 رێبەندان 2724

کۆماری ئیسلامی و دووڕێیانی چارەنووس!

عومەر باڵەکی

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئیران هەتا دەستپێکی ڕاپەرینی "ژینا" چ لە نێوخۆی وڵات و چ لە دەرەوەی ئێران لە بیروڕای گشتیی خەڵک و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا وایان نیشان دەدا ڕێژیمەکەیان، نیزامێکی سەقامگیر و بەهێزە و ئەوەندەش بەهێزە کە کاریگەریان لەسەر هەموو ڕووداوەکانی ناوچەکە هەیە. هەروەها هیچ ئاڵوگۆڕێکی سیاسی و تەنانەت هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا بەبێ کۆماری ئیسلامی سەر ناگرێ و ئەگەر سەریشی گرتبا حەتمەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای هێزە نیابەتییەکانی خۆیەوە گرفتیان بۆ ئەو هاوپەیمانییە دروست دەکرد. بەڵام ڕاپەرێنی "ژینا"ڕوخساری ڕاستەقینەی هیز و توانا و پێگەی جەماوەریی ئەو نیزامەی هەم بۆ گەلانی ئێران و هەم بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڕوونی دەرخست و ئەوە بووە هۆی لاوازبوونی پێگەی سیاسی و دیپڵۆماسیی ئەو ڕێژێمە هەم لە نێوخۆی ئێران و هەم لەنێو کۆمەڵگەی جیهانیدا.

دەسەڵاتدارانی تاران لە دوای ڕاپەرێنی "ژینا" بەتەواوی دۆشداماو و بێدەسەڵات بوون لە چارەسەرکردنی قەیرانە نێوخۆیی و دەرەکییەکان کە لە ماوەی ٤٥ ساڵ دەسەڵاتدارەتیی خۆیاندا بۆ گەلانی ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خولقاندبوویانن و دیتمان لە ڕاپەرێنی ژینادا ئاکامی ئەو قەیران‌خولقێنییانە بە ڕووی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیدا تەقیەوە و بەتەواوی سیستمی سیاسی و ئیداریی ئەو ڕێژیمەی هێنا ژێر پرسیار. بۆیە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران  بۆ مانەوەی خۆیان و ڕێژییمەکەیان بێجگە لە سەرکوتی بێبەزەییانەی خۆپێشاندەرانی ناڕازیی سەرشەقام لە نێوخۆی ئێران، لە ئاستی ناوچەکەشدا لە هەوڵی ئەوەدا بوون قەیرانێکی وا بخوڵقێنن کە بەشێک لە دەوڵەتانی ناوچەکە تووشی شەڕ و ئاژاوە بکەن و بەو چەشنە هەڵ و دەرفەتێک بۆخۆیان بڕەخسێنن کە بتوانن بە سەر قەیرانەکانی دوای ڕاپەرینی "ژینا"دا زاڵ ببن. بۆ ئەو مەبەستە لە ڕوانگەی گەڵاڵەدارێژەرانی کۆماری ئیسلامییەوە باشترین سووژە کێشەی نیوان ئیسرائیل و فەلەستین بوو. بۆیە لە ڕێگای ڕێکخراوی "حەماس"ەوە پلانی هێرشکردن بۆ سەر ئیسرائیل یان لە ٧ی ئوکتوبری ٢٠٢٣دا داڕشت.

پلان و پیلانی ٧ی ئۆکتۆبەر بەو ستراتیژییە داڕێژرابوو کە سۆز و هەستی وڵاتانی عەرەبی ببزوێنن و دوای دژکردەوەی توندی ئیسرائیل، ئەوانیش بەدژی ئیسرائیل دژکردەوە لە خۆیان نیشان بدەن  و بەو شێوەیە ناوچەکە تووشی شەڕ و ئاڵۆزییەکی بەربڵاو بکەن تا هەم قەیرانەکانی نێوخۆی ئێرانی پێ داپۆشن و هەم ڕێگری بکەن لە سەرگرتنی سوڵحی ئیبراهیم کە لە نێوان ئیسرائیل و کۆمەڵێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەدا لە ئارادا بوو. لە هەمان کاتدا کردنەوەی بەرەیەکی شەڕ بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوایی بە قازانجی ڕووسیە لە ڕۆژهەڵاتی نێوڕاست بخولقێنن بۆ ئەوەی لە پاڵپشتی ئەو وڵاتانە بۆ ئۆکراین کەم بکەنەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی دۆستە ستراتیژییەکەی -واتە ڕوسییە- دەستی ئاوەڵەتر بێ بۆ گۆشارهێنانی زیاتر بۆ سەر وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئەمەش ببێتە کارتێک لە دەستی کۆماری ئیسلامی لە وتووێژەکانی لەگەڵ تروئیکای ئورووپادا، واتە هەوڵدان بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی  هێز لە ناوچەکەدا بە قازانجی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی و هاوپەیمانەکانی.

بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکان و پەرچەکرداری خێرا و توندی ئیسرائیل بەدژی ڕێکخراوی حەماس و پاڵپشتی بێ ئەملا و ئەولای وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە حکوومەتی ئیسرائیل لەو شەڕە، بەتەواوی پلانی کۆماری ئیسلامیی تووشی شکان کرد و بە زیانی قەرەبوونەکراو بۆ دەسەڵاتدارانی تاران شکایەوە. چونکە لەو شەڕەدا هیچ کام لە وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە بە قازانجی ڕێکخراوی حەماس تێکەڵ بە شەڕەکە نەبوون و تەنانەت ئەوکاتەی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ڕاستەوخۆ هێرشی مووشەکیی کردە سەر خاکی ئیسرائیل، بێجگە لە وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا هیندێک لە وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە یارمەتیی حکوومەتی ئیسرائیلیان دا لە تەقاندنەوەی مووشەک و دڕۆنەکانی کۆماری ئیسلامی. ئەوەش سەرەتای شکانی نیزامیی کۆماری ئیسلامی بوو لە ناوچەکەدا و دەستی حکوومەتی ئیسرائیلی زیاتر ئاوەڵا کرد بۆ لیدانی زیاتری هەموو ئەو هێز و ڕێکخراوانەی پاڵپشتی سیاسەتی کۆماری ئیسلامییان لە ناوچەکەدا دەکرد. لە ئاکامدا هەر دوو ڕێکخراوی حیزبوڵڵا و حەماس لە بواری نیزامییەوە بە چەشنێک لاواز بوون کە توانای دژ کردەوەی کاریگەریان لە بەرانبەر ئیسرائیلدا لەدەست دا و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی گەیشتنە ئەو ئەنجامە کە لە مەیدانی کردەوەدا ناتوانن لەو شەڕەدا سەرکەوتن بەدەست بێنن. بە تایبەتی دوای ڕووخانی خێرای حکوومەتی "بەشار ئەسەد" لە سورییە و تەنانەت حکوومەتی ڕوسییە لەو شەڕەدا کە کۆماری ئیسلامی هەڵیگیرساندبوو چ لە بواری دیپڵۆماسی و چ لە بواری نیزامییەوە بەئاشکرا یارمەتیی دەسەڵاتدارانی تارانیان نەدا.

ڕاستە لە ئێستادا کاربەدەستان و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بە هەموو توانایانەوە هەوڵ دەدن پاساو بۆ شکستهێنانی پرۆژەی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی و سیاسەتی دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆی وڵاتانی ناوچەکە بێنەوە. بەڵام شکەستەکە ئەوەندە قورس و دیارە هیچ پاساوێک هەڵناگرێ و ئەو هەرەسهێنانە لەناوچەکەدا ڕاستەوخۆ کاریگەریی کردۆتە سەر ورەی خەڵک لە نێوخۆی ئێران و ڕۆژانە بە دەیان پرسیاری هەمەچەشن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت لە گۆڤار و ڕۆژنامە و و ماڵپەرە جوراوجۆرەکانی نێوخۆی ئێران بەرەوڕووی دەسەڵاتدارانی تاران دەکرێنەوە و ڕێژیم لە گشتییەتی خۆیدا دێننە ژێر پرسیار .چونکە لە لایەک لە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا داهات و سامانی گەلانی ئێران چۆتە گیرفانی ئەو ڕێکخراوە و گرووپە نیابەتییانەی نیزام کە لە وڵاتانی ناوچەکەدا دروستی کردوون و بەکردەوە دەرکەوت کە ئەو هێزە نیابەتییانە لە کاتی تەنگانەدا نەیانتوانی ئەو هێزە گوشارە بن کە هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندی ڕێژیمی ئێران بگۆرن.

  لەلایەکی دیکەوە بیجگە لەوەی گەڵانی ئێران لە بوارەکانی ئازادییە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانەوە زیاتر لە جاران دەچەوسێندرێنەوە و سەرکوت دەکرین، بە هۆی ئابلۆقەی ئابووریی نێودەوڵەتی لە بارودۆخێکی نالەباری ژیاندا دەژین و ئەوانە هۆکاری گرینگن کە دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران ڕۆژبەڕۆژ زیاتر و زیاتر بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی بەرز بێتەوە.  وەزعییەتی کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا دەکرێ لەیەک ڕستەدا بەو شێوەیە وێنا بکەین کە ئەگەر پێش ڕووداوەکانی ٧ی ئوکتۆبر دەگوترا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست حوکمی پێنج پیتەخت دەکەن، ئێستا لە ئیدارەدانی پێتەختی خۆشیاندا زەبوون و داماون.

لەو هەلومەرجەدا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی خۆیان تەنیا دوو ڕێگایان لە پێشە: یەکەم ڕێگا ئەوەیە، پێکهاتن لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایی بە تایبەتی ئەمریکا و پاشەکشە و دەستهەڵگرتن لە هەموو ئەو کاروکردەوانەی وەک هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، وازهێنان لە دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە، وازهێنان لە پشتیوانیی تیرۆر، وازهێنان لە کێبەرکێی چەک بەتایبەتی پێشەسازیی چەکی ناوکی و مووشەکی، داننان بە مافی شارۆمەندیی خەڵک لە نێوخۆی ئێران بە پێوەرە جیهانییەکان و ... . بەکورتی کۆماری ئیسلامی لە نەزمی جیهانیدا ببێتە تەیرێکی مەعقول. دووهەم ڕێگاش بەردەوامیی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لەسەر درێژەدانی سیاسەت و ئاجێنداکانی پێشووی و ملنەدان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایی.

لە هەر دوو ئەو حاڵەتدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ناتوانی ئەو هێژمۆنی و دەسەڵاتەی پێش ڕووداوەکانی ٧ی ئوکتۆبر لە ناوچەکەدا هەیبوو بەدەستی بێنێتەوە. هەروەک دوای ڕووداوەکانی ڕاپەرێنی "ژینا" نەیتوانیوە بە سەر ئیرادەی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێراندا زاڵ بێ و کۆمەڵگەی ئێران بگەڕێنیتەوە بۆ پێش ڕاپەرینی "ژینا". لە ئاکامدا دەتوانین بگەین بەو ئاکامە کە چارەنوسی ڕێژیمی ئێران لەسەر دوو ڕێیانێکدا قەراری گرتوە بە چەشنێک بە هەر کامیاندا بڕوا دەرنگ یا زوو حوکمی  بە نەمامی خۆی داوە.