کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی ٩ هاووڵاتی لە پیرانشار

18:47 - 3 رێبەندان 2724

بە دەسبەسەرکرانی سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "کەیوان ئەساسە" و "جێگر موجاهێدی" و "فەرهاد پلە" لە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە ١ و ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، ژمارەی دەسبەسەرکراوانی ئەم شارە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە گەیشتە ٩ کەس.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، "جێگر موجاهێدی" خەڵکی پیرانشار ڕۆژی یەکی ڕێبەندانی ١٤٠٣ و "کەیوان ئەساسە" خەڵکی پیرانشار ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەیان دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

پێشتر کوردپا ڕاپۆرتێکی لە دەسبەسەرکردنی شەش هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی پیرانشار لە ڕۆژانی ٣٠ی بەفرانبار و یەکی ڕێبەندانی ١٤٠٣ بڵاو کردەوە. "هیوا شوجاعی" خەڵکی پیرانشار، "موراد ئوستوار" خەڵکی گوندی "پەسوێ"، "نێعمەت ئەحمەدنژاد" خەڵکی گوندی "لکبن"، "محەممەد سۆهرابی" خەڵكی پیرانشار و "فەردین مەحموودی" خەڵکی پیرانشار، ناوی ئەم کەسانەیە.

"محەممەد سۆهرابی" لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە حوکمی ١٦ مانگ بەندکران و یەک ساڵ دوورخرانەوە، "فەردین مەجحموودی" چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی و "هیوا شوجاعی" لەدوای هێرش بۆ سەر شوێنی کارەکەیان بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و دواتر هێرشیان کردە سەر ماڵەکانیان و زۆربەی کەلوپەلە کەسییەکانیان بە بێ بەڵگەی یاسایی لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەروەها "موراد ئوستوار" و "نێعمەت ئەحمەدنژاد"یش بە بی بەڵگەی یاسایی لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە هێرش بۆ سەر ماڵەکەی و لە کاتژمێرەکانی سەرەتای نیوەشەودا دەسبەسەر کرا و هەندێ لە کەلوپەلەکەی دەستیان بەسەردا گیرا.

موراد ئوستوار تەمەن ٤٥ ساڵ کوڕی ساڵح، خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە. نێعمەت ئەحمەدنژاد تەمەن ٣٧ ساڵ، خێزاندارە و سێ منداڵی هەیە. محەممەد سۆهرابی، خێزاندارە و کابینێت دروست دەکات. فەردین مەحموودی تەمەن ٣٠ ساڵ و خێزاندارە. هیوا شوجاعی تەمەن ٣٤ ساڵ و خێزاندارە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.