دوابەدوای گوشارەکان بۆ سەر خەڵکی کوردستان بە مەبەستی پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی مانگرتنی گشتی، ئەمڕۆ چوارشەممە ٣ی ڕێبەندان، ناوەندە ئەمنییەتییەکان و فەرمانداریی بۆکان بازاڕییان و کاسبکارانیان بانگ کردوون و بە وەرگرتنی بەڵێننامە و ڕاگەیاندنی وەستاندنی سزای پەخشان عەزیزی هەوڵیان داوە پێش بە مانگرتنی خەڵک بگرن.
زیاتر لە ٥٠ کەس لە کاسبکار و بازاڕییان بانگی فەرمانداری کراون و بە وەرگرتنی بەڵێینامە هەڕەشەیان لێ کراوە کە نابێ پەیوەستی مانگرتنەکە بن.
ناوەندەکانی فەرمانداری، ئیتلاعات و سپا هەڕەشەیان لە کاسبکاران و بازاڕییان بەتایبەت لە پاساژەکان، قوماش فرۆشی و زێڕینگەرییەکان کردووە کە نابێ پەیوەستی مانگرتنەکە بن و دووکانەکانیان دابخەن.
هەروەها ناوەندە ئەمنییەتییەکان وەستاندنی سزای سێدارەی پەخشان عەزیزیان بە بازاڕییان ڕاگەیاندووە و وتوویانە پێویست نییە مان بگرن و سزاکە هەڵوەشاوەتەوە.
دوابەدوای بانگەوازی حیزبە کوردستانییەکان بۆ نا وتن بە لەسێدارەدان لە هەندێ لە شارەکانی کوردستان لەوانە سەقز، سنە، مەهاباد و ... مانگرتنی گشتی بەڕێوە چوو.