شەش هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سنە بە هۆی بەشداریکردن لە مانگرتنەکانی ڕۆژی ٣ی ڕێبەندان لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ''کوردپا'' ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندان، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی مانگرتنی گشتی دوکاندارانی کورستان، شەش هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سنە بە ناوەکانی محەممەد سەیف پەناهی، سینا ڕەزایی، محەممەد ئەتڵەسی، ئومید محەممەدی، ئەمجەد گریاخیز و نەعیم دوستی، بەهۆی بەشداری کردن لەو مانگرتنە دەسبەسەر کران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ دەسبەسەرکردنی ئەو شەش هاووڵاتییە بەبێ حوکمی دادوەری و بە شێوەیەکی توندوتیژانە ئەنجام دراوە.
ئەمجەد گریاخیز و نەعیم دۆستی چالاکانی کرێکاری لە شاری سنە و ئەندامانی کەمپێنی دژایەتی سزای لەسێدارەدانن. هەروەها محەممەد سەیف پەناهی و سینا ڕەزایی لە سەندیکای پێڵاوفرۆشانی سنە بوون.
ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندان ، دوابەدوای بانگەوازی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی مانگرتنی گشتی بە مەبەستی دژایەتیکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، لە زۆرێک لە شارەکانی کوردستان، لەوانە سنە، مەهاباد، سەقز، دیواندەرە، مەریوان و بۆکان، مانگرتنێکی بەرفراوانی دوکاندار و بازاڕیان بەڕێوە چوو کە ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەشێوەی جۆراجۆر لەوانە بانگردن، دەسبەسەری و هەرەشە و گوشار ڕووبەڕووی بازاڕییان بوونەتەوە.