کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێودەوڵەتی: شەش زیندانیی سیاسی لە ئێران مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە

11:15 - 6 رێبەندان 2724

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هۆشداریی دا کە شەش زیندانیی سیاسی بە ناوەکانی ئەکبەر دانشوەر کار، سەید محەممەد تەقەوی سەنگدەهی، بابەک عەلیپوور، پوویا قوبادی بیستوونی، وەحید بەنی عاماریان و سەید ئەبولحەسەن مۆنتێزەر، مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بانگەوازێکی بەپەلەدا کە ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی ڕێبەندان، بڵاوی کردووەتەوە، نووسیویەتی، ئەو زیندانییانە سیاسییانە لە پڕۆسەیەکی زۆر نادادپەروەرانە بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ ڕووبەڕووی هەموو جۆرە ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتێکی خراپ بوونەتەوە.

ئەم ڕێکخراوە زیادی کرد: پڕۆسەی دادگاییکردنی زیندانییانی سیاسی باسکراو زیانی گەورەی بە دادپەروەری و ڕوونکاری گەیاندووە.

ئەم شەش زیندانییە سیاسییە لەلایەن ئیمان ئەفشاری بەرپرسی لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران بە تۆمەتی ''بەغی'' لە ڕێگەی ئەندامەتی لە حیزب و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆندا" حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێندرا.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەشێکی بەیاننامەکەیدا باسی لەوە کردووە کە ئەو کەسانە بە تۆمەتی "بەغی" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە، کە لە ڕووی یاساییەوە بە مانای چالاکیی چەکداری یان ڕاپەڕین لە دژی حکوومەت دێت، جەختی لەوە کردەوە کە تۆمەتباران چەندین جار تۆمەتی  "بەکارهێنانی چەک دژی کۆماری ئیسلامی"یان ڕەت کردووەتەوە.

ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییە باس لە " لێدان و قامچی لێدانی بەردەوام، سنووردارکردنی دەستپێڕاگەیشتن بە ناوەندە تەندروستییەکان، ڕاگرتنی درێژخایەن لە ژووری تاکەکەسی و هەڕەشەی کوشتن بە چەک" وەک بەشێک لەو ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتە خراپانە دەکات کە لە کاتی دەسبەسەریی و لێپرسینەوە لە دژی ئەم زیندانییانە ئەنجام دراون.

زیادبوونی جێبەجێکردن، دەرکردن و پشتڕاستکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدان بۆ زیندانییانی سیاسی لە ئێران لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات ناڕەزایەتییەکی زۆری بەدواوە بووە.