کوردستان؛ سەرباشقەی خەبات
هەردی سەلیمی
مانگرتنی شکۆمەند و سەرکەوتووانەی ڕۆژی ٣ـی ڕێبەندان کە لەسەر داوای شەش لایەن و حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، لاپەڕەیەکی گرنگی تری لە دەفتەری بزووتنەوەی کوردستاندا نەخشاند. کوردستان جارێکی دی نیشانی دا کە لە ڕووی سیاسی و ڕێکخستنەوە بە چەندین قات لە پێشەوەی شوێنەکانی تری ئێرانە. بۆ دەرکەوتنی زیاتری گرنگیی مانگرتنی ئەم جارە دەبێ باس لەوەش بکەین کە لەگەڵ ئەوەی هەڕەشە و تۆقاندنی خەڵک و کاسبکاران لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە زۆر چڕتر لە جاران بوو، بەو حاڵەشەوە خەڵک پێشوازییان لەو داوا بەجێیە کرد.
کۆماری ئیسلامی کە لە ڕووی سیاسی و ڕەوایی و نیزامی و دیپلۆماسی و ئابووری و هەموو ڕەهەندەکانی تری دەسەڵاتدارییەوە تووشی شکستی سەرشۆڕکەرانە بووە، دەیهەوێ بە ئامێری سەرکوت و ترساندنی خەڵکی ئازادیخواز لە ڕێگەی زیندان و ئێعدامەوە پشتی چەماوی بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاست بکاتەوە، ئەم جاریش بە دەرکردنی سزای بەکۆمەڵی ئێعدام بۆ چەندین زیندانیی سیاسی، بەتەمایە تۆڵەی شکستەکانی لە خەڵکی ئازادیخواز بکاتەوە؛ هەر بەم بۆنەوە و بە دەرکردنی ئەم سزایانە بەرەوڕووی کۆمەڵێک ناڕەزایەتی بۆوە. ناڕەزایەتیی پتر لە یازدە ڕێکخراوی پیشەییی مامۆستایان و کرێکاران وەک سەندیکای کرێکارانی "شرکت واحد اتوبوسرانی" و سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری حەوتتەپە، پاڵپشتیی ٣٤٠٠ هونەرمەند و نووسەر و چالاکی مەدەنی. ئایینی، سیاسی و خوێندکاری، ڕۆژنامەنووسان و پارێزەران لەو بەندییە سیاسییانەی وا لەژێر مەترسیی بەڕێوەچوونی سزای سێدارەدان، هەروەها بەرینتربوونی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام، ویژدانی کۆمەڵگەی ئێرانی زیاتر لە هەر کاتێک لە بەرامبەر ئەم سزا نامرۆڤانە و ئەم کوشتنە حوکوومەتییەدا ئاگادار کردووەتەوە. لەگەڵ هەموو ئەم ناڕەزایەتییانە داواکاریی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لە خەڵکی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی مانگرتنێکی گشتی لەدژی ئەم سزا ناعادڵانە سەرتۆپی هەموو ئەو ناڕەزایەتیدەربڕینانە بوو.
حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای جیاوازیی ڕا و ڕوانینی سیاسییان لە پێوەندی لەگەڵ ئەم ویستە هاوبەشەدا بە هەستکردن بە بەرپرسیارەتییەکی حەیاتی و گرنگ و مێژوویی، داواکاریی خۆیان ڕوو بە خەڵکی کوردستان بە یەکڕیزی و یەکدەنگییەوە ڕاگەیاند، کە لەلایەن خەڵکی کوردستانیشەوە بە هەمان شێوە وڵام درایەوە. جگە لە گرنگیی یەکهەڵوێستیی چەندین حیزبی سیاسیی کوردستان لە ڕاگەیەندراوی ئەم جارەدا کە جێی دڵخۆشیی هەموو خەمخۆرانی پرسی کوردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم داواکارییە دژکردەوەیی نەبوو و پێشگیرانە بوو، کە خۆی هەنگاوێکی گرنگ و دەسپێشخەرانەیە. هەروا بێتەوە پەیامێکی جێی سەرنجی بۆ ئەو بەشە لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیی دەرەوەی وڵات تێدا بوو کە دەبێ باش بزانن لەدوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامییش لەگەڵ کوردستانێکی یەکڕیز و ئەحزابێکی خاوەننفووزدا بەرەوڕوون؛ کۆماری ئیسلامی پەیامەکانی کوردستانی وەرگرتووە و بەباشییش ئاگاداری ئەم خاڵە بەهێزانەی کۆی بزووتنەوەی کوردستانە، بەڵام گرنگە هاوکات لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەشێکی بەرچاو لە ئۆپۆزیسیۆنیش ئەم سیگناڵانە وەربگرن.
هەر لەم پێوەندییەدا چەند حیزب و ڕێکخراوێکی فارس پاڵپشتیی خۆیان لە مانگرتنی ئەم جارەی کوردستان ڕاگەیاند، ناوەندی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕێگای کرێکار) و کومیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا وێڕای بانگهێشتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنان و لاوان و... بۆ پاڵپشتیی مانگرتنی کوردستان، پشتیوانیی خۆیان لە داواکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕی. ناوەندی سیاسی-بەڕێوەبەریی حیزبی چەپی ئێرانیش کە لە تێکەڵبوونی سێ ڕێکخراو پێک هاتووە لە ڕاگەیەندراوێکدا بەبۆنەی پاڵپشتی لە داواکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، داوایان لە هەموو خەڵکی ئێران کردبوو لەگەڵ مانگرتنی کوردستان کەون. بەدەر لەوەی ئەم حیزبانە کەم بوون و بەردەنگەکانیان لەم پێوەندییەدا بەدەمیانەوە نەچوون، بەڵام ئەم هەڵوێستە جێی ڕێزە و دەکرێ هەنگاوێک بێ بۆ ئەوەی لایەنە دێموکرات و پێشکەوتنخوازەکانی دیکەش بە سەرسامی و هاودڵییەوە بڕواننە تێکۆشان و خەباتی کوردستان و میراتی خەباتی کوردستان بکەنە ئۆلگوویەکی بەهەقی موبارزاتیی خۆیان بۆ ئەندامان و لایەنگرانیان، هەتا زووتر کۆماری ئیسلامی بەچۆکدا بێ و کوردستانیش لە خەباتی خۆیدا بەدژی ئەو ڕێژیمە بەتەنیا نەبێت.