خەڵکی ئێران و بەڵایەک بە ناوی کۆماری ئیسلامی
عەلی بداغی
لە ڕێبەندانی ئەمساڵدا کۆماری ئیسلامیی ئێران دەچێتە چلوحەوتەمین ساڵی دەسەڵاتدارەتیی خۆی. لەجێدا پرسیار ئەوەیە چوار دەیە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی چ خێروبێرێکی بۆ خەڵک و وڵاتی ئێران بووە؟ لە چەند فاکتێکدا وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەینەوە:
بێبایەخیی گیان و ژیانی مرۆڤ
لە ماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی ئەوەندەی پێی زاندراوە ٢٦٣٢٥ کەسی ئێعدام کردوە. لە شەڕی ٨ ساڵە لەگەڵ عێڕاقدا کە دەکرا هەر لە مانگەکانی یەکەمدا کۆتایی هاتبا و ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی بەئانقەست و بە مەبەستی ڕەگداکوتانی دەسەڵاتەکەیان درێژیان کردەوە ٢٥٥٥٧٠ کەس بەکوشت دران، ٥٧٤١٠١ کەس بریندار بوون کە پتر لە نیوەیان لە سەتا ٢٥ هەتا سەتا ٧٥ نقوستان بوون. هەر لەو شەڕەدا ٥٥٠ هەزار منداڵی چەکدارکراو نێردرانە بەرەکانی شەڕ کە ٣٦ هەزار کەس لەو منداڵانە تەرمەکانیان گەڕانەوە.
لە ئێران لە ساڵدا نیزیک ٢٠ هەزار کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ دەمرن، ٩ هەزار کۆرپە بەهۆی هەژاریی بنەماڵەکانیان گیان لەدەست دەدەن، ٥ هەزار کەس بەهۆکاری جۆراوجۆری ئابووری و کۆمەڵاتی خۆیان دەکوژن؛ و لانیکەم ٢ هەزار کەس بەهۆی ڕووداوی کار تێدا دەچن و ەرپرسایەتیی هەموو ئەم مردنانەش لە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی و ڕێبەرانیەتی.
دەسەڵاتێکی تا سەر ئێسقان دژی ئازادییەکان
هیچ ساڵێک نەبووە کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، مافی کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکان و سنووردارکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی ئێران لەلایەن شووڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤەوە مەحکووم نەکرابێ. دیاریکردنی ڕێپۆرتێری تایبەت بە کاروباری ئێران لە شووڕای مافی مرۆڤ هەر لەجێدا پێمان دەڵێ کە لە ئێران چ ڕادەبرێ!
خەساندنی کۆمەڵگە بە پیلان و پلان
سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە چوار دەیەی ڕابردوو لە بەستێنی کۆمەڵایەتیدا کۆمەڵگەی ئێرانی بەرەو هەرەس بردوە. چوار هەتا شەش میلیون کەس لە حەشیمەتی ئێران گیرۆدەی مادە هۆشبەرەکانن. تەمەنی توشبوون بە مادەی هۆشبەر بۆ خوار ١٠ ساڵ دابەزیوە. لە سۆنگەی پەرەسەندنی دیاردەی ئێعتیاد، هەژاری و بێكارییەوە ئاماری تەڵاق بەردەوام لە هەڵکشان دایە. تەمەنی لەشفرۆشی بۆ خوار ١٤ ساڵ دابەزیوەکە بەشی زۆریان خوێندەوارن و خاوەن مێرد و منداڵن.
لە ئێرانی ئێستادا ڕۆژ بە ڕۆژ تەمەنی لادان و تاوانکاری دێتە خوارێ و درۆ و چەوتی هەموو جومگەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی خەڵکی داگرتوە. بەپێی ئاماری دەزگای قەزایی لە ساڵدا لانیکەم ٣ میلیۆن پەروەندەی كەیفەری و ٢ میلیۆن پەروەندەی حقووقی لە دادگاكانی وڵاتدا كاریان لە سەر دەکرێ و، زیاتر لە ٣ میلیۆن پەروەندەش لە «شووڕاكانی حەلی ئیختلاف»دا بەدواداچوونیان بۆ دەكرێ. کاڵبوونەوە و گۆڕانی بایەخ و نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان، لادان و قانوون بەزاندن و دروستبوونی کەلێن و کەلەبەر لە نێوان تاک و کۆمەڵگە واقعێکی حاشاهەڵنەگری کۆمەڵگای ئێرانە کە دەرەنجامی شکستی سیستەمی پەروەردەیی و سیاسەتی کەلانی کۆماری ئیسلامییە لە مهەندیسی کردنی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەدا.
خەڵک لە دەرەوەی هەموو ئامانج و بەرنامەکان
بیرهێنانەوەی چەند ئاماری ڕەسمی پێمان دەڵێن کە کۆماری ئیسلامی ئەوەی بۆی گرینگ نەبێ خەڵکی ئێران و ماف و گوزەرانیانە. لە ڕوانگەی ئەوانەوە خەڵک تەنیا بۆ شانۆگەریی هەڵبژاردنەکان دەبن و، لە کاتی شەڕدا بۆ دەم لوولەی تۆپەکان. کاربەدەستانی ڕێژیم خۆیان دەڵێن کە لە ئێستادا دوو میلیون بنەماڵە کرێچین و ماڵ و حاڵیان نییە و لەو هەوایەش بڕوا قەت نابنە خاوەنی چوار گۆشەیەک میچەکەی ئی خۆیان بێ. ئەویش لە کاتێکدا کە لە یەک ساڵی ڕابردوودا کرێماڵ دوو هیندەی پێشوو زیادی کردوە.
نان کە سەرەکیترین قووت و بژیوی ژیانی خەڵکە، ڕۆژ بە ڕۆژ گرانتر دەبێ و کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی مەجلیس ڕایگەیاندوە کە پێوەری داماوی (فلاکت) بۆ سەروو سەتا ٥٠ هەڵکشاوە.
ڕاپرسییەکی مەیدانی دەری خستوە کە ٣٠ میلیون کەس لەبن هێڵی هەژاریی موتڵەقدا دەژین و فرۆشتنی ئەندامانی لەش لەسۆنگەی هەژاری و بێدەرەتانی دیاردەیەکە کە لە سایەسەری ئەم حکوومەتەدا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە کۆمەڵگەی ئێراندا پەرە دەستێنێ.
بەشی خۆم بۆ خۆم و بەشی تۆش دەخۆم
بودجەی ئاوەدانی و خۆشبژیویی خەڵک کەمترین بەشی هەیە لە بودجەی ساڵانەی وڵاتدا، بەڵام بودجەی ناوەندەکانی سەرکوت، هێزە سەربازی و ئەمنیەتییەکان، دامودەزگاکانی سەر بە دەسەڵات و پیلانگیڕی و شەڕخوڵقێنی لە ناوچەی بەپێی فیلانە. تەنیا لە نموونەیەکدا دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد ڕاگەیەندرا کە ٣٠ میلیارد دۆلار پووڵ و سامانی وڵات تەنیا لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا لەو وڵاتە بەفیڕو دراوە. بەشی دامەزراوە و بنیات و ڕێکخراوە دینی و ئیدۆلۆژییەکان لە بودجەی وڵات چەند قات لە بەشی زانکۆ و پەرورەدە و بنیاتە زانستییەکانی وڵات زیاترە کە خزمەتی وڵات و کۆمەڵگە دەکەن.
تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی
هیچ وڵاتێک نییە لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی بە ماکەی تێرۆریزمی دەوڵەتی نەزانێ. هەتا ئێستا چەند دادگای نێودەوڵەتی و دەزگای دادی سەربەخۆی وڵاتان کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان سەبارەت بە بڕیاردان و دەستتێداهەبوون لە کردەوە تێرۆریستییەکاندا مەحکووم کردوە. مەحکوومکرانی ئێران لە پەروەندەی «آمیا» لە ئارژانتین، «مێکونووس» لە ئەڵمان، زنجیرە تەقینەوەکانی ساڵی ٢٠١٢ی بانکوک لە تایلەند و «هیند» و «کێنیا» تەنیا چەند نموونەیەک بۆ بیرهێنانەوەن.
ڕێژیمێکی بارمتەگر، لە سەرەتاوە تا ئێستا
دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە بە داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران دەستی پێکرد. ئێستا ئەم ڕێژیمە چلوشەش ساڵە لەلایەک هەموو خەڵکی ئێرانی بە بارمتە گرتوە و کردوونی بە قەڵغانی بەڵا و لەلایەکی دیکە بە بارمتەگرتنی ڕۆژنامەنووس و گەشتیار و چالاکانی فەرهەنگیی وڵاتانی بیانی ویست و ئامانجەکانی بەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دەسەپێنێ کە بەداخەوە تا ڕادەیەکی زۆریش سەرکەوتوو بووە.
لە کۆتاییدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەڵایەکە هەم بۆ خەڵکی ئێران و هەم بۆ کۆمەڵگەی جیهانی، کاربەدەستانی ئەم ڕێژیمەش تەنیا شیاوی ئەوەن کە بدرێنە دادگای خەڵک و سەبارەت بە تاوانەکانیان تێیان هەڵپێچن. بۆیە ڕەوا نییە بێ لەبەرچاوگرتنی ویستی ئەم خەڵکە و ڕاستییەکانی ئەم کۆمەڵگەیە، لەگەڵ ڕێژیمێک بەو پێناسە گەندەڵ و نێوەرۆکە دژەمرۆڤایەتییە بکەویە سازان. ئەم ڕێژیمە دەبێ لە کۆڵ خەڵکی ببتەوە، خەڵکی ئێرانیش قۆڵیان لەم کارە هەڵماڵیوە و تێیدا سەرکەوتووش دەبن.