کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ٧٩یەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە نۆروێژ

10:58 - 8 رێبەندان 2724

ڕۆژی شەممە ٦ی ڕێبەندان (٢٥ی ژانویەی ٢٠٢٥) ، لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە وڵاتی نۆروێژ ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ٢ی ڕێبەندان، ٧٩یەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان، بە بەشداریی نوێنەرانی بەشێکی بەرچاو لە حیزب و ڕێکخراوە کوردستانی، ئێرانییەکان و سەدان کەس لە ئەندامان، دۆست و لایەنگرانی حیزب و کوردانی دانیشتووی وڵاتی نۆروێژ، بەڕێوە چوو.

لە سەرەتادا لەلایەن پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکە خاتوو شنۆ مێهرپەرورەوە بەخێرهاتنی میوانان کرا و ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان دەستی پێ کرد.

دواتر هاوڕێ عەباس نامی بەپرسی کۆمیتەی گشتی پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە بۆنەی ٧٩یەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان پێشکەشی ئامادەبووان کرد. 

لەم پەیامەدا هاتبوو: ٧٩ ساڵ لەمەوبەر گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێک لە درەوشاوەترین لاپەڕەکانی مێژووی خۆی تۆمار کرد و بە کردەوە کیانێکی سیاسی- نەتەوەیی لەسەر بەشێک لە جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراند و هەروەها لە درێژەی پەیامەکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کۆماری کوردستان بڕوامەندیی بە تۆلێڕانس و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بوو کە تێیدا سەرجەم جیاوازییەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی بە کورد و ئازەری و ئەرمەنی و ... جێگا ببێتەوە.

لە پەیامەکەی ناوەندی بەڕێوەبەریدا ڕوو بە ناوەند و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات تیشک خرابووە سەر ئەوەی کە، بە سەرنجدان بەو هەلومەرجەی لە ئێراندا هاتۆتە ئاراوە، دەرفەتێکی لەبار بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد هاتۆتە پێش و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتوونەتە بەردەم بەرپرسیارەتییەکی مێژوویی و تەنیا بە یەکگرتوویی و یەکڕیزی دەتوانین دەرەقەتی ئەو قۆناغە بێین و گەلی کورد لە کوردستان بە وەدیهاتنی مافە نەتەوەییەکانیان هیوادار بکەین.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمە‌کەدا کۆمەڵێک حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی و ئێرانیی نیشتەجێی نۆروێژ، وێڕای پێشکەشکردنی چەپکەگوڵ، پەیامی پیرۆزباییان پێشکەش کرد کە بریتی بوون لە:

ڕێکخراوە سێنفییەکانی حیزبی دێموکرات و کۆمەلەی کولتووری گشتی.

پەیامی هاوبەشی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە کوردستانییەکان کە لەو ١٠ حیزبانەی خوارەوە پێکهاتووە : حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی دێموکراتی کوردستان،  پارتیا دێموکراتا کوردستانا باکوور ،  پارتی ئازادی کوردستان ڕۆژهەڵات، ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێری کوردستان، کۆمەڵەی زحمەتکێشانی کوردستان ، پارتی دێموکراتی کوردستانی سووریا ، پارتی سەربەستی کوردستان، پارتیا وڵاتپارێزی کوردستان باکوور و  یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان .

ئەو حیزب و رێکخراوانە خوارەوەش لە پێوەندی لەگەڵ جێژنی ٢ی ڕێبەنداندا پەیامی پیرۆزباییان بۆ کۆمیتەی گشتی یحیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ ناردبوو:

یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان، ڕێکخراوی دەرەوەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کۆمەڵە - نۆروێژ، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، حیزبی خەڵكی بەلووچستان، کۆمیتەی هاوپەیمانیی بەلووچەکانی نۆروێژ، ناوەندی پێشمەرگە دێرینەکان .

لە بڕگەی دواتری ڕێوڕەسمەکەدا کۆمەڵێک لە هونەرمەندان و گرووپی سروود، بە هاوکاریی کۆمەڵەی هونەرمەندانی کورد لە نۆروێژ چەندین گۆرانی و سروودی شۆڕشگێڕییان پێشکەش کرد و ڕێورەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی پێ هات.