کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوئێد/ بەڕێوەچوونی جێژنی ٢ی ڕێبەندان ٧٩یەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان

23:34 - 8 رێبەندان 2724

ڕۆژی شەممە ٦ی ڕێبەندان (٢٥ی ژانویەی ٢٠٢٥)، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هاوکاریی ژمارەیەک ڕێکخراوی دیکە وەک؛ یەکیەتییەکانی ژنان، لاوان، خوێندکاران، زیندانییانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناوەندی یەکیەتیی کوردان و کۆمەڵەی کوردی-سوئێدی، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی بۆ ڕێزگرتن لە یادی ٧٩یەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان پێک هێنا.

ئەو ڕێوڕەسمە بە بەشداریی نزیک بە ١٥٠٠ کەس لە ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزب و کوردانی دانیشتووی وڵاتی سوئێد و نوێنەرانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی، ئێرانی و سوئێدی، لە شاری ستۆکهۆڵم بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە بەخێرهێنانی بەشداران، بەتایبەت میوانەکان بە زمانەکانی کوردی و سوئێدی لەلایەن بەڕێوەبەرانی بەرنامە سکاڵا حەکیمزادە و کوێستان بابایی دەستی پێ کرد.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

ڕاپۆرتی کومیتەی ئامادەکاریی ٢ی ڕێبەندان و بەڕێوەبەریی بەرنامە لەلایەن عەزیز مورادپەرستەوە خوێندرایەوە.

پاشان پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن نیشتمان عەزیزی، ئەندامی کۆمیتەی گشتیی حیزبەوە لە سوئێد، پێشکەش کرا.

پەیامی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن محەمەدەمین ڕەشیدییەوە پێشکەش کرا.

پەیامی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کورد و کوردستان لەلایەن عەلی جومعە پێشکەش کرا.

دواتر نۆرە گەیشتە نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکانی وڵاتی سوئێد. عەبدولقار کەسیرگە، نوێنەری کوردی پارلەمانی سوئێد لەسەر لیستی حیزبی سۆسیال دێموکراتەکانی سوئێد، وەک هەموو جارێ پشتیوانیی حیزبەکەی بۆ دۆزی ڕەوای گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی دەربڕی. ناوبراو لە باسی کۆماری کوردستاندا، باسی لە گەورەیی کۆمار و دامەزرێنەرانی دوای تێپەڕینی ٧٩ ساڵ بەسەر ئەو مێژووەدا کرد و هیوای خواست ٢ی ڕێبەندانی داهاتوو لە کوردستانی ئازاددا جێژن بگرین.  

فردریک ماڵم، ئەندامی پارلەمان لەسەر لیستی لیبڕاڵەکان و دۆستی لەمێژینەی گەلی کورد پشتیوانیی خۆی بۆ چارەسەری ئاشتییانەی کێشەی کورد دەربڕی و هیوای خواست ئامانجەکانی کۆماری کوردستان، کە بەر لە ٧٩ ساڵ لە پێناویاندا دامەزرا، وەدی بێن و گەلی کوردیش بە مافە ڕەواکانی بگات.

لە درێژەی بەشی یەکەمی بەرنامەکەدا ئەو پەیامانەی خوارەوە خوێندرانەوە:

 -پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن شلێر حەسەنپوور، بەرپرسی ئەو یەکیەتییە لە وڵاتی سوئێد.

-پەیامی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ، بە زمانی فارسی لەلایەن جەمیلە حەسەنخاڵی.

-پەیامی هاوبەشی ڕێکخراوە دێموکراتییەکانی حیزب لەلایەن لەتیفە جەباری.

-پەیامی حیزبی گەلی بەلووچستان، لەلایەن فەریبا بۆرهان زێهی.

-خوێندنەوەی پەیامی  حیزبی بەلووچستان، ڕاجی تپاکی، لەلایان موهیم سەرخۆش.

ژمارەیەک پەیام و برووسکەی پیرۆزبایی، بەو بۆنەوە لەلایەن حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان بۆ جێژنەکە هاتبوون، کە لەلایەن بەڕێوەبەرانی بەرنامەوە سپاسیان کرا.

پێویستە بگوترێ، لە ماوەی بەڕێوەچوونی بەشی یەکەمی بەرنامەکەدا فیلمی کاتی دامەزرانی کۆمار بە پڕۆژۆکتۆر پێشان دەدرا.

بەشی دووهەمی جێژنەکە تەرخان کرابوو بۆ بەشی هونەری. لەو بەشەدا هونەرمەندان دڵنیا ڕەزازی، سەنگەر، نازدار و دی جەی لازۆ، جێژنەکەیان ڕازاندەوە و بوونە هۆی دڵخۆشیی بەشداران.

لە نێو شایی و هەڵپەڕینی بەشداران دا، ژمارەیەک لە خاکی پۆشانی بەشدار، وەک هاودڵی و هاوپێوەندی لە گەڵ خاکی پۆشانی گەڕی دیلانی شارەکانی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەمێک هەڵپەڕین.