کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ٢ی ڕێبەندان لە هۆلەند

23:42 - 8 رێبەندان 2724

ڕۆژی شەممە ٦ی ڕێبەندان (٢٥ی ژانویەی ٢٠٢٥) لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە وڵاتی هۆلەند ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی بەرزڕاگرتنی ٢ی ڕێبەندان، ٧٩ یەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە شاری ئارنهێم بەڕێوە چوو.

دوای بەخێرهاتنی میوانەکان لەلایەن پێشکەشکار خاتوو ئیلهام مەعروفزادەوە، ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد.

دواتر لەلایەن بەرپرسی کۆمیتەی حیزب کاک حەسەن مەجیدییەوە پەیامێک پێشکەش کرا.

پەیامی حیزبە کوردستانییەکان لە وڵاتی هۆلەند لەلایەن کاک کاوە جەماڵزادەوە خوێندرایەوە.

دواتر وتارێک لەلایەن دوکتور ئازاد محەممەدیانییەوە بە زمانی فارسی پێشکەشی ئامادەبووان کرا.

دواتر پەیامێک لەلایەن مامۆستا ڕۆژدی هەردی نوێنەری زانایانی ئیسلامی هەر بەو بۆنە پیرۆزەوە پێشکەش کرا.

لەلایەن پێشکەشکاری بۆنەکە ناوی ئەو حیزبە ئێرانییانەی بەشدار لە ڕێوڕەسمەکە کە پەیامیان ناردبوو خوێندرایەوە کە بریتی بوون لە:

سازمان فدائیان خلق ایران،،شورای آزادیخواهان سوسیالیست، نهاد همبستگی جمهوریخواهان برای سرنگونی جمهوری اسلامی، جبهە دمکراتیک مردمی احواز، شورای برگزاری آکسیونها و بزگواران اصغر کیانی و رضا آزمودە.

شایانی باسە کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەم بە نوێنەر هەم بە پەیام بەشداریی بۆنەکەیان کرد.

دواتر لەلایەن کاک حەسەن لاوە شێعرێک بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندانەوە پێشکەش کرا.

هونەرمەندی ناسراوی کورد مامۆستا مستەفا دادار بە چەندین سرودی نەتەوایەتی و گۆرانی ڕێوڕەسمەکەی بە بەشداریی کۆڕی هونەری و هونەرمەندان فاروق، شازاد، ساکۆ و ئازاد ڕازاندەوە.

 ڕێوڕەسمەکە بە گۆرانی و هەڵپەرکێی بەشداربووان کۆتایی پێ هات.