
ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ڕێبەندان(٢٦ی ژانویەی ٢٠٢٥) ڕێوڕەسمی ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە لەلایەن بەڕێوەبەرانی کۆڕەکە کاک کاوە دەشتەبێڵی و خاتوو سەیران شەرەفی پاش خێرهاتنی میوان و بەشداربووان بە سروودی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.
سەرەتا پەیامی کۆمیتەی حیزب لە واشنگتۆن لەلایەن جەماڵ مەحمودزادە ئەندامی کۆمیتە خوێندرایەوە.
پاشان پەیامی پیرۆزبایی ٢ی ڕێبەندان لەلایەن کاک حەسەن شەرەفی ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بەشێوەی تۆماری ویدیۆیی بڵاو کرایەوە.
بەڕێزان دوکتور دەیڤید فڵێپس پرۆفسۆری زانکۆی جۆرج تاون، دوکتور شێخ مورشید غەزنەوی، دوکتور ئاسۆ حەسەنزادە و دوکتور سەربەست نەبی پڕۆفیسۆر لە زانکۆی کۆیە بە پەیامی ویدیۆیی لە ڕێگای دوورەوە لە ڕێوڕەسمەکەدا بەشدار بوون.
لەلایەن بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکەوە بە خێرهاتنی نوێنەرانی بەشداربووان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پارتی دێموکراتی کوردستانی عێراق، یەکیەتیی نیشتمانی، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و سازمانی موجاهیدین کرا.
هەروەها دوکتور شوکرییە برادۆست پەیامی خۆی بەو بۆنەوە پێشکەش کرد و پاشان ئارش ساڵح نوێنەری حیزب لە ئەمریکا وتارێکی ئاڕاستەی میوانان و بەشداربووان کرد.
ئەم ڕێوڕەسمە بە بەشداریی زۆرینەی دۆست و لایەنگر و ئەندامانی حیزب و بە شایی و هەڵپەڕکێ کۆتایی پێ هات.