ساڵی کۆڵنەدان
ئاسۆ مینبەری
ساڵی ٢٠٢٤ بۆ کۆماری ئیسلامی ساڵێکی پڕ لە ئاڵنگاری و ڕووداوی جۆراوجۆر بوو کە ئەم دەسەڵاتەیان بەرەو لاوازییەکی ئێجگار زۆر برد. ڕووداوەکان بە جۆرێک بوون کە دۆخی ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنەیان لە بواری نێوخۆیی، ناوچەیی و نێونەتەوەییدا تووشی ئاڵوگۆڕ کرد و کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر ئەم ڕێژیمە دانا.
کۆماری ئیسلامی بە پێچەوانەی خواستی خۆی کە دەیویست زلهێزی ناوچەکە بێت و بە هەناردەکردنی ئینقلابەکەی، وڵاتانی ناوچە بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، ئێستا تووشی شکستێکی ستراتێژیک بووە کە خۆی بۆ کۆ ناکرێتەوە. ئەم شکستەی ڕێژیم، بەرهەمهاتوو لە کۆمەڵێک شکستی گەورە و بچووکی دیکەیە کە هەرکامەیان بە جۆرێک توانیویانە کاریگەرییان لەسەر دۆخی ڕێژیم هەبێ و بیگەیەننە ئەمڕۆ. بەردەوامیی ناڕەزایەتییە سێنفییەکان، قەیرانی وزە، پرسی حیجاب، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، نەمانی ڕەوایی، پرسە نێوخۆییەکانی دەسەڵات و بە دەیان بابەتی دیکە، بوونەتە هۆکار کە کۆماری ئیسلامی لە دەروونەوە تووشی داڕمان بێت و زۆریش ناخایەنێت کە ئەم داڕمانە هەموو دەسەڵاتەکە دەگرێتەوە. خۆ ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات وای بنوێنێ کە هیچ شتێک ڕووی نەداوە و دیسانەوە لەسەر لاقەکانی خۆی ڕادەوەستێتەوە، بەڵام بێگومان ئاماژەکان شتێکی دیکەمان پێ دەڵێن.
ساڵی ٢٠٢٤ بۆ کۆماری ئیسلامی ساڵێکی پڕ ڕووداو بوو. لە نەمانی ڕەوایی و پاڕانەوە بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقی هەڵبژاردنەکان هەتا کوژرانە گوماناوییەکەی ڕەئیسی و هاتنەسەرکاری پزشکییانی بەناو ڕێفۆرمخواز و لەنێوچوونی بەرەی مقاومەت و کەوتنە بەر ڕقی ئیسرائیل و بە دەیان ڕووداوی دیکە، وایان کرد کە ساڵی ٢٠٢٤ ساڵێکی سەخت بۆ کۆماری ئیسلامی بێت بەڵام پێشبینییەکان دەڵێن کە ئەمە دەسپێکە و ساڵانی داهاتوو خۆشتر دەبن!
کۆماری ئیسلامی لە دوای شکستهێنان لە بەرانبەر خەڵک لە بزووتنەوەی ژینادا، زۆر هەوڵی دا بە شێوەی جیاواز قەرەبووی شکستەکانی خۆی بکاتەوە و هەر بۆیە ڕێوشوێنی جیاوازی گرتە بەر و لەم ڕاستایەشدا بە دیاریکراوی ژنانی کردنە ئامانج. ڕێژیم هەوڵی دا بە گۆڕینی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بۆ ژن، غەززە، ئازادی ئاراستەی پرسەکە بگۆڕێ، بە تەئیدی سەڵاحیەتی ڕێفۆرمخوازێک هەوڵی دا خەڵک ڕاکێشی سەر سندووقەکان بکات و دواتریش بە هێنانەدەرەوەی ناوی لە سندووقەکان ویستی وای بنوێنێ کە ئەم دەسەڵاتە ڕێفۆرم هەڵدەگرێ و کاری بۆ دەکات. بەڵام دوابەدوای هاتنەسەرکاری پزشکییان و بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەی سەردەمی هەڵبژاردنەکان، گوشارەکان بۆ سەر ژنان وەک کاتالیزۆری سەرەکیی شۆڕشی ژینا زیادی کرد. ڕێژیم لە چەند قۆناغی جیاوازدا، دەستی بە گەڵاڵەکردنی پرسی حیجاب کرد و هەر جارەو لەژێر ناوێک هەوڵی دا ستەمکارییەکانی بەرانبەر بە ژنان درێژە پێ بدات.
لە ڕاستیدا ساڵی ٢٠٢٤ بۆ ژنانی نیشتەجێ لەو جۆگرافیایەی کە ئێرانی پێ دەوترێت، ساڵێکی سەخت بوو، ساڵێکی پڕ لە ئاڵنگاری کە لەژێر ناوی حیجاب بەڵام بە ئامانجی گەورەتر و بۆ دژایەتی لەگەڵ ژنان تێپەڕی. هەرچەند گەڵاڵەکانی ڕێژیم یەک لە دوای یەک شکستیان هێنا و خەڵک و بەتایبەت ژنان ملکەچی هیچ بڕیارێکی دەسەلات نەبوون، بەڵام ڕێژیم وازی نەهێنا و بە دەسبەسەرکردن و سەپاندنی سزای قورس بەسەر ژناندا، هەوڵی دا زیاتر لە جاران گوشار بخاتە سەر ژنان و ئازاریان بدات.
نموونەی بەرچاوی ئەم ئازارانە، سەپاندنی سزای قورسی بەندکران بۆ سەر ژنان، جێبەجێکرانی سزای قامچیی ڕۆیا حێشمەتی، دەرکردنی سومەیە ئەختەرشوومار، مامۆستای زمانی ئینگلیزی لە کارەکەی و داخستنی چەندین شوێنی فەرهەنگی تەنیا بە بیانووی ڕەچاونەکردنی حیجاب و هەروەها سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی و وریشە مورادییە.
ئەگەرچی لەم ساڵەدا کۆماری ئیسلامی گوشاری زۆرتری خستە سەر ژنان بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەمەش هاواری ژنان بەرزتر لە جاران بوو. لە کوردستاندا کە خاڵی دەسپێكی شۆڕشی ژینا بوو، ژنان کۆڵنەدەرانە لە مەیدانی خەباتدا مانەوە و نرخیشیان دا. بەپێی ئامارێک کە لەلایەن کوردپاوە لە ٢٥ی نۆڤامبری ساڵی ٢٠٢٤ بڵاو کرایەوە، پێشێلکاریی مافەکانی ژنان لە جۆرەکانی سەرکوتی حکوومەتی و دەسبەسەرکرانەکان، سیاسەتە داسەپاوەکانی حیجابی زۆرەملێ و حاڵەتەکانی ژنکوژی و خۆکوژیی ژنان کە لەلایەن دەسەڵاتەوە بەسەر ژناندا سەپاوە، ڕوویان داوە.
کوردپا ڕایگەیاندبوو کە لە ماوەی یەک ساڵدا، دوو سزای لەسێدارەدان و بەگشتی ٧ ساڵ و ٩ مانگ بەندکران بۆ ١٢ ژنی کورد لەلایەن دادگانی سزا و ئینقلابەوە دەر کراوە کە هەموو ئەم کەسانە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون و بەرەوڕووی دۆسییەسازیی ئەمنییەتی بوونەتەوە.
سەرەڕای هەموو ئەو گوشارانە کە دژی ژنان ڕوویان داوە، تۆمارکرانی ناوی ژینا مودەڕس گورجی وەک یەکێک لە ١٠٠ ژنی کاریگەری جیهان لە ڕیزبەندی ساڵانی بی بی سی خۆی نیشانەیەک لە سەرکەوتنی ژنان و شکستی ڕێژیم بوو. ئەگەرچی ڕێژیم لە یەک ساڵی ڕابردوودا هەوڵی چەوسانەوە و بێدەنگکردنی ژنانی دا بەڵام ژنان بێدەنگییان هەڵنەبژارد و پاشەکشەیان نەکرد. ساڵی ٢٠٢٤ بۆ ژنان ساڵی کۆڵنەدان بوو و بەردەوامییان لەم ساڵە پێداگرییان لەسەر ماف و ئازادییەکانیان، بێگومان هەوێنی سەرکەوتنەکانی دواتریان دەبێ.