ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی گشتگیر سەبارەت بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوو واتە ساڵی ٢٠٢٤،
نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە پێشێلکرانی مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتییان دەربڕی.
بەپێی زانیارییە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ئەو ڕێکخراوە، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤دا
٩٠١ بەندکراو لەسێدارە دراون
٣٣٩ کۆڵبەر کوژراون یان بریندار کراون
٥٧ هاووڵاتی قوربانیی تەقینەوەی مین و ماددە تەقەمەنییەکان بوون
٢٢ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە
١٢٣٥ هاووڵاتی کە ناسنامەیان ئاشکرا کراوە، دەسبەسەر کراون
٣٣ چالاکی سیاسی و ناڕازی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە
٤٦٨ چالاکی سیاسی سەرجەم سزای ١٦٨٤ ساڵ و ٨ مانگ و ٢٠ ڕۆژ بەندکران، ٩٤ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و لێدانی ٢٥٤٧ قامچییان بەسەردا سەپێندراوە
و لانیکەم ١٨٢ ژن بەهۆی توندوتیژیی خێزانی لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەی خۆیانەوە کوژراون.
بەپێی زانیارییە تۆمارکراوەکان، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤ی زایینیدا سزای سێدارەی ٩٠١ بەندکراو لە بەندیخانە جۆراوجۆرەکانی ئێران جێبەجێ کراوە کە ناسنامەی ٨٥٢ کەسیان لە لایەن هەنگاوەوە ئاشکرا کراوە.
لە نێوان لەسێدارەدراوەکاندا، ١٣ کەس بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، مەزهەبی یان بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لەسێدارە دراون کە ١٠ کەسیان لەو بەندکراوانە کورد بوون.
هەروەها لەو ئامارەدا هاتووە کە ١٨٣ بەندکراوی کورد کە دەکاتە (٢٠.٥٪ی کۆی ئامارەکان)، ١١٩ بەندکراوی تورک (١٣٪) و ١١٠ بەندکراوی بەلووچ (١٢٪) لە سێدارە دراون.
هەروەها ٥٨ بەندکراوی لوڕ، ٣٠ بەندکراوی گیلەک، و ٧٣ بەندکراوی ئەفغانستانی لە نێوان لەسێدارەدراوەکاندا بوون.
هەروەها سزای سێدارەی ٣٠ ژن و ٥ منداڵ کە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەیاندا تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە، جێبەجێ کراوە.
بەپێی زانیارییە تۆمارکراوەکان لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاوەوە، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤دا لانیکەم ٢٢ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە.
لەو ژمارە ٩ کەس بەهۆی ئەشکەنجەدان گیانیان لەدەست داوە، کە بریتین لە ٥ بەندکراوی کورد، ٢ بەندکراوی بەلووچ و ٢ بەندکراوی تورک و گیلەک.
جێگای ئاماژەیە بەرزین حەمزەزادە، منداڵی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی سەردەشت و مێهران کەرەمی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری تیکاب، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بوون کە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست دا.
هەروەها ٨ کەس بەهۆی دەستڕانەگەیشتن بە خزمەتگوزاریی پزیشکی یان دواخستنی گواستنەوەیان بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گیانیان لەدەست داوە.
٥ کەس لە ئەنجامی هەوڵی خۆکوشتن لە بەندیخانە گیانیان لەدەست داوە.
لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤، لانیکەم ١٢٣٥ بەندکراو لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون یان ڕفێندراون کە ناسنامەی تەواوی ئەو کەسانە بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.
لە نێوان سەرجەم دەسبەسەرکراواندا؛
٦٣٠ کەس (٥١٪) کورد
٢٠٠ کەس (١٦.٥٪) بەلووچ
١١٣ کەس تورک
٣٩ کەس گیلەک
٣٨ کەس لوڕ
٢٦ کەس عەرەب بوون .
هەروەها ٤٥ منداڵ و مێرمنداڵی ژێر تەمەنی ١٨ ساڵ دەسبەسەر کراون کە بریتین لە ٢١ منداڵ و مێرمنداڵی بەلووچ، ٢٠ هاووڵاتیی کورد، ٢ هاووڵاتیی لوڕ و ٢ هاووڵاتیی تورک.
لە نێوان دەسبەسەرکراواندا، ١٣٧ کەس ژن، ٣٤ کەس مامۆستای قوتابخانە و زانکۆ، ٣١ خوێندکاری زانکۆ، ٣٧ چالاکی میدیایی، ٢٨ هونەرمەند و ٣٨ کەس لە ئەندامانی بنەماڵە مافخوازەکان بوون.
لە لایەکی دیکەوە لە ساڵی ٢٠٢٤، لانیکەم ٥٠٦ چالاکی سیاسی، مەزهەبی و مەدەنی لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیمی ئێرانەوە دادگایی کراون و سزای سێدارە، بەندکران و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە.
٣٨ کەس لەنێوان ئەو هاووڵاتییانەدا سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە سزای ٥ کەسیان لە دادگای پێداچوونەوەدا ڕەت کراوەتەوە و لەو ڕێژەیە ٣٣ کەس تا ئێستاش لەگەڵ سزای سێدارە ڕووبەروون، کە ١١ کەس لە وانە هاووڵاتیی کوردن.
بەپێی ئامارەکانی هەنگاو لە ساڵی ٢٠٢٤، کوژرانی کۆڵبەران بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە ٥٧ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و ٢٨٢ کۆڵبەر بریندار کراون.
لەو ژمارە: ٨١٪ (٤٢ کوژراو و ٢٣١ بریندار) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوونەتە قوربانی. حاڵەتەکانی دیکە بەهۆی تەقینەوەی مین، بەفر و ڕنوو، سەرمابردوویی و ڕووداوە سروشتییەکانی دیکەوە بوونەتە قوربانی.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ئامارەدا هاتووە کە بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٤ی زایینی، کوژرانی لانیکەم ١٨٢ ژن لە ئێران تۆمار کراوە.
لە نێوان ئەو حاڵەتانەدا، ٢٨ حاڵەت (١٥.٥٪) بە پاساوی پاراستنی نامووس ڕووی داوە.
ئەو ڕاپۆرتە ئامارییە، کە بەپێی زانیارییە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ئەم ڕێکخراوە ئامادە کراوە، وێنەیەک لە زیاتربوونی لەسێدارەدرانەکان، دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکان، توندوتیژیی سیستماتیک و حاڵەتەکانی دیکەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە تەواوی ئێران نیشان دەدات.