هێرانا ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بەفرانبار بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لەژێر ناوی "دوایین لیستی گشتگیر" ناسنامەی ٥٤ زیندانیی ئەمنییەتی و سیاسی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، نووسیویەتی لە نێو ئەو سزایانە کە دەرکراون، هەندێک سزا لە دیوانی باڵای ڕێژیم پشتڕاست کراونەتەوە، و ژمارەیەک کەیسیش ڕەوانەی لقی جێبەجێکردنی بڕیارەکان کراون.
بە پێی ڕاپۆرتی "هێرانا"، لانیکەم ٢٤ کەس لەو بەندکراوانە لەلایەن دادگای ئینقلاب و تاوانەکانی تارانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە.
هەروەها ٣٠ کەسی دیکە لە پارێزگاکانی خوزستان، خوراسان، ورمێ، بەلووچستان و سنە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە کە دەکاتە زۆرترین ڕێژەی ئەو سزایە.
هەروەها هێرانا پێشتر لە ڕاپۆرتێکیدا کە لە ڕێبەندانی ١٤٠٢ بڵاوی کردبوویەوە ڕایگەیاندبوو کە لە ئێستادا لانیکەم ٣٣ زیندانی تۆمەتی سیاسی یان ئەمنییان لەسەرە و لە شارە جیاجیاکانی ئێراندا سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.
ئەم ئامارە بە ڕوونی نیشان دەدات کە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ زیندانییانی سیاسی لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و تەنیا لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ٢١ کەسی دیکە بە لیستی زیندانییانی سیاسی کە لە ژێر سزای لەسێدارەداندان زیاد کراوە.
هەروەها ئەو ئامارانەی کە ئاماژەیان پێ کراوە جیا لەو زیندانییە سیاسییانەن کە لەم ماوەیەدا لە سێدارە دراون.
هێرانا بە ئاماژەدان بەوەی کە دادوەرەکانی دادگاکانی تاران زۆرترین سزای لەسێدارەدانیان بۆ ئەو زیندانییانە دەرکردووە، نووسیویەتی تۆمەتی سەرەکیی ئەم زیندانییانە "بەغی"یە، کە لە ڕووی یاساییەوە بە واتای شۆڕشی چەکداری یان ڕاپەڕین لە دژی حکوومەت دێت.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی ئەبولقاسم سەڵەواتی و لقی ٢٦ی دادگای ئینقلاب بە سەرۆکایەتیی ئیمان ئەفشاری ڕۆڵێکی بەرچاویان لە دەرکردنی ئەو سزایانەدا هەبووە.
لە ورمێش، هەندێک لەو سزایانە بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" بەسەر بەندکراوان لەوانە کۆڵبەرەکاندا سەپێندراوە، و لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لەو شارە زۆرترین سزای لەسێدارەدانی دەرکردووە.
هێرانا بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەکانی خۆی ڕایگەیاندووە کە زۆرێک لەو زیندانییانە مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و مافی هەبوونی پارێزەری هەڵبژێردراوی خۆیانیان لێ زەوت کراوە.
لە لایەکی دیکەوە ژمارەیەکی بەرچاو لەو زیندانییانە بە ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکان لە پرۆسەی ناڕوون و نادادپەروەرانەدا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە و هەندێکی دیکەشیان لە ژوورە تاکەکەسییەکاندا ڕاگیراون و چاوەڕێی جێبەجێکردنی سزاکەیانن.
پارێزەرانی بەشێک لەو زیندانییانە چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە زیندانییەکان لە ڕێوشوێنی دادوەریی نادادپەروەرانە و بەبێ ڕەچاوکردنی پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.
لە لایەکی دیکەوە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بەفرانبار ڕایگەیاند کە بە لەسێدارەدانی لانیکەم ٣١ ژن لە زیندانەکانی ئێران لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤دا، زۆرترین ڕێژەی ساڵانەی سزای ئێعدام بۆ زیندانییانی ژن لەو وڵاتە لە ماوەی ١٧ ساڵی ڕابردوودا تۆمار کراوە.
بەپێی دوایین ڕاپۆرتی هێرانا، لە ساڵی ٢٠٢٤دا لانیکەم ٩٣٠ زیندانی لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارە دراون کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ٢٤.٦٪ زیادی کردووە.
هەروەها لەو ماوەیەدا ٢١٤ کەسی دیکە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا و سزای لەسێدارەدانی ٥٤ کەسی دیکەش لە دادگای باڵا پشتڕاست کراوەتەوە.