
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی مافی مرۆڤی “کوردپا” دوای تێپەڕبوونی ٣٢ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی، ئەفشین حوسێنپەناهی، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی سنە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و ئەوەیش بووەتە هۆی نیگەرانیی قووڵی بنەماڵەکەی.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ کوردپا؛ سەرەڕای بەدواداچوونی چەندین جارەی بنەماڵەی حوسێنپەناهی و سەردانکردنیان بۆ ناوەندە ئەمنییەکان، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو دەست نەکەوتووە، و ناوەندە ئەمنییەکانیش لە وڵامدانەوە بەو بنەماڵەیە خۆیان بواردووە.
ئەفشین حوسێن پەناهی ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بەفرانبار، بە هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم بۆ شوێنی کارەکەی بە بێ هەبوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دوای دەسبەسەرکردن هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەفشین و ماڵەکەیان پشکنیوە.
ئەفشین حوسێنپەناهی لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا چەندین جار دەسبەسەر و بانگی ناوەندە ئەمنییەکان کراوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکردنیدا تووشی ئەشکەنجە و ئازاردان بووە.
پێشتریش ئەفشین حوسێنپەناهی، چالاکی مەدەنی کە پێشینەی هاوکاری لەگەڵ ناوەندە ژینگەپارێزییەکان هەیە، لە خەزەڵوەری ١٣٩٦ لە لقی یەکی دادگای ئیمقلابەوە بە سەرۆکایەتی بەناو دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان سزای هەشت ساڵ و نیو بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا کە دەبوایە ٦ ساڵی ئەو سزایە جێبەجێ کرابا.
ناوبراو لە ساڵی ١٣٩٠ لە کاتی بەدواداچوون بۆ دۆسییەی گوماناویی براکەی بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو و بە کۆتاییهاتنی ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی ئازاد کرابوو.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد سەبارەت هۆکاری دەسبەسەرکران، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.