کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چڕبوونەوەی پێشێڵکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمەوە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات

11:06 - 21 رێبەندان 2724

کۆمیتەی چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانیی خۆیان لەهەمبەر دۆخی مافی مرۆڤ لە شارەکانی کوردستان دەربڕیوە.

لەم بەیاننامەیەدا بە ئاماژەدان بە ڕەتکردنەوەی پێداچوونەوەی دووبارە بە سەر دۆسییەی پەخشان عەزیزی و پشتڕاستکردنەوەی حوکمی وریشە مورادی هاتووە، دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان نالەبارە و هۆشدارییان داوەتە پارێزگارانی پارێزگاکانی کوردستان کە جێبەجێکردنی ئەم حوکمە نادادپەروەرانە لێکەوتەگەلی قورسی بەدواوە دەبێت.

بەیاننامەکە لە درێژەدا باسی لە دەسبەسەرکرانە بە کۆمەڵەکانی ئەم دواییانە لە شارەکانی کوردستان کردووە و ڕایگەیاندووە کە نەبوونی زانیاری لەسەر دەسبەسەرکراوانی ئەم ماوەیە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە پارێزگاکانی کوردستانە.

ئەم کۆمیتە لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا داوای لە بەرپرسانی باڵای سیاسیی پارێزگاکانی کوردستان کردووە تاکوو بە زووترین کات هەوڵە نامرۆڤانەکان لە شارەکانی کوردستان کۆتایی پێ بهێنن و ڕوونکردنەوە لە سەر دۆخی دەسبەسەرکراوان بدەن.

دۆخی مافی مرۆڤ لە شارەکانی کوردستان لە چەند مانگی ڕابردوو بەتایبەتی پاش مانگرتنی سەرتاسەریی خەڵکی کوردستان لە ناڕەزایەتی بە دژی حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، بەرەو خراپتربوون چووە، بە شێوەیەک کە بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان لەلایەن ناوەندە مافی مرۆڤییەکانەوە لە سەرەتای مانگی سەرماوەزی ئەمساڵەوە زیاتر لە ١٣٠ کەس دەسبەسەر کراون.

دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیم پاش دەسبەسەرکردن و ڕفاندنی هێندێک لە چالاکانی کوردستان، هیچ زانیاریێکیان سەبارەت بە دۆخی ئەم دەسبەسەرکراوانە نەخستووەتە ڕوو.

چەند چالاکێکی مەدەنی لە وتووێژ لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی وڵات ڕایانگەیاندووە کە بەشێک لە هۆکاری ئەم شەپۆلی دەسبەسەرکردن و چڕبوونەوەی گوشارەکان بۆ سەر خەڵکی کوردستان جیا لە بابەتی ناڕەزایەتی بە دژی حوکمەکانی لە سێدارەدان، دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی خراپی کۆماری ئیسلامی لە ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکەدا.

هەر لەم پێوەندییەدا ئەوین مستەفازادە، چالاکی مافی مرۆڤ و وتەبێژی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی کوردپا لە وتووێژێکدا ڕایگەیاندووە کە پەرەسەندنی دەسبەسەرکردنەکان لە بەرەبەری نەورۆزدا، دەسپێشخەریی ڕێژیم بە دژی ورەی گشتیی خەڵکی کوردستان بۆ خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامی لەم شارانەدایە.