
بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی چاونیووز لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سزای ١٢ ساڵ بەندكران و دوورخستنەوە بۆ زاهێدان بەسەر "وەحید چاوران"، لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرایەوە.
ئەم هاووڵاتییە خەڵکی شاری ئاودانان و لە چالاکانی بزووتنەوەی سەرانسەریی ژینا، کۆتاییەکانی بەفرانباری ١٤٠٢، لەلایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی ئیلامەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەجەب محەممەدی"، بە ١٢ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ زاهێدان سزا درابوو.
دادگای پێداچوونەوە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی سزای پێشتر، جەختی کردەوە کە ناوبراو ماوەی بەندکردن لە زاهێدان بەبێ ڕەخسانی هاتوچۆ دەبێ تێپەڕێنێت.
ئەم هاووڵاتییە چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەڕەشەی لێ کرابوو و هەوڵی دەسبەسەرکردنی درابوو، کە لە کۆتاییدا لە ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕی ١٤٠٢، لە کاتی چوونەدەر لە ئێران دەسبەسەر کرا.
وەحید چاوران چەندین جار بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە بەندیخانەدا مانی لە خواردن گرتبوو، هەروەها هێزەکانی ڕێژیم بۆ سەپاندی گوشاری زیاتر بەسەر ناوبراودا، مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی لێ قەدەغە کردبوو.