کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆڕێكی پرسە و سەرەخۆشی بۆ باوكی شەهید محمد حاجی ڕەسووڵی بەڕێوە چوو

10:12 - 22 رێبەندان 2724

 ڕۆژی شەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ی كوردی، كۆڕێكی پرسە و سەرەخۆشی بۆ كاک عومەر حاجی ڕەسووڵی، باوكی شەهید محەممەد حاجی ڕەسووڵی لە شاری ستۆكهۆڵمی پێتەختی وڵاتی سوید بەڕێوە چوو.

‎لەو كۆڕی پرسەیەدا وێڕای كوڕ و برازایەكی نەمر كاک عومەر، ژمارەیەكی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب و دۆستان و ئاشنایانی بنەماڵەی حاجی ڕەسووڵی بەشدار بوون.

‎لەو كۆڕەدا هاوڕێی تێكۆشەر قادر مێهفەر بەرپرسی كۆمیتەی ستۆكهۆڵم، بەنوێنەرایەتیی كۆمیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی سوید پەیامی هاوسۆزی و هاوخەمی حیزبی بە بنەماڵەكەیان گەیاند و وێڕای جەختكردنەوە لەسەر كەسایەتیی متمانەپێكراو و ڕابردووی تێكۆشانی دڵسۆزانەی ئەو نەمرە لەپێناو سەرخستن و پشتیوانی لە ڕێبازی نەتەوەییانەی حیزبی دێموكرات، هاوكات چەند وتەیەكیشی سەبارەت بە كۆتاییهاتنی كۆنگرەی حەڤدە و چاوەڕوانییەكانی خەڵکی كوردستان لە حیزب و ئەرک و بەرپرسیارێتی حیزبەكەمان لەو قۆناغە هەستیارەدا لە ڕاستای بەردەوامیی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەكەماندا هێنایە بەر باس.

‎دواتر بەڕێز كەریم حاجی ڕەسووڵی (مامۆستا زێڕە) برازای نەمر كاک عومەر، هەروەها كاک هیوای كوڕی كاک عومەر و بەڕێز هەڤاڵ ئەحمەدی پێشمەرگەی دێرینی هێزی "بەیان"، هەریەكەیان بەنۆرەی خۆیان  لەسەر ژیان و كەسایەتیی ناوبراو و ڕۆڵی لە هاوكاری و پشتیوانیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، چەند وتەیەكیان پێشكەش كرد.

‎شایەنی باسە كاک عومەر سەڕەڕای ئەوەی بۆخۆی ڕێبوارێكی ڕاستەقینە و وەفاداری قوتابخانەی دێموكرات بوو، هاوكات ئەندامانی بنەماڵەكەشی لەسەر ئەو بڕوایە بارهێنابوو كە هەردەم بۆ ئامانجە بەرزەكانی حیزبەكەی كۆمار تێبكۆشن، هەربۆیە وێڕای چەندین كەسی بنەماڵەكەیان لە ڕیزی تێكۆشەرانی حیزبی دێموكراتدا خاوەنی چەندین شەهیدن كە تازەترینیان شەهید محمد حاجی ڕەسووڵییە كە لە ڕاپەڕینی ژینادا، کە بەهۆی ئەشکەنجەی زۆر لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا، کەوتە بارودۆخی کۆماوە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی بۆکان کرا کە بەهۆی ڕێگریی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە پێڕاگەیشتنی پزیشکی، بەداخەوە چاوەکانی لەسەر یەک نان و تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتانی شۆڕشی ژینا بوو.  

پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە نەمر مام عومەر ڕۆژی ١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ هەتاوی دوای ماوەیەک نەخۆشی و بەهۆی چوونەسەری تەمەن کۆچی دوایی کرد.