کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوید/ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان

10:17 - 22 رێبەندان 2724

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕێبەندان(٨ی فێوریەی ٢٠٢٥) بۆ ڕێزگرتن لە یادی ٧٩ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ لەلایەن کومیتەی یۆتۆبۆریی حیزب بۆ ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزب و کوردانی دانیشتووی شاری یۆتۆبۆری و دەورووبەر، لەو شارە پێک هێندرا.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد. پاشان خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان ڕاگەیەندرا.

هاوڕێ "ئازاد بانەیی"، بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمەکە بە شێعرێکی شۆڕشگێری ڕێوڕەسمەکەی دەست پێکرد و بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرد.

لاوی بە هەستی حیزبەکەمان کاک "دیار ڕەحمانی" کورتەیەکی لەسەر کۆماری کوردستان و نەخش و ڕۆڵی ئەو کۆمارە لە مێژووی گەلی کورددا بە زمانی سویدی پێشکەش کرد.

پەیامی کۆمیتەی حیزب لە سوید لەلایەن هاوڕێ "ئیسماعیل ساڵحیان" بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی کۆمیتەی یۆتۆبۆری خوێندراوە، بەڕێزیان لە سەرەتای قسەکانیدا وێڕای پیرۆزبایی کۆتاییهاتنی کۆنگرەی ١٧ی حیزبەکەمان، سپاسی ئەندامانی ڕێبەریی پێشووی حیزبی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ ئەندامانی هەلبژێردراوی کۆمیتەی ناوەندی خواست.

پەیامی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کورد و کوردستان لەلایەن بەڕێوەبەری بەرنامە خوێندرایەوە کە ئەم حیزب و ڕێکخراوانە لە خۆ دەگر: پارتی دێموکراتی کوردستان، یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان، حیزبی شیوعی کوردستان، پارتیا یەکیەتی دێموکراتیا کوردستان لە سوریا، کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

پاشان "یوهان بوسێر"  پارلەمانتاری حیزبی سۆسیال دێموکراتەکانی سوید و کارگێڕی وەزارەتی دەرەوە  سەبارەت بە هاوپەیوەندیی حیزبی دێموکرات و سۆسیال دێموکراتەکان و گەلی کورد بە گشتی و نەخش و ڕۆڵی کۆمار بۆ بەشداران قسەی کرد.

بەشی دووهەمی بەرنامەکە بەرنامەی هونەری بوو کە هونەرمەندان خاتوو "باوان کەریمی" و "شۆڕش بۆکانی" شەوێکی پر لە بیرەوەریان بە گۆرانی و شایی و هەڵپەرکێ بۆ بەشداربووان تۆمار کرد.