کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکۆشانی خەڵک دەبێ دەق بێ و ئەوانی دی پەڕاوێز

18:46 - 13 رێبەندان 2724

تێکۆشانی خەڵک دەبێ دەق بێ و ئەوانی دی پەڕاوێز

هەردی سەلیمی

"عەلی خامنەیی" لە دوایین دەرکەوتن و قسەکردنی‌دا بە شەرمەوە ڕێگەی بە دەوڵەتی "پزشکیان" دا لەگەڵ "ئەمریکا" وتووێژ بکات، ئەم ڕێگەپێدانە ناڕاستەوخۆ بوو، بەڵام هێندە ڕوون بوو، تەنانەت ڕۆژنامەی "کیهان"ـیش نەیتوانی شتێک وەک دژایەتیی خامنەیی لەگەڵ وتووێژدا لەو قسانە هەڵکڕێنێ و باسەکە هەمان لێدانی قەوانە کۆنەکە بوو کە "نابێ فریوی پێکەنینیان بخۆن"، لە ڕاستی‌دا ئەمە ڕێنوێنییە و توێشووی ڕێی وتووێژکەرانە، نەک فەرمانێک بۆ نەکردن و ئیزن‌نەدان. عەلی خامنەیی لە دۆخی نالەباری ئابووریی "ئێران" ئاگادارە و پێی وتراوە ئەمە دەتوانێ "پاژنەی ئاشیل"ـی دەسەڵات بێ، بۆیە دیسان نەرمیی نواند و ئەم جارەیان نەرمییەکەی "قارەمانانەش نەبوو و بگرە زۆریش کڵۆڵانەتر بوو لە چاو جاری پێشوو و لەوپەڕی بێ‌دەسەڵاتییەوە سەرچاوەی دەگرت.

هێشتا زووە بۆ ئەوەی بزانین دەوڵەتی نوێی ئەمریکا چیی لەم وتووێژانە دەوێ و خواستەکانی کامانەن، بەڵام ئەوەی ڕوونە یەکەمیان بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمە و بەدوای ئەویش‌دا سیاسەتی ناوچەیی و بەرنامەی مووشەکیی کۆماری ئیسلامییە، ئەمە بێ‌گومان ئەو تەوەرە سەرەکییانە دەبن کە ئەمریکا لەگەڵ ئێران دەیانهێنێتە بەر باس، لێ ڕوون نییە دەیهەوێ چ دارولەلەیەکیان بۆ دانێت. ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کۆماری ئیسلامی لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە تازە و چیی تر ئەو کۆماری ئیسلامییەی پێش لە حەوتی ئۆکتۆبر نییە، کۆی ڕووداوەکانی ئەم کەمتر لە دوو ساڵەش وەک نەمانی سەرۆک‌کۆمار، بەڕێوەبردنی دەنگ‌وەرگرتنێکی کەساد، لەنێوچوون و زەبرلێکەوتنی بەشێکی بەرچاو لە هاوپەیمانەکانی و... کۆماری ئیسلامییان خستووەتە حاڵەت و مەوزەعی لاوازییەوە.

دەبێ چاوەڕوان بین بۆ ئەوەی بزانین ئەم خولە لە وتووێژ کە ئەگەری بەڕێوەچوونی زۆرە چیی لێ شین دەبێ، بەڵام ئەم ڕاستییە ببینین کە "ترامپ" ئەو کەسە نییە وا پێناسەیەکی سفر و سەدی بۆ دەکرێ. بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی پێیان‌وابوو یان حەزیان دەکرد ئەو باوەڕە بڵاو بکەنەوە کە ئەمڕۆ ترامپ بێتە سەر کار، بۆ سبەینێی کۆماری ئیسلامی دەڕووخێ، کە هیواهەڵچنینێکی زۆر خەیاڵاوی و دوور لە ڕاستییە، لە بەرامبەریش‌دا بەشێک لە خوازیارانی وتووێژ لە دەوڵەتی پزشکیان‌دا ترامپیان وەک کەسێکی گونجاو بۆ معامەلە پێناسە کردووە، کە هیچ‌ کام لەمانە ناتوانن ئەسڵی بابەتەکە بن. جارێ زووە بۆ لێکدانەوەی ڕەها لەسەر سیاسەتەکانی دەوڵەتی ترامپ، چون هێشتا نازانین ئەولەویەتی ئەم دەوڵەتە لە ناوچەدا چییە و پێش لە هەموو شتێک بەدوای چییەوەیە؛ بەڵام ئەوەی ڕوونە ویستی هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ناوچەدا زۆر لەبەرچاو دەگیرێ.

بەدەر لەوەی ئاکامی ئەم وتووێژانە بە کوێ دەگەن، ئەوەی دەبێ بۆ خەڵکی ئێران گرنگ بێت و لە پێشەوەی هەموو ویستەکانیان بێ، پرسی ئازادی و مافەکانی مرۆڤە، کە بێ‌گومان گرنگییەکی کەمتریان هەیە لەم جۆرە وتووێژانەدا. ئەوەی دەبێ باوەڕی پێ بێنن ئەوەیە کە بەپێچەوانەی بانگەشەی ڕەوتی میدیای سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات، پێویستە خەڵک بۆخۆیان چارەنووسی سیاسییان بەدەستەوە بگرن، چون لە ڕاستی‌دا گەر ئەو گوشارانەی وا چاوەڕێ دەکرێ بخرێنە سەر کۆماری ئیسلامی لەلایەن وڵاتانی ڕۆژاوایییەوە، تەنیا کۆماری ئیسلامی لاواز دەکەن، نەک ئەوەی پێمان وابێ سفرە و خوانێک دەڕازێنرێتەوە بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە، ئو لە بەرامبەریش‌دا نابێ فریوی دەوڵەتی پزشکیان بخۆن کە وا دەنوێنن بە بەئاکام‌گەیاندنی وتووێژ و ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوایی، دۆخی خەڵکی ئێران بەرەو باشترین حاڵەت دەگۆڕێ؛ کۆی ئەم دوو باوەڕە خەڵک لە ڕاستییەکان و چارەنووس بەدەستەوەگرتن دوور دەخاتەوە.

وەک دوایین وتە: ئەوەی وا بەدوای بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا مەندییەکی بەرچاو هەست پێ‌کرا، بەشێک لە هۆکارەکەی بۆ ئەو چاولەدەستی و چاولەدەمییە دەگەڕاوە، کە لە ڕێی بڵاوکردنەوەی ئەم هیوا کاڵانەوە تووشی خەڵکی ئەو وڵاتەیان کردبوو. بەخۆشییەوە خەڵکی کوردستان لەم دوایییانەدا بە مانگرتنی بوێرانە و سەرکەوتووانەی خۆیان ئەو مەندییەیان شڵەژاند و بۆ چەندەمین جار وانەی خەبات و تێکۆشان و ئەکتی سیاسیی دروستیان بە هەموو خەڵکی بەشەکانی تری ئێران و ئۆپۆزیسیۆنی بێ‌بەرنامەی کۆماری ئیسلامی دا و بۆ جارێکی دیکەش سەلماندیان کە باوەڕبەخۆیی دەتوانێ لە سەرەوەی هەموو کردارێکی سیاسیی دیکە بێ و لە هەمان کات‌دا لە هەمووان بەکەڵکتر و بەسوودتریش بێت. بۆیە هیچ کام لەم بابەتانە نابێ گرنگیی گەڕانەوە بۆ ئیرادەی تاک و کۆمەڵ کاڵ بکاتەوە و مرۆڤ لە چاوەڕوانی‌دا بێڵێتەوە، بەڵکوو دەبێ دەرفەتەکان بخولقێنرێن.