کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ٢٢ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو هەتا ئەمساڵ زیاتر ١٠٢١ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون

12:01 - 23 رێبەندان 2724

هەڵمەتی "سێشەممەی نا بۆ لەسێدارەدان"، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕێبەندان لە پەنجاوپێنجەمین ڕاگەیەندراوی خۆیدا هۆشداری دا کە لە ٢٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٢ەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٠٢١ کەس لە ئێران تەنیا لە ڕێگەی سێدارەوە گیانیان لێ ئەستێندراوە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا، ئەندامانی ئەو کەمپینە کە لە ٣٥ زیندانی سەرتاسەری ئێران زیندانی کراون، نیگەرانیی خۆیان لە سەپاندی سزای لەسێدارەدان بەسەر پژمان سۆڵتانی، زیندانیی سیاسیی کورد کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکان دەسبەسەر کرابوو، نیشان داوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە لە "دادگایەکی نادادپەروەرانە" لە لایەن لقی ١ دادگای تاوانەکانی ورمێ بە تۆمەتی کوشتنی "بەسیجێک" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە.

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە ڕەتکردنەوەی دووبارە دادگاییکردنەوەی پەخشان عەزیزی، زیندانی سیاسی کە لەلایەن دادگای باڵای ڕێژیمەوە سزای لەسێدارەدانی پشتڕاست کراوەتەوە و ئێستا مەترسیی لەسێدارەدانی لەسەرە جێگەی نیگەرانییە و هۆشداریان داوە لەوەی کە ئەگەر پەخشان عەزیزی لە بەشی گشتیی زیندان بۆ تێپەڕاندنی سزاکەی بگوازرێتەوە بۆ جێگایەکی دیکە ئەوە ڕێوشوێنی جددیتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم لەسێدارەدانە نامرۆڤانە دەگرینەبەر.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا داوا لە هەموو خەڵک و چالاکانی مافی مرۆڤ کراوە کە بەر شێوەیەک کە دەکرێ لە دژی ئەو سزا نامرۆڤانەیە بوەستنەوە و هەڵوێستان هەبێ، و نابێت ڕێگە بەخۆمان بدەین جارێکی دیکە ماتەمینی زیندانییەکی دیکە ببینین.

هەروەها باس لەوە کراوە کە ژمارەیەک لە زیندانییانی سیاسی لە بەندی ژنان و بەندی ٨ی زیندانی ئێڤین کە ناڕەزایەتییان بەرانبەر سەپاندنی سزای لەسێدارەدان و گواستنەوەی دوو زیندانی بە شێوەی زۆرەملێ بە ناوەکانی بێهرووز ئێحسانی و مێهدی حەسەنی نیشان دابوو، ئێستا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.

هەروەها لەو ڕاگەیەندراوەدا هۆشداری دراوە کە دەسەڵات لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ پاراستنی مانەوەی خۆی و سەرکوتکردنی کۆمەڵگا بەکار دەهێنێت، نەک بۆ بەڕێوەبردنی دادپەروەری. هەر بەو هۆیەشەوە ئەو کەمپینە داوای لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی جیهانی کردووە کە هەنگاوی بەپەلە بگرنەبەر بۆ ڕاگرتنی ئەو تاوانانە.

هەروەها بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە حەفتەی ٥٥ی هەڵمەتی سێشەممەی نا بۆ لەسێدارەدان، لە ڕۆژی سێشەممە٢٣ی ڕێبەندان، زیندانییانی ٣٥ زیندان لە سەرتاسەری ئێران مانیان لە خواردن گرتووە.