کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانیکەم ۸۷ بەندکراو لە ئێران لە ماوەی مانگی ژانوییەدا

10:37 - 14 رێبەندان 2724

لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانیکەم سزای سێدارەی ٨٧ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ''هەنگاو''، لە ماوەی مانگی ژانوییەی ساڵی ٢٠٢٥دا لانیکەم سزای سێدارەی ٨٧ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بە بەراورد لەگەڵ مانگی ژانوییەی ٢٠٢٤ کە سزای سێدارەی ٧٤ بەندکراو جێبەجێ کرابوو، لانیکەم ١٣ حاڵەت واتا ١٧.٥ لەسەد بەرز بووەتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی مانگی ژانوییەدا لانیکەم سزای سێدارەی ١٧ بەندکراوی کورد، ١٠ بەندکراوی لوڕ و ٤ بەندکراوی بەلووچ لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. هەروەها لانیکەم ٨ بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لە سێدارە دراون.

لە سەرجەم ئەو ٨٧ بەندکراوەی کە لە مانگی ژانوییەدا لە سێدارە دراون، تەنیا ٣ حاڵەت لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم ڕاگەیەندراون.

هەروەها سزای سێدارەی ٦ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بێ ئاگاداریی بنەماڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا جێبەجێ کراوە.

لە ماوەی ئەو مانگەدا زیاترین لەسێدارەدرانەکان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستەوە بوون کە ٥٠ حاڵەت واتا ٥٧.٥ لەسەدی کۆی حاڵەتەکان لەخۆ دەگرێت، هەروەها ٣٥ حاڵەت بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان بووە و ٢ حاڵەتیش بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی بووە.

بەپێی ئەو ئامارە لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا زیاترین سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوان بە ٢٠ حاڵەتەوە لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز تۆمار کراوە.