کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەموو هێز و ڕوانینمان بخەینەوە سەر نێوخۆی وڵات

23:41 - 28 رێبەندان 2724

هەموو هێز و ڕوانینمان بخەینەوە سەر نێوخۆی وڵات

سمایل شەرەفی

لە ماوەی یەک دوو دەیەی ڕابردوودا زۆرێک لە شرۆڤەکارانی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە دەلاقەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ئامریکا و ڕۆژئاواوە سەیری گۆڕانکارییە سیاسییەکانی نێوخۆی وڵاتیان کردوە. بێ‌گومان پرسی ناوکی و هەوڵی ڕێژیم بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی و سیاسەتی هەڕەشە و فشاری کۆشکی سپی و ناوەندە نێودەوڵەتیەکانی دیکەی پێوەندیدار بەم پرسە لە درووستکردنی ئەم  تێڕوانین و لێکدانەوانەدا شوێنەواری کەمی دانەناوە. بەداخەوە ئەم ڕوانینە باڵی بەسەر ڕەفتار و تێڕوانینی گەلانی ئێرانیشدا کێشاوە و ئەوەندەی هیوا لەسەر فشار یان هێرشی دەرەکی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی و لاواز یان ڕووخانی لە لایەن وڵاتانی دیکەوە هەڵچنراوە، کەمتر بیر لەوە دەکرێتەوە کە چۆن لە نێوخۆی وڵات کار بۆ وەدیهێنانی ئەم حاڵەتانە بکرێت.

هۆکارەکانی پشت پەرەگرتنی ئەم ڕوانینە زۆر و جۆراوجۆرن کە باسکردنیان پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی مێتۆدیکی زانستی هەیە کە لە تاقەتی وەها وتارێک‌دا نیە. بەڵام بە پێی دەرفەت و ئامانج لە نێوەڕۆکی بابەتەکە، هەوڵ دەدەین ئاماژە بە چەند خاڵێک لەم پێوەندییەدا بکەین:

کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک سیستەمێکی "فرافکن" (بەلاڕێدابەر) کە بەردەوام هەوڵی داوە بیروڕای گشتی لەسەر پرسە ئەساسییەکان لە ڕێبازی خۆی دوور بخاتەوە و بەرەو ئاڕاستەیەکی دیکە پاڵی پێوە بنێ، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی درووستکردنی ئەم ڕوانینە لەنێو خەڵک و تەنانەت ئۆپۆزسیۆنیشدا بووە. ڕێژیم بۆ ئەم کارە لە دوو شێواز و ڕێکاری سەخت و نەرم کەڵکی وەرگرتووە؛ یەکەم ئەوەی لە ڕێگای سەرکوتێکی سیستماتیکی دەیان ساڵەوە هەوڵی داوە هەموو دەرفەتە نێوخۆییەکان بەڕووی خەڵک و چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکان و حیزب و ڕێکخراوەکاندا ببەستێ و بە هەڕەشە و فشاری جۆراوجۆر مەیدانیان پێ چۆڵ بکات و ناچاریان بکات کە مەیدانی سەرەکیی ڕووبەڕووبوونەوە بەجێ بهێڵن و ڕوو لە دەرەوەی سنوورەکان و هەندەران بکەن. دووهەم ئەوەی لە ڕووی دیپلۆماسی و پێوەندییەکانی لەگەڵ دنیای دەرەوە و بەتایبەت کەڵک‌ وەرگرتن لە پەروەندەی ناوکی، ڕووبەڕووبوونەوەیەکی پڕ لە تێچوو بۆ خۆی و خەڵک ساز بکات کە سەرنجەکان لەسەر ئەم مەیدانە چڕ بکاتەوە.

هەڵوێستی ئەمریکا و ئورووپاییەکانیش چ بەرانبەر بە تەواویەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و چ سەبارەت بە پرسی ناوکیی ڕێژیم و پرسەکانی دیکەی وەک پشتیوانی لە هێز و گرووپە توندڕەوەکانی ناوچەکە و دەستێوەردانی لە وڵاتان، کە لەسەر ئەساسی دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بنیات نراوە، لە پەرەگرتنی ئەم چاوەڕوانییەی خەڵکدا شوێنەواری دەیان ساڵەی داناوە.

 وڵاتانی ئەمریکا و ئورووپایی لە قۆناغی جۆراوجۆردا بە پێناسەکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕیزی "مێحوەری شەرارەت" و "گەورە مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی" و " دوژمنی دێموکراسی و سەقامگیری" و ... قسەکردنی لە بژاردەی سەربازی و "ڕێژیم چێنج" هیوای گۆڕانکاریی بنەڕەيتییان لە ڕێگای هێرشی سەربازی بۆ سەر ڕێژیم لە بیر و زەینی خەڵکدا بە‌هێزتر کرد. ئەوە لە حاڵێک‌دایە کە دوای ٤٦ ساڵ لە هەڵکشان و داکشانی ئەم هەڕەشانە، دیسان لە لایەن هەمان وڵاتانەوە باس لە درێژەدان بە دانووستان و ڕێکەوتن لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکرێ!

ڕوانگە و خوێندنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بۆ ئەمری گۆڕانکاری لە ئێران، دیل و گرفتاری هەمان فەزای کازب و خەیاڵییە کە وەک ئاماژەی پێ کرا لە لایەک خودی کۆماری ئیسلامی پەرەی پێ دەدا و لە لایەکی دیکەوە دوورکەوتنەوەی خودی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن لە واقعیاتی کۆمەڵگەی ئێران تیایدا هۆکارن.

بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات کە بە دوورکەوتنەوەیان لە ژینگە و واقعیەتەکانی نێوخۆی وڵات کەمترین شوێنەواریان بەسەر بزووتنەوەکانی نێوخۆی وڵاتەوە هەیە، لە گوتار و ڕەفتاریاندا بە جۆرێک وابەستەی سێناریۆی ڕووخانی ڕێژیم لە ڕێگای هێزی دەرەکییەوەن و لە چواچێوەی هەمان سێناریۆدا لە گۆڕانکارییەکانی نێوخۆی وڵات و بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلانی ئێران دەڕوانن.

کەس ناتوانێ شوێنەوار و کاریگەریی هۆکارە دەرەکییەکان لەسەر گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لەسەر وڵاتان ئینکار و حاشا لێ بکات. بەتایبەت لە وڵاتێکی وەکوو ئێران کە لە ڕووی مێژووییەوە، هۆکاری دەرکی یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکان بۆ گۆڕانکاری لەم وڵاتەدا بوون و خودی هاتنەسەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییش لە نموونە بەرچاوەکانی ئەم ئیدیعایەن. بەڵام ئەوەی لەم چەند ساڵەدا بەسەر بیر و زەین و نەخشەڕێگای خەڵک و ئۆپۆزیسیۆندا بۆ چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژیم و لە کۆتاییدا ڕووخانی ئەم ڕێژیمەدا زاڵە، لە جۆرێکی دیکەیە و پڕ مەترسیداریشە. مەترسیدارە بەو مانایە کە پەرەسەندنی ئەم تێڕوانینە کۆمەڵگە لە جووڵە و چالاکیی سیاسیی دوور دەخاتەوە و تووشی جۆرێک لە چاوەڕوانی و پاسیڤ‌بوونی دەکات.

بۆیە لەم پێوەندییەدا پێش هەموو شتێک پێویستە کۆمەڵگە ئەو پەیامە وەربگرێت کە؛ ئەوەی قەرارە ڕوو بدات و ببێتە مایەی گۆڕانکارییەکی دڵخوازی زۆربەی خەڵکی ئەم وڵاتە، هەر دەبێ لەنێوخۆی وڵات و لەسەر ئەساسی هێز و هەڵوێست و داخوازییەکانی خەڵک بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بێت. بۆ ئەم مەبەستە پێش هەموو شتێک پێویستە باوەڕ بەوە بێنین کە کێشە و ناکۆکیی وڵاتان لەگەڵ یەکتر لەسەر ماف و ئازادییە سەرکوتکراوەکانی گەلان نیە و پاراستن و دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیانیان مەبەستە. جا کەوایە پێویستە ڕوانین و هێز و هەڵوێستمان ڕووی لە نێوخۆی وڵات بێت و لە مەیدانی ڕاستەقینەی خۆیدا ڕووبەڕووی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ببینەوە.

بۆ ئەم مەبەستە کارکردن لەسەر هۆکاری سەرەکیی مانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە نەبوونی ئاڵترناتیڤێکی بەهێزی وڵامدەرە، ئەرکی خەڵک و هێزە سیاسییە شوێندانەرەکانی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات و کۆمەڵگەی مەدەنییە کە بۆ ئەم پرسە ڕوانین و هێزیان بۆ نێوخۆی وڵات بخەنە گەڕ و لەو مەیدانەدا بیر لە پێکەوەبوون و چێ‌کردنی ئاڵترناتیڤ بکەنەوە.

لەم پێوەندییەدا بزووتنەوەی کوردستان بە خەڵک و هێزە سیاسییەکانیەوە چەند هەنگاوێک لە پێش ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێرانەوەن. قەوارە و بەستێنی بزووتنەوەی ژینا و پەیامەکانی و هەروەها پێگەی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان لە دڵی کۆمەڵانی خەڵک‌دا سەلمێنەری ئەم ئیدیعایەن کە گۆڕەپانی سەرەکیی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و سیاسەتە دژی‌گەلییەکانی، هەر نێوخۆی وڵاتە.

بۆ ئەم مەبەستە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە هەمیشە هێز و وزەی خۆی لە خەڵک و مەیدانداری لە شەقامەکانی کوردستان وەرگرتوە، هەوڵی ئەوەیە بە ڕوانینێکی نێوخۆییانەوە درێژە بە خەباتی هەمەلایەنە و فرەڕەهەندی خۆی بدات و هەموو هێزی خۆی بۆ بەهێزکردنی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان لەنێوخۆ تەرخان بکات. هەر لەم پێناوەش وێڕای پاراستنی پێوەندی و دۆستایەتیی خۆی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی دێموکرات و پێشکەوتنخوازی ئێرانی و نەتەوەکان لە دەرەوەی وڵات، کار لەسەر بەرینکردنەوەی پێوەندیی نێوان کۆمەڵگەی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵگەکانی دیکەی ئێران، کەسایەتی و هێز و لایەنەکانە سیاسی و مەدەنییەکانی لە نێوخۆی وڵات‌ دەکات.