کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات ڕوو بە خەڵکی بەشەرەفی کوردستان

13:03 - 29 رێبەندان 2724

ڕاگەیەندراوی ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات ڕوو بە خەڵکی بەشەرەفی کوردستان

 

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی ئێران، لە درێژەی سیاسەتە چەپەڵەکانی دژ بە خەڵکی کوردستان و لە ڕێگەی دەزگا ئەمنیەتییەکانی وەک ئیتلاعات و بە مەبەستی بێڕێزیکردن بە خەڵکی کوردستان دەستی داوەتە سازکردنی هەندێک پەیج و کاناڵی تێلێگرامی و بەلێشاو وێنەی کوڕان و کچانی شاری سەقزی تێدا بڵاو کردووەتەوە و وێڕای هەڵبەستنی بوختان و قسەی نەشیاو، هەوڵی لێکترازاندنی شیرازەی بنەماڵەکان و سازکردنی قڕە و بشێوی داوە.

ئەم هەوڵە کە ڕوونە ئامانج لێی درووست کردنی درز لە نێوان خەڵکی کوردستان و هەوڵدان بۆ خەوشدارکردنی کەسایەتیی تاکی کورد و لێک‌بڵاوکردنەوەی شیرازەی نێو بنەماڵەکانە، جیا لە ژوورە نهێنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات هیچ کەسێکی دیکە لێی بەرپرسیار نییە بۆیە پێویست دەکات لەقاو بدرێت و خەڵکی کوردستان وەک هەمیشە وشیارانە بەرهەڵستی ببنەوە.

بەپێی زانیارییەکانی بەردەست پاش بەدواداچوونی هەندێک لە چالاکانی مەدەنی ئەم شارە لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی ڕێژیم ڕاگەیەندراوە کە ئەو کارانە لەلایەن حیزبە سیاسییەکانەوە ئەنجام دراون و لە دەرەوەی وڵاتەوە ڕێک خراون کە خەڵکی کوردستان باشتر لە هەر کەسێک دەزانن ئەمە نەتەنیا ڕاست نییە بەڵکوو مایەی گاڵتەجاڕییە و هیچی تر.

لێرەوە بە ئاگاداری ڕای گشتی دەگەیەنین کە ئەم جۆرە هەوڵانەی کۆماری ئیسلامی پێشتریش بەرچاو کەوتووە و لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵیشدا ڕێژیم هەوڵی لەم چەشنەی لە چەند شاری دیکەی کوردستان دا کە لەوێشدا سەری وە بەرد کەوت.

لەم پێوەندییەدا خەڵکی کوردستان هەمیشە بە وشیاریی خۆیان پیلانە دزێوەکانی ڕێژیمیان پووچەڵ کردۆتەوە و بە یەکڕیزی و تەبایی، پشت و پشتیوانی یەکتر بوون و نەیانهێشتووە پیلانەکانی سەر بگرن.

بەدڵنیاییەوە بەشێک لەم هەوڵە نەزۆکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کەسایەتیی ژنان و کچانی کورد کە بەتایبەت لەم ساڵانەدا دەورێکی بەرچاویان لە بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستان هەبووە خەوشدار بکەن؛ بۆیە ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای ئاگادارکردنەوەی سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەم پیلانەی ڕێژیم و سەرکۆنەکردنی تەواوی ئەو کانال و پەیجانەی هەوڵی خەوشدارکردنی کەسایەتیی ژنان و کچانی نیشتمانەکەمان دەدەن، ڕادەگەیەنێ کە هەر کەسێک هاوکاریی ئەو جۆرە کاناڵ و پەیجە دزێوانە بکات، وەک بەشێک لەم پیلانگێڕییە سەیری دەکرێ و خەڵکی کوردستان لێیان خۆش نابن.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی تەشکیلات

٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٣